Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر محەممەد ئەمین ئەحمەدی

نەمر “مەحەممەد ئەمین ئەحمەدی”، ناوی دایک فاتمە حوسێنی و ناوی باوک مەلاڕەحمان ئەحمەدی. ساڵی ١٣٤٤ لە شاری مەهاباد لەدایک بوە. خوێندنی لە مەهاباد دەست پێ‌کردوە و کاتی گیرانی کە تەمەنی ١٧ دەبوو و نەدەبوو، خوێندکاری پۆلی سێی دەبیرستان بووە لە مەهاباد.  ئەو نەمرە کوڕیکی ڕوح سووک و لەبەردەڵان بوو، لەناو خزم و دەر و جیران‌دا کەسێکی یەکجار زۆر جێگای متمانە و مرۆڤ دۆست دەناسرا و ڕێزی لێ‌دەگیرا.

نەمر مەحەممەد ئەمین بەیانێکی زوو کاتژمێر چواری بەیانی لە ماڵی خۆیان‌دا گیرا. ئەو گیانبەختە بەر لە لەسێدارەدانی لەزیندانی مەهاباد بوو و لەو ماوەیەدا نزیکەی دوو جار بنەماڵەکەی توانیبویان دیداری لەگەڵ بکەن. ئەوان ڕۆژی ١٢ جۆزەردان بەهۆی ڕاگەیندراوی فەرمانداری مەهاباد (حەمیدڕەزا جەلایی پوور) ئاگاداری لەسێدارەدانی ڕۆڵەکەیان دەبن. لە ناو ئەو لیستە ٥٩ لاوی مەهابادی تێدا بوو کە هەموویان لەسێدارە درابوون و نەمر محەممەد ئەمین یەک لەوان بوو.

شێاوی باسە کە بە پێی ئەو دەنگۆیانەی کە هەبوو، نەمر مەحەممەد ئەمین دوو مانگ بەر لەسێدارە درانی بۆ زیندانی تەورێز ڕاگوێزرابوو و هەر لەو شارەش  بە تاوانی ئەندامبوون لە “کۆمەڵە” لەسێدارە درا و گڵکۆکەشی بەپێی راگەیندراوی فەرمی گۆڕستانی (وادی رحمت)ی تەورێز لە بلۆکی ٣، ڕەدیفی ١٥، گۆڕی ١٦یە.

کاتی خۆی باوکم لە دایکی نەمر محەممەد ئەمینی پرسی کە:

دەبێتە خوشکی خۆی، ئاخۆ دەو گۆڕە دا کە پێیان نیشان داون، دڵنیان کە تەرمی حەمەدەمینی تێدایە؟ ئەو لە وەڵامدا فەرمووبووی کە:

بەڵێ بە چەرمەسەرییەکی زۆر، بە پارە و ڕیشوە، کابرای گۆڕستانەکەمان ڕازی کرد تا ئیزن بدات گۆڕەکە بدەینەوە. کە بستێک تا دوو بستان گڵەکەمان لادا، تەرمێک کە لە نایلۆنێکیدا بوو وەدیار کەوت. کاتێک کە نایلۆنەکەمان دڕی دیتمان کە حەمەدەمینە. جوان پشکنیمان بەڵام هیچ شوێنی فیشەک بە جەستەیەوە دیار نەبوو.

نووسەری ئەو ژیاننامەیە: شاهۆ حوسەینی