گیانفیدا سەیفوڵڵا فەیزی، تازەلاو، خەڵکی شاری بۆکان، لە ڕێکەوتی شەشی مانگی خەرمانانی ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی وێڕای نۆزدە کەس کە هەموو لە تەمەنی تازەلاوی و جحێڵی هەروەها لە چینی ڕووناکبیری شاری سەقز بوون، (کە بەشێک لەوان کادری هێزی نیزامی بوون و لە هاوکاری کردنی بۆ سەرکوت و کوشتاری گەلی کورد خۆیان پاراستبوو) لە سەر بڕیار و بە فەرمانی خەلخاڵی خوێنڕێژ ئێعدام کرا.
یادی هەرمان بێت.
بەشێک لە چۆنیەتی ڕووداوەکە کە لە ناوەندی بەڵگە کۆ کراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران بڵاو بۆتەوە:
سەیفوڵلا فەیزی ئەو گەنجە پانزدە ساڵانە بوو کە لە شاری بۆکان لە نزیک سەقز لە نێوان شەڕ و بەرگری جەنگاوەرانی هێزی کوردستانی لەگەڵ هێزی نیزامی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کرابوو.
گەوهەر فەیزی خوشکی گیانبەختبوو لە بیرەوری ئەو ڕووداوەدا دەڵێت: براکەی وەک زۆر گەنج و تازەلاوی کوردستان بۆ هاوکاری کردنی جەنگاوەرانی کوردستان کە بەرگریان لە هێرشی هێزی نیزامی ڕێژیمی بۆ کوردستان دەکرد هاوکاری دەکرد و خواردەمەنی و پێداویستی پێ دەگەیاندن. ئاگاداریان کردبووە کە کاتێک براکەی لەگەڵ پۆلێکی بیست/سی کەسی خەریکی هەناردە کردنی خواردەمەنی بۆ جەنگاوەران بوون، کۆپتێڕێکی نیزامی لە سەر وان سووراوەتەوە و بە قولاب و تەنافێک کە تێی دەهالێنن بەدوای خۆیان نزیک دە مایل لە سەر ئەو شۆێنە پڕ لە بەرد و دڕک و ناهەموارە دا ڕایدەکێشن تا لە شۆێنی سەرەکی شەر دوور ببنەوە و تا دەگەن به سەربازگەی سەقەز ، ئەو ڕێگایەی کە بە دوای خۆیان ڕادەکێشا پڕ بوو لە گاشە بەرد و بەو هۆیە و لەو ڕێگایه دا باسکی سەیفوڵلا دەشکێ .
لە سەربازگەی سەقز بە هۆی نەبوونی کەلوپەلی پێویستی پزیشکی و دەرمانی ناوبراویان بۆ شاری سنە گۆاستەوە، لە نێوان گەیشتن بۆ سنە ، پاسدارێک هەرەشە دەکات کە سەیفوڵلا لە کۆپتێرەوە بخاتە خوارەوە کە فڕۆکەوانەکە بە توندی لە پاسدارەکە تووڕە دەبێت و ناهێڵێ کە ئەو کردەوە دزێوە لە لایان پاسدارەکە ڕوو بدات . بە هەر جۆرێک فەیزی دەگەینێته نەخۆشخانەی شاری سنە و لەوێش چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێ و پاشان دەیگۆازنەوە بۆ سەقز .
گەوهەر فەیزی هەر وەها دەڵێت: کە چەند ڕۆژ پاش هاتنەوەی براکەی بۆ سەقز لێپرسینەوەی لێ دەکەن .
خەلخاڵی کاتێک بوو بە قازی شەرعی ڕێژیمی ئێران هاتە سەقز، سەیفوڵلایان برد بۆ لای خەلخاڵی بێ ئەوەی کە مەحکمەێک پێک بێنن یا پرسیاری چۆنێتی دەستبەسەرکردنی لێ بپرسن یا دۆخی سڵامەتی و ڕوحیی ئەو بزانێ، پرسیاری لێ کرد کە:
- چ کارەی؟ سەیفوڵلا وڵامی داوە کە:
- – من هاوکاریی خەڵک دەکەم و خواردەمەنی و کەلوپەلی پێویستی دەرمانی لە ناو خەڵک بڵاو دەکەمەوە و یارمەتییان دەدەم. ئەوجار پرسیاری لێ دەکات کە:
- – ڕێبەرەکەی کێیە؟ سەیفوڵلا وڵام دەداتەوە:
- – ڕێبەری من دوکتور قاسملوویە، پاشان خەلخاڵی کە دارێکی باریکی لە دەست دا بوو ڕوو لە سەیفوڵلا دەکات و پێی دەڵێت کەوابوو لەو لاوە ڕاوەستە، کۆی پرسیارەکان هەر ئەوە بوو کە لە سەیفوڵلایان پرسی .
به بنەماڵەی فەیزیان ڕاگەیاند بۆ چاوپێکەوتن لە گەڵ سەیفوڵلا بچن بۆ لای، ئەوانیش جل و بەرگی پاک و خاوێن و خواردەمەنیان تێکەوەرپێچا و ڕێکەوتن بۆ سەقز، گەوهەر بیری دێتەوە و دەڵێت کە لە ڕێگا چاوی بە ئەژمارێک ژن کەوت کە چاڕشێوی ڕەشییان پێوە بوو کە نزیک سەقز بوونەوە نزیک سێ سەد تا چوارسەد ژن و پیاوی دیت کە لە شەقام ڕێپێوان دەکەن. شۆفیری ئوتوبووسکە کە ئەو خەڵکەی ئاوا بینی ڕایگرت و پرسیاری لێ کردن کە ئاخۆ ئیزنی هەیە بچە بۆ ناو شار؟ وڵامیان داوە دەتوانێ، بەڵام شار لە ژێر کۆنترۆلی نیزامی ڕێژیمە و باش وایە کە لە جاددە سەرەکێکان خۆ دوور کەنەوە.
کاتێک مسافیرەکان هۆکاریان پرسی وڵامیان پێ دانەوە کە ئەو ڕۆژە نزیک بیست کەسی ئیعدام کراون، لە نێو ئەو کەسانە تەنانەت تازەلاوێک کە ئێستا تەمەنی نەگەیشتووتە شازدە ساڵان دا هەیە. ئەوان هەروەتر گووتیان کە گرووپێک ئێستا ئیعدام نەکراون.
گەوەهەر هەستی بە دڵەڕاوکێ دەکرد و دڵنیایی بە خۆی دەدات کە ئەو تازەلاوە شازدە ساڵانە سەیفوڵلا نەبێت، کاتێک کە گەیشتن، خۆی، دایک و خوشکەکانی و پۆلێک کە زیاتر ژن بوون بە پێ ڕوویشتن بۆ لای سەربازگەی سەقز کە سەیفوڵلا لەوی دەس بەسەر کرابوو. کە نزیک بوونەوە لە سەربازگەوە تەقەیان لێ کردن. ژنەکان خۆیان حەشار دا تا بەر گوللەی ئەوان نەکەون. هەر لە سەربازگەوەی بە بڵینگۆ داوایان لێ کردن کە هەر لە جێ خۆیان بمێنەوە و نەچنە پێشتر ئەگینا، پەلاماریان دەدەن. لەپاشان هۆکاری هاتنیان لێ پرسین. وڵامیان داوە کە ئەندامانی بنەماڵەی دەستبەسەر کراوانن و هاتوون بۆ چاوپێکەوتنی دەستبەسەر کراوان. ئەو سەربازە هەر بە بڵینگۆ پی گووتن کە بچن بۆ مزگەوتی ناوەندی شار و هەموو زیندانیکان ئازاد کراون و لە مزگەوت چاوەڕوانی بنەماڵەکانیان دەکەن .
بنەماڵەی فەیزی بە دڵەڕاوکە و پەرێشانی ڕێ کەوتن بۆ لای مزگەوت. مزگەوت پڕ بوو لە حەشیمەت بەڵام لەوێ پێیان وتن کە خەڵکیان ئیعدام کردووە و دەبێت بۆ ناساندنی تەرمەکان یارمەتییان بدەن ،گەوهەر کۆی ئەو جەنازانەی دیت کە لە سەر یەک داندرابوون ، سەهۆلیان لە سەر دانابوون خەڵکێکی زۆر بە گریان و ڕۆڕۆ کردن دەوری تەرمەکانیان دابوو و هەر کەس لە کەس و ئەندامانی بنەماڵەی خۆیان دەگەران تا بەڵکوو بیاندۆزنەوە.
گەوهەر بیری دێتەوە کە :
لە لایەک من زۆر ترسابووم و دڵەڕاوکێم هەبوو و لە لایەک بێ ئەوەی کە خۆم هەست بکەم کێشرام بۆ لای تەرمەکان، من و سەیفوڵلا یەکجار لەگەڵ یەک نزیک بووین و زۆر کات بە یەکەوە بووین و زۆر جار لە قوتابخانە ڕا دەستی منی دەگرت و بۆ ماڵەوەی دەبردمەوە و دەستەکانی لە سەر شانی من دادەنا هەر بۆیەش دەست و قامکەکانی بۆ من زۆر ناسراو بوو ، کاتێک چاوم بە تەرمی سەیفوڵلا کەوت کە چەند تەرمی دی لە دەور و پشتی ئەو کەوتبوو ، ناسیمەوە. دەستەکانیم ماچ کرد. تەواوی سینگی کونکون کرابوو. دە بۆ بیست گوللەی لە سەر سینگی کەوتبوو، تەنانەت جێ تەنافیشی لە ملی دیار بوو باسکیشی هەر گێچی پێەوە بوو ، هاوارم کرد بە دەنگی بەرز کە ئەوە برای منە .