Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر موهەندیس کەماڵەدین ڕەحیمیان کوردستانی

هەڵسوکەوتی ئەو لە بەندیخانە وانەی زۆر بەنرخی فێری باقیی بەندکراوەکانی تر کرد، تا ئەو ڕادەیەی کە دوژمنیش ڕێز و حووڕمەتیان بۆ کەسایەتی بەرزی ئەو دادەنا

نەمر موهەندیس کەماڵەدین ڕەحیمیان کوردستانی

“کەماڵەدین ڕەحیمیان کوردستانی” کە لەناو خەڵکدا هەر بە “کەماڵ ڕەحیمیان” دەناسرا، له ساڵی ١٣٢٤ له شاری سنە له دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سنە تەواو کردووە. کەمال ڕەحیمیان یەکەم ئەندازیاری کورد بوو کە لە زانکۆی تاران بڕوانامەکەی وەرگرت.  ئەو بە پیشەی ئەندازیاری خۆی، هەوڵی دا کاریگەری لەسەر بیناسازی شاری سنە دابنێ.  ئەو کەسێکی دەوڵەمەند و ساماندار بوو، لە هەمانکاتدا چاوانی ئەو هەژارەکانی کۆمەڵگای خۆی دەدیت و خەمی لێدەخواردن.

لە سەردەمی ڕژێمی پەهلەویدا شارەوانی داوای لە خەڵکی پەراوێزخراوی شارەکان کرد کە بە ئیمزای فەرمی ئەندازیارێک 10 ، 15 میتر نەخشەی بیناسازی دروست بکەن. ئەمە پارەیەکی زۆری ئەم خەڵکە هەژارەی تێدەچوو کە نەیانبوو. ئەندازیار کەمال بە خۆڕایی و بەبێ هیچ چاوەوڕوانییەک ئەم کارەی بۆ دەکردن.

ئەو دۆست و هاوڕیی نیزیکی “ساعید وەتەندوست” بووە و لە ماوەی چالاکییە نهێنییەکانی کۆمەڵەدا لە هیچ جۆرە یارمەتی و خزمەتێک کۆتایی نەدەکرد و هەموو سامانیی ژیانی بۆ دانابوو.

لە زۆربەی هەرە زۆری خۆپێشاندانەکان و مانگرتنەکانی ناو شاری سنەدا، هیچ کە یەک لە بەڕیوبەرانی بوو، لە هەمانکاتیشدا کاری وێنەهەڵگرتن (فیلم برداری) و پلاندانانی هەموو ئەو چالاکییانە لە سەر شانی ئەو بوو. هەروەها لە ڕێپێوانەکەی نێوان مەریوان و سنە لە ساڵی ١٣٥٨ بەرپرسیارەتی کاری مێدیای بە ئەستۆوە بوو و بە درێژایی مەودای ئەو دوو شارە، بەرپرسیاری جێبەجێکردنی دەنگ، موزیک و فیلمهەڵگرتنەوەیان، نەمر موهەندیس کەماڵ ڕەحیمیان بوو.

نەمر کەماڵ ڕەحیمیان لە ساڵی ١٣٦٠ لە تاران بە تۆمەتی هاوکاری “دژە شۆڕش” دەستگیر کرا. ماڵێکی خۆشواز و جوانی لە سنە هەبوو کە زیاتر چەشنی سەرا و کۆشک دەینواند کە لە کاتی ئازاد بوونی شارەکان لە ژێر چەپۆکی داگیرکەردا، ئەو ماڵە شوێنی چاوپێکەوتن، حەسانەوەی، کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرکردە و میوانە پلەدارەکانی کورد و غەوارە بوو وەک مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی. پاش گیرانی نەمر کەماڵ، بە فەرمانی سوپای پاسداران ئەو ماڵە ڕازاوەیە زەوت کرا. هەرچەندە هیچ کارێکی ڕێکخراوەیی لەگەڵ کۆمەلەدا ئەنجام نەدابوو، بەڵام تا دوا ساتەکانی ژیانی، خۆی وەک داژدار و خەمخۆری کۆمەڵە ناساندبوو و بە هەمان تاوانیش لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦١ دا لە سێدارەیان دا.

هەرچەندە هیچ کارێکی ڕێکخراوەیی لەگەڵ کۆمەلەدا ئەنجام نەدابوو، بەڵام تا دوا ساتەکانی ژیانی، خۆی وەک داژدار و خەمخۆری کۆمەڵە ناساندبوو

ئەو لە زینداندا نموونەی بەرخۆدان بووە و ورە و مۆڕاڵێکی بەهێزی هەبوو. یەکێک لە هاوزیندانییەکانی بە ناوی “مەحموود باوه‌ریز”، دەیگێڕاوە: (بەڕێز کەمال ورەی زۆری بە زیندانییەکان دا و هەر کەسێک کێشەی لەگەڵ دۆسیەکەی هەبووبا، ڕاوێژی لەگەڵ دەکرد و یارمەتی دەدا. ورەی دەدا بە هەموومان و هانی دەداین بۆ خۆڕاگری و بەرەنگاری. ئەو ڕابەرایەتی ئەو مانگرتن و ناڕەزایەتییەی کرد کە لە دژی توندوتیژی دژ بە زیندانیان کرا و پێموایە ئەم چالاکییە لە سێدارەدانەکەی خێراتر کرد. ئەو نموونەی پیاوێکی کۆمۆنیست بوو کە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەیدا بە چاو دەماندیت. هەڵسوکەوتی ئەو لە بەندیخانە وانەی زۆر بەنرخی فێری باقیی بەندکراوەکانی تر کرد، تا ئەو ڕادەیەی کە دوژمنیش ڕێز و حووڕمەتیان بۆ کەسایەتی بەرزی ئەو دادەنا.)

پێدرام، کە 19 ساڵ تەمەنی بوو و تاقە کوڕی کەمال ڕەحیمیان بوو، دوای ئەوەی باوکیان لە سێدارە دا،  لە سەر پێشنیاری سوپای پاسداران، بردیان بۆ ماڵی باوکیی و بەو بەڵێنەی کە ماڵەکەیان دەدەنەوە. ئەو پاسدارە نامرۆڤانە لەجیاتی بەڵێنی خۆیان بەرنە سەر، ئەو شوێنەی کە باویان لێ ئێعدام کردووە پێشانی پێدڕام دەدەن. ئەو لاوە 19 ساڵانەیە بەرگەی ئەو زەبرە ڕوحیی و دەروونییەی نەگرت و بە هۆی جەڵتەوە هەمان شەو گیانی لە دەست دا و بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی تاوانێکی دیکەی بە ناوی خۆی تۆمار کرد.  هەروەها هاوسەرەکەی چەند ساڵێک دوای مردنی کوڕەکەی گیانی لەدەستدا. (له چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ساعید وەتەندۆست لەبارەی نەمر کەمال ڕەحیمیان وەرگیراوە)

کتێبی: شقایقها بر سنگلاخ
نووسەر: گوڵڕووخ قوبادی

Gole-Qobqdi1