Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمر نەرمین کەریمی

دوای چەند ڕۆژ دایک و خۆشکی کە دەچنە بەر قاپی بەندیخانەکە حەرەسێکی بە ساڵاچوو دەڵێ: “مادر، نرمین ئازاد شد” دایک و خوشکی قوشقی دەبن و دەپرسن کەی و بۆ کوێ چوو؟! پاسەوانەکە بە پەنجە ئێشارەی ئاسمان دەکات و دەڵێ ڕۆحی ئازاد بوو!! ئیتر دەزانن کە کوشتوویانە، دواتر نیشانی گۆڕستانێکی “کافرانیان” پێدەدەن و دەڵێن بچن بەڵکوو لەوێ سوراغی بکەن. چەند کوتە جڵ و شمەکی نەرمین لە گەڵ قوتێک شیرینی بە نیشانەی شادی لەناوچوونی کافرێک دەدەنە دایک و خوشکی!

 لە سەرەتاکانی دەیەی چلی هەتاوی لە ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٤٢ لە شاری سابڵاغ لە داوێنی دایکێکی یادگاری کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان، دوای چوار برا و خوشکێک، کورپەیەکی ورد و نەشمیلانە و بێدەنگ، چاوی هەڵێنایە سەر دنیا و پێی نایە ناو ژیانی بنەماڵەیەکی پڕ لە حەشیمەت و ئاوەدانی. بانگیان بە گوێدا خوێند، نەرمین.

نەرمین بوو  بە مناڵی شەشەم و دووهەم کچی ڕەعنا خاتوونی زەبیحی و میرزا برایمی کەریمی.

نەرمین لە هەمووان بچووکتر و ئارامتریش بوو، لە لایەن چوار برا و خوشکێک بە ناز و خۆشەویستی، لە باوەشی گەرمی دایک و بابێکی پڕ لە سۆز و دلۆڤان پێی هەڵگرت و هاتە ناو کۆڕی مناڵانی کۆڵان و مەدرەسە. لەبەرئەوەی لەبەردڵان و بێ ئازار بوو لای دەر و جیران و مامۆستا و هاوڕێیانی خۆشەویست و وەرگیراو بوو.

خوێندکارێکی لە سەرخۆ و لە خوێندن مامناوەندی بوو، کە دەگاتە تەمەنی مێرمناڵی سێ برا و خوشکەکەی بۆ خوێندن پەڕیوەی شاران بووبون و ئەو تەنیا لەگەڵ برای ساڵێک لە خۆی گەورەتر هەباس، لە ماڵەوە مابوونەوە، وەک دوو هەواڵی گیانی بە گیانی بوون و زۆر بە یەکتر دڵخۆش بوون.

هاوینان هەموو بنەماڵە لەیەک کۆ دەبوونەوە و دایکی قورساییەکی زۆری کاری ناوماڵ و شوشتن و لێنانی دەکەوتە سەرشان. بە هۆی تێکەڵاویی زۆری براکانی لە گەڵ خەڵک و میوانداریی، نەرمین تەنیا ئەندامی ماڵەکە بوو کە زۆرتر خزمەتی دایکی دەکرد لە دەفر و ئامان کۆکردنەوە و شوشتن و لێنان.

لە ساڵانی ئاخری تەمەنی حەمەڕەزا شا و شۆڕشی گەلانی ئێران، لەناو مەدرەسەکانی سابڵاخ تێکەڵی چالاکی خوێندکاران و ئەنجومەن و شوڕاکان بوو.

شۆڕشی ئێران، نەرمین و زۆر لاوی دیکەی ئەو سەردەمی بەر لافاوی خۆیدا و زۆربەیان کەوتنە بەر خوێندنەوەی کتێبگەلی سیاسی و چەپ و مارکسیستی.

نەرمین بە ڕێبازی سێ لە براکانی بەرەو کۆمەڵە هات و بوو بە کادرێکی خۆبەخش و پڕ لە حەماس و جوڵە. دواتر لە هێرشی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و چوونی برایەکی بۆ پێشمەرگایەتی و هەباسی برای وەک هەڵسوراوی ڕێکخستنەکانی ناوشار، بە یەکجارەکی دەستیدایە خەبات بۆ کۆمەڵە.

لە ‌هێرشی دووهەم بۆ سەرکوردستان و دوای دەورانی موزاکراتی دەستەی نوێنەرانی کورد  و حکومەتی تاران، نەرمین و چەند لە کچانی سابڵاغ کە زۆرتر ناسراو بوون و خەتەری گیرانیان لەسەر بوو، لە گەڵ پێشمەرگەکان ڕوویان لە شاخ کرد و لە مقەڕەکانی کۆمەڵە لە دەرەوەی شار مژوڵ کران بە کاری ناوخەڵک و ڕۆشنگەری لەناو ژنانی لادێکان.

نەرمین لەوێش، لەناو خەڵک و پێشمەرگە کچێکی مێهرەبان و یارمەتیدەری ژنانی گوندەکان بوو.

نەرمین و چەند لە کچەکانی ناوچەی مەهابادی کۆمەڵە، بە نەهێنی چوونەوە ناوشار و دەستیان بە کاری ڕێکخراوەیی ژێرزەمینی کرد.

لەچاڵاکێکی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ناوشاری مەهاباد، نەرمین لە ماڵی خۆیان کە بریندار و شەهیدی پێشمەرگەکان دەبینێت خۆی بۆ ڕاناوەستی و پانتۆلی لێ هەڵدەکێشێت و دەچێتە ناو کۆڵان و پێشمەرگەکان، لە دەرمان و گەیاندنی پێداویستی نان و ئاو تەواو خۆی هیلاک دەکات و تەنانەت دایکی دەگێرێتەوە؛ ئێوارە کە شەڕ تەواو بوو و نەرمین هاتەوە ماڵ، تەواوی جل و گیانی خۆێنی شەهید و بریندارەکان بوو.

This image has an empty alt attribute; its file name is nermin-kerimi.jpg
نەمر نەرمین کەریمی

لە ١٩ی گۆڵانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بە دوای ئەم شەڕە گەورەیەی کۆمەڵە، بەیانی زوو پیکابێک لە پاسدار و ئیتلاعاتی مەهاباد خۆ بە ماڵ دادەکەن و بە زۆری و وەحشییانە نەرمین لە پێش چاوی باب و دایکی ڕاکێشی ناو ترۆمبێلەکانی خۆیان دەکەن و دیبەن، باوکی زۆر هات و هاوار دەکات و دەپاڕێتەوە کە نەیبەن، پاڵ بە سینگییەوە دەنێن و دە ژوورێی دەکەنەوە، ئەمە ئاخر جاری نەرمین دەبێ لە ماڵی دایک و بابی خۆی.

ساڵانی دەسپێکی شۆڕش لە کوردستان، شەپۆلی ئیسلامی خومەینی، هێژمۆنێکی بەرچاوی لە ناو خەڵکی لاو و فەقیر و هەژاری ناو توێژی خوارەوی خەڵکی شارە شیعەکانی ئێران بە هۆی هۆتاف و دروشمە پۆپۆلیستییەکانی سەرانی شیعە و کۆماری ئیسلامی بە تایبەت کە دەیانگوت دەچینە شەڕی کوردە کافر و بەعسییەکان وەڕێ خستبوو. زۆربەی ئەوانەی دەهاتن بۆ شەڕی کورد مناڵ و لاو و خوێندکار و بێکارەکانی بەردەم کاڕاژ و سینەماکانی تاران و مەشهەد و ئیسفهان و تەورێز و… بوون، هەرئەوەندەیان لە کورد دەزانی و لەگوێدا خوێندرابوو، کە “کورد سەر دەبڕێت”! هیچ زانیاری و ناسینێکیان لە هەڵسوراوانی ناوشاری حیزبەکان نەبوو، وەبیرم دێت لە دەسپێک، بەرامبەر پێشمەرگە وەک مەڕی گێژ دەهاتنە شەڕی ناو شار و گوندەکان. بەداخەوە لە خوارووی کوردستان و بە تایبەت سنە و سەقز ئەوەی بوو بە چاوساغیان، مەکتەبی قورئان و وئیسلامییەکانی کورد و لە موکریان و سەرووی کوردستانیش ئەوە بە پانەوە کادر و هەڵسوراوانی حیزبی تودە و چریکی فیدایی ئەکسەرییەت و تاقمی گروپی حەوت کەسی جیا بۆوە لە حیزبی دیمۆکرات بوون، کە بە هۆکاری ڕق و کینەیان لە کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکرات، شەڕی “میهەنی و دژە ئەمپریالیستی” خومەینیان کردە بیانوو و چوونە پاڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و لە هەرچی خراپە و سیخوری و بەدەستەوەدانی چالاکانی دیمۆکرات و کۆمەڵە و هاوشاری و خزمانی خۆیان، کۆتاییان نەکرد و پێ بە پێی ئیتلاعات و پاسدار، لە ڕاوەدوونانی لاوان و دژایەتیکردنی شۆڕشی بەرگری گەلی کوردستان دەستیان نەپاراست. تەنانەت زۆر بوون ئەوانەی دەچوونە شەڕی ئێران و عێراق بۆ دیفاع لە “میهەن” واتا  ئێران!

بە لێخوێندن و ڕاپۆرت لەسەر دان، نەرمین زیاتر لە حەوت مانگ لە ژێر ئەشکەنجەی زیندانەکانی مەهاباد و ورمێ، دیلی سپای پاسدارانی ئێران دەبێ. یەکدووجار بۆ شکانی ورە و کەسایەتێکەی، بە زۆری بەسواری ماشێنی پاسداران و چاوبەستراویی جەولەی ناوشاری پێدەکەن و دەیبەنە سەر ڕادیۆتەلەفزیۆنی مەهاباد. چەند جارێک ویستیان حوکمی بۆ ببرنەوە و بە لایەکی دابخەن، کەچی هەموو جارێک کەسێک ئێعترافێکی لەسەر دەکرد و تاوانەکەیان بۆ قورستر دەکرد. ئەو سەروبەندە ڕژیمی مەلاکان بە هۆی چالاکی زۆری پێشمەرگەکانی دیمۆکرات و کۆمەڵە تەواو دڕ بووبوو، تۆڵەی شەڕی پێشمەرگەکانی لە خەڵکی ناوشار و لاوانی کورد دەکردەوە، بەجارێک ٥٩ لاوی ئێعدام دەکرد و دیسان ٣٣ی دیکە و ڕۆژانەش ئی وەک نەرمین و هاوڕێکانی بە تاک تاک و دوو دوو گولەباران یان لە ژێر ئەشکەنجە شەهید دەکران.

نەرمین زیاتر لە حەوت مانگ لە ژێر ئەشکەنجەی زیندانەکانی مەهاباد و ورمێ، دیلی سپای پاسدارانی ئێران دەبێ.

هیچ بەڵگەیەکی قانوونی لە مەحکەمە و شێوەی ئێعدام یان بەشاهیدی کەس و کاری بەدەستەوە نییە، ئەوەی کە گوتراوە و لە زمانی هاوبەندییەکانی گێردراوەتەوە، دەبێ لە ڕۆژی ٢ی سەرماوەرزی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی گوڵی تەمەنیان پەڕپەڕ کردبێت، نیشانەی خوێن و ئەشکەنجە بە جلەکانییەوە هەبووە و گۆیا لە ژێر ئەشکەنجە گیانی سپاردبێت و یانیش لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە، کە لە بەند لە هاوبەندییەکانی جیایان کردووەتەوە هەر لە زیندانی ورمێ ئێعدامیان کردبێت.

لە ڕۆژی ٥ی گەڵاڕێزان لە زیندانی ورمێ خوشکی گەورەی دەیبینێت، دەگێڕێتەوە کە چووەتە ژوور دەبینێت لەسەر کورسێک دانیشتووە، حەولیداوە هەستێ کەچی ناتوانێت و حەرەسەکە بە ئیشارە خوشکی تێدەگەیەنێت کە زۆر بریندارە و داوای لێدەکات نەجوڵێت و ڕاحەت بێت. دەڵێ؛ کە باوەشم پێداگرت بە مچۆڕک و ئاهێکی ئارامی، کە لێوەی هات ئازاری برینی پشتیم هەست پێکرد و ناڵەیەکی بێدەنگی لێوەهات، حەولیدا لێم بشارێتەوە و گوتی هیچ نییە!

دوای چەند ڕۆژ دایک و خۆشکی کە دەچنە بەر قاپی بەندیخانەکە حەرەسێکی بە ساڵاچوو دەڵێ: “مادر، نرمین ئازاد شد” دایک و خوشکی قوشقی دەبن و دەپرسن کەی و بۆ کوێ چوو؟! پاسەوانەکە بە پەنجە ئێشارەی ئاسمان دەکات و دەڵێ ڕۆحی ئازاد بوو!! ئیتر دەزانن کە کوشتوویانە، دواتر نیشانی گۆڕستانێکی “کافرانیان” پێدەدەن و دەڵێن بچن بەڵکوو لەوێ سوراغی بکەن. چەند کوتە جڵ و شمەکی نەرمین لە گەڵ قوتێک شیرینی بە نیشانەی شادی لەناوچوونی کافرێک دەدەنە دایک و خوشکی!

ئێوارەیەکی درەنگ دایک و مام و چەند ئەندامی ماڵبات بە ترس و لەرزەوە، گۆڕهەڵکەنی گۆرستان ڕازی دەکەن و قەبرێکیان پێ نیشان دەدات. دایکی دەگێڕێتەوە؛ بوومەڵێل بووبوو کابرای گوڕستان زۆر دەترسا لە گەشتی پاسداران و هەر لە دڵەڕاوکێ دادەبێت و زۆریان پەلە لێدەکات، دایکی کۆڵ نادات و قەبرەکە بە چنگ و خاکەنازێکی بچووک هەڵدەدەنەوە، دەگەنە لاشەیەک لە ناکاو شۆقی لایتی ماشێنێک دەردەکەوێ  و لە ترسان و بە پەلە قەبرەکەیان پێ دادەپۆشێتەوە و لە گۆڕستانەکە دوور دەکەونەوە، دایکی دەڵێ تاریک بوو بە گریان و ترس لە ناو گۆڕەکە، ئەو مشەممایەم کردەوە کە تێیانەوە پێچابوو، هەستم کرد چەنگم لەناو قژی دایە! دایکی ماوەیەکی زۆر تووشی وڕێنە و فرمێسک هەڵڕشتن و چاو لە قوژبنێک بڕین و چەنگ گرژکردن بووبوو.

دایکی کە بێ ئیجازە لە تەبعید گەڕابووەوە و بابی نەرمینی لە دامغان بەجێ هێشتبوو، بە پەلە دەگەڕیتەوە بۆ دامغان و هاوڕێ لە گەڵ دایک و بابەکانی پێشمەرگە، کە ئەوانیش تەبعید کرابوون، زۆر بە نەهێنی و لە ناوخۆدا سەرەخۆشی و شین بۆ نەرمین دەگێڕن.

ئەوەی کە دیارە وەسیەتنامەیەکی لەپاش بەجێ ماوە کە مێژووی ٢ی گەڵاڕێزانی هەمان ساڵی بە خەتی خۆی لەبن نووسراوە!

دوای چل ساڵ ئێستاش نازانرێت نەرمین و سەدانی تر بە چ تاوانێک و لەکام مەحکەمەی مڕۆڤایەتی دادگایی کران و بۆچی کوژران؟!

کۆماری ئیسلامی هەرگیز گوێی بە ناڵە و هاواری دایکە شەهید نەدا و ڕۆژانە بە درێژایی ئەم ساڵانە لە کوشت و بڕ و قەلاچۆکردنی گەلی کوردستان دەستی نەپاراستووە و دژایەتی خۆی بەرامبەر نەتەوەی کورد بە هەموو زمانێکی ئاگر و ئاسن دەربڕیوە و دەستی نەپاراستووە لە تواندنەوە و سەرکوتی لاوان و تەنانەت خەڵکی سادەی شار و لادێ.

یادی نەرمین و هاوڕێکانی و هەموو ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئاخوندەکان، بۆ هەمیشە زیندوو بێت و لە ڕۆژی ڕزگاری کوردستان نابێ هەرگیز ئەم ڕۆڵانەی دایکی نیشتمان فەرامۆش بکرێن و دەبێ وەک گیانفیدا و سەربازی خۆبەخش و قارەمان، یادیان بەرز ڕابگیرێت و مدالیای وەفای دایکی نیشتمانیان پێشکەش کرێت!  2021-04-01

نووسینی: کاک عەلی کەریمی
برای نەمر نەرمین کەریمی