Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمران عەزیز و ئیبڕاهیم سابوونچی

زیندوویاد کاک مستەفای سابوونچی، باوکی نەمران عەزیز و ئیبڕاهیم، کەسێکی خاوەن ڕێز، هێژا، کاسبکار و زەحمەتکێشی مەهاباد بوون. لە ناو کۆمەڵانی خەڵک خۆشەویست و بە مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و جێی مەتمانە دەناسرا. 

بەرهەمی ژیانی کاک مستەفا و دایە خەجیج دوو کوڕ بە ناوەکانی (برایم و عەزیز) و حەوت کچ بوو. عەزیز و برایم لە باوەشی گەرمی بنەماڵەکەیاندا گەورە بوون و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندییان هەر لە مەهاباد دڕێژە پێدا. نەمر عەزیز کە لەدایکبووی ١٠/١١/١٣٣٩ بوو، بۆ درێژەپێدان بەخوێندن ڕوودەکاتە تەورێز و لەو شارە دیپلوم وەردەگرێت.

دایکی نەمران عەزیز و ئەبڕاهیم سابوونچی

ئەو سەردەمە هاوکات دەبێ دەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سیاسی لە ئێران و سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی پەهلەوی. بۆیە ناتوانێ بۆ زانکۆ بەشداری بکات و دەگەڕێتەوە مەهاباد تا لەو قۆناغە هەستیارەدا دەگەڵ بنەماڵەکەی بێت. نەمر بڕایمیش کە لە دایکبووی ١/٨/١٣٤٣ بوو و چوار ساڵ لە نەمر عەزیز بچووکتر بوو، تا پۆلی سێی ناوەندی هەر لە مەهاباد دەخوێنێ و هاوکات لەگەڵ باوکی خەریکی کار و کاسپی دەبێت.  نەمر عەزیزیش لە دوای وەرگرتنی دیپڵوم دەگەڕیتەوە شاری مەهاباد و دەبێتە یارمەتێدەری باوکی. 

ئەو دوو لاوە بە ئاوات نەگەیشتووە کەسانیکی زۆر لە سەرەخۆ و هێدی و هێمن بوون. جگە لە خزمەت بە ناسیاو و خەڵکی گەڕەک و بنەماڵەی خۆیان، کەس چیتریان لێ نەدیتن. لەو ساڵانەدا کە چالاکی سیاسی لە مەهاباد و ئێران شەپۆلی دەدا، ئەو دوو برایە بێلایەن مانەوە و نەبوون بە ئەندامی هیچ یەک لە ئەحزاب و سازمانە سیاسییەکان و سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون.

بەداخەوە لەسەر دانپێدانانی سێ کەس لە هاوڕێ و دۆستەکانیان[1] لە ناو زیندان و لە ژێر ئەشکەنجە، ناوی ئەو دوو برایە دەبرێ و لە رێکەوتی 1360/8/11  پاسدار و خۆفرۆشان لێیان وەژووری ماڵێ دەکەون و هەردووک برای بێتاوان دەگرن و دەیانبەن بۆ پادگانی سپای مەهاباد کە خانەی جەوانانی قەدیم بوو. لەو ماوەیەدا بنەماڵەکەیان تەنیا یەکجار ئەویش بۆ دوایینجار، تەنیا بۆ چەند چرکەیەک لە حەوشەی ئەو پادگانە بە جیا چاویان بە عەزیز و بە ئیبراهیم دەکەوێ کە بە ئاشکرا شوێنەوار و ئاسەواری ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەیان لە ڕوواڵەتدا لێ دیار بوو. 

ڕۆژێک کە کاک مستەفای باوکیان هەندێک جل و بەرگ و خواردەمەنییان بۆ دەباتە زیندانی مەهاباد، پێی ڕادەگەیێنن کە ئیبراهیمی کوڕت هاوڕێ دەگەڵ ١٢ کەسی تر لێرە نەماون و بردوویانن بۆ ورمێ کە ناوەکانیان بۆ دەخوێننەوە. ئیتر کاک مستەفا بە شوێنیاندا دەگەڕێ تا سۆراغیان لە ساردخانەی نەخۆشخانەیەکی ورمێ دەدۆزێتەوە و پێی دەڵێن کە ماشێنێکی خاوەر تەرمەکانی بردۆتەوە گۆڕستانی مەهاباد. هەر واش بوو خاوەرەکە هاتبوو بۆ مەهاباد و تەرمەکانی لە گۆڕستانی مەهاباد هەڵڕشتبوو، ڕێک لەو شوێنەی کە ئێستا گڵکۆی ناودارانی کوردن. ئیتر بنەماڵەکان ڕوو دەکەنە گۆڕستانی مەهاباد و هەرکەسە تەرمی کوڕی خۆی هەڵدەگرێتەوە و بە خاکی پیرۆزی کوردستانی دەسپێرن. دایکە خەجیج لەو کاتەدا دووگیان دەبێ کە هەواڵی تیرەبارانکردنی کوڕەکەی دەبیسێت، بەداخەوە حاڵی تێکچوو و گیانی خۆی و منداڵەکەی لە مەترسیدا بوو کە بەردەوام لەژێر چاوەدێری پزیشکدا مایەوە.

بەو شێوەیە نەمر ئیبراهیمی سابونچی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا و لە ڕێکەوتی ٢٥/٠٩/١٣٦٠ لەگەڵ پۆلێکی تر لە نەمران تیرەباران دەکرێ کە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتی سێشەممۆ هەوەڵی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٠ (٠١/١٠/١٣٦٠) ناوی ئەو پۆلە نەمرە ئاوا دەنووسێ:

نەمران عەزیز و ئیبڕاهیم سابوونچی
  1. ڕەزا نەواخاه کوڕی ڕەشید
  2. عەبدولڕەحمان پەناهەندە کوڕی عەزیز
  3. ئیبراهیم سابونچی کوڕی مستەفا
  4. عەلی قادرزادە کوڕی عەبدوڵا
  5. خوسرەو ساڵحزادە کوڕی حەسەن
  6. یۆنس مهاجیری کوڕی فەتاح
  7. حوسێن مەحمودی ئەقدەم کوڕی ئیبراهیم
  8. مستەفا ئیسمائیلزادە کوڕی وەهاب
  9. محەممەد قەسیم سەوجەیی کوڕی عەلی
  10. کەریم ئیسلامی کوڕی محەممەد ئەمین 
  11. خەلیل بلوری کوڕی مستەفا
  12. محەممەد کەریمی کوڕی عەزیز
  13. ئەبووبەکر ڕەحیمی کوری محەممەد. 

بە پێی ئەو ڕێکەوتەی کە نەمر ئیبراهیم لە وەسیەتنامەکەی نووسیویەتی وا دەردەکەوێ کە هەمان ڕۆژ تیربارانیان کردوون. نەمر ئیبراهیم لە وەسیەتنامەکەیدا ئاوا دەنووسێت:

بەناوی خوای دەهەندە و دلۆڤان

سڵاوێکی گەرم و بەتینتان لە دواساتەکانی ژیانم پێشکەش دەکەم. دەزانم کە لە منداڵییەوە تا دەگاتە ئەو سات و کاتە، زۆرم ئەزیەت داون، بەخێوتان کردم، گەورەتان کردم و ڕەنجتان دەگەڵ کێشام، بەڵام نەمتوانی بۆتان قەرەبۆ کەمەوە، هیوادرام بە گەورەیی خۆتان بمبوورن.

دەستنووسی نەمر ئیبڕاهیم سابوونچی

بابە گیان تکایە ماشێنەکە بدەوە بە محەممەدی عەلیزادە. دایە گیان من بیست هەزار تمەن بە تۆ قەرزدارم و بەداخەوە نەمتوانی بیدەمەوە خزمەتت، تکایە بە گەورەیی خۆت بمبوورە. تکایە مەچنە لای کاک سمایل تا لێی بپرسن کە برایم چەندەت پێ قەرزدارە، کەل‌وپەلەکەی هەموو بدەنەوە.

خوشکی خۆشەویستم “دولبەر” گیان، هیوادرام کە گەردنم ئازا کەی چوون زۆرت زەحمەت بۆ من کێشاوە. تکا لە گشت خزمان و دۆستان بکەن کە گەردنم ئازا بکەن. هەروەک دەزانن من بێتاوان و بێگوناحم و بێگوناحیش بەروە مەرگ دەڕۆم، بەڵام ٤ تا ٥  کەس لە دژە شۆڕشەکان لە ترسی گیانی خۆیان و بۆ ئەوەی گیانی خۆیان ڕزگار کەن، بە کۆ دژی من قسەیان کردووە.

سەرباقی ئەوەش من شوکرانەبژێرم چوون، ئەوە ویستی خوای گەورە بووە و کەس ناتوانێ قسە لەسەر ویستی خوای مەزن بکات. هیوادەخوازم ئێوە ئەندامانی بنەماڵەم گەردنم ئازا کەن.ئیتر قسەیەکم نییە. هەمووتان بە خودای مەزن دەسپێرم و لە خوداش دەپاڕێمەوە کە برا چکۆلەکەشمان لە بەند ڕزگار بکات.

خوداتان دەگەڵ

واژۆ، ئیبراهیم سابونچی

٢٥/٠٩/٦٠

هەروەها تکاتان لێدەکەم کە گشت وێنە و نامەکانی دۆستە کچەکەم بدەنەوە بە خۆی و پێی بڵێن کە گەردنم ئازا بکات.

بگاتە دەستی بنەماڵەی بەڕێزم

باوکم مستەفا سابونچی

ئێستا ناسۆری قووڵی لەدەستدانی ئیبراهیم لە دڵی هەموو بنەماڵەی سابوونچی تازە بوو و سەرەخۆشیکەر هەر سەردەنای ماڵیانی دەکرد کە بەداخەوە شەوی ٧/١٠/١٣٦٠ واتە ڕێک ١٢ ڕۆژ دوای تیرەباران کردنی نەمر ئیبراهیم، دەنگوباسی کاتژمێر حەوتی شەو لە تێلێڤیزیۆنی ئێران هەواڵی تیرەبارانکرانی پۆلێکی تر لە لاوانی مەهابادی خوێندەوە کە بەداخەوە ناوی عەزیزی سابوونچی‌ کوڕەکەی تری ئەو بنەماڵەییەی تێدا بوو. ناوی ئەو پۆلە لە نەمران بەو شێوەیەیە:

  1. شەریف یۆسفی کوڕی ئەحمەد
  2. ڕەحمان عەلیدوست کوڕی عەلی
  3. جەعفەر لالەعباسی کوڕی قادر
  4. ڕەحمان سوارە کوڕی خدر
  5. محەممەد حوسێنپوور کوڕی عەزیز
  6. عەلی بلوری کوڕی مستەفا
  7. خوسرەو خاوەریان کوڕی ئیبراهیم
  8. عەزیز حاج عەبدوڵا کوڕی عەبدوڵا
  9. کەماڵ مۆغەمی کوڕی محەممەد
  10. عەزیز سابوونچی کوڕی مستەفا
  11. عەتائوڵڵا مۆفەقی کوڕی محەممەد خەلیل
  12. ڕەسوڵ حەسەنزادە کوڕی محەممەد
  13. حەسەن بامداد کوڕی متەلیب
  14. تورەج کاوە کوڕی ئەحمەد
  15. ڕزگار خاتەمی کوڕی یۆسف

 بیستنی ئەو هەواڵە دڵتەزێنە ئەژنۆی بنەماڵەکانی شکاند و بوو بە ڕۆژی حەشر و هەرچی خزم و دۆست و ئاشنا بوو بە هانای ئەو بنەماڵانەوە چوون. 

بنەماڵەی ئەو پۆلە لە تیرەباران کراوەکان کۆ دەبنەوە و بە کۆمەڵ دەچن بۆ ورمێ تا تەرمەی ڕۆڵەکانیان وەرگرنەوە کە بەداخەوە تەرمەکانیان نەدانەوە. بەرپرسانی زیندان و دادگای ئیسلامی پێیان دەڵێن کە خەمتان نەبێ و ئێمە تەرمەکانمان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی کفن و دفن کردووە. ئەو قسانە دڵی بنەماڵەکان ڕازی ناکات و لە بە دواداچوون بەردەوام دەبن تا لەپاش حەوت مانگ و چوار ڕۆژ هەوڵدان و هەڵوەدابوون بە شاراندا، هەیئەتێک لە تاران ڕا هاتن و لە کن دەریای ورمێ شوێنێکیان هەڵکۆڵیبوو و تەرمەکان کە لە نایڵۆنی پلاستیکیدا بوون و بە کەوش و لیباسەوە چاڵیان کردبوون، دەردێننەوە و دەیانبەن لە گۆڕستانی (باغی ڕیزوان) قەتعەی ١٩ لە شاری ورمێ سەر لە نوێ بەخاکیان دەسپێرنەوە. 

نەمر عەزیز سابوونچی لە وەسیەتنامەی خۆیدا ئاوا دەنووسێت:

دەستنووسی نەمر عەزیز سابوونچی

بۆ خزمەت بنەماڵەی هێژام؛

من عەزیز سابوونچی لە ڕێکەوتی ١١/٠٨/٦٠ گیرام و دوای دادگایی کردنم، بڕیاری ئێعدامم بۆ دەرچوو. بنەماڵەی خۆشەویستم، بابە، دایە، خوشکەکانم دولبەر، هاجر، شاناز، ئامین، سۆهەیلا و سوڕویا و خوشکەزای ئازیزم ئینتیها (شەپۆل) و براکەم سڵاوم بۆتان هەیە.

ئازیزانم؛ بە درێژایی ژیانم بەردەوام خەمم لێخواردوون و بیرم لێکردوونەوە، ئێستا ئەوە بۆ هەمیشە لەلاتان دەڕۆم بە خودای گەورەتان دەسپێرم. هیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازم و داواتان لێدەکەم کە گەردنم ئازا بکەن. داواکارم لێتان کە لەبەر جیران و ناسیاوەکان و دۆستەکانم بۆم بپاڕێنەوە کە گەردنم ئازا بکەن. لە خودا دەکەم تەڵەبێ کە کەند و کۆسپی ڕۆژگار بتانپارێزێ.

واژۆ

عەزیز سابونچی

A.S

٠٦/١٠/٦٠

نێو و یادی هەردوو نەمر ئیبراهیم و عەزیز سابوونچی بەرز و بەڕێز و هەرمان

تێبینی و سرنجەکان:

[1] ناوی ئەو کەسانە لەلای ناوەندی نەمران تا ڕۆژی مەحکەمە پارێزراوە. 

ئەو ژیاننامانە بە یارمەتی بەڕێز کاک کەریم کاکەسووری ئامادە کراوە. 

نەمران عەزیز و ئیبراهیم سابوونچی