Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ژیاننامەی نەمر مەلا ئیبڕاهیمی حیکمەت

− ڕۆڵە، ئەو ئاورانەت دیوە کە لەو کێوانە کراونەوە؟ ئەوانە پێماندەڵێن کە ئێستاش لە دەرەوەی ئەو ژوورانە هومێدێک هەیە. ورە بەر نەدەی کە ئاسۆ ڕوونە. 

مەلا ئیبڕاهیمی حیکمەت ساڵی ١٣٨٢ ه.ق لە دێی یاکوباوا لە بانە هاتۆتە دنیاوە، باوکیا مامۆستا مەلا عەبدولکەریم، مەلایەکی بە ناوبانگی بانە بووە.  لە لای مەلا عەبدەلکەریمی موددەڕیس لە سلێمانی دەرسی مەلای موددەڕیسی تەواو کردووە. مەلا برایم لە لای باوکی فێری نووسین بووە بەڵام پاشان باوکی ناردویەتیە لای ناسیاویەکانی بۆ درێژەی خوێندن. چۆتە سەقز، بۆکان، سابڵاخ و پاشان سنە لە مزگەوتی دارالاحسان، دواتر مەریوان، دووڕوە، هەڵەبجە و سلێمانی و مزگەوتی مەلا عەبدەلکەریم. سەردەمی شێخ مەحموود لە سلێمانی بووە و کەوتۆتە ناو خەباتی کوردایەتییەوە. پاشان هاتۆتەوە دووڕوە و سنە. فەلسەفە و عیرفان و شناختی تەواو کردووە و وەکوو مەلای موددەڕیس یا دوازدە عیلم گەڕاوەتەوە بانە. هاودەرسیە ناسراوەکانی مامۆستا قانیعی شاعیر و شێخ عوسمانی نەقشبەندی بوون. لە بانە جێژنیان بۆ گرتووە خەڵکێکی زۆریان بۆ مزگەوتێک داوت کردووە کە مەلایەکی پایەبەرز گەڕاوەتەوە بانە. دەبێتە مەلا لە گەورە دێی سیوچ، پاشان نجنێ و زەرواو، پاشان دەچێ بۆ قوڕوچا لە دەوروبەری بۆکان، دواتر دەبێتە مەلای زەنبیل و سەرەنجام دەگەڕێتەوە سیوچ. من لە قوڕوچا، خەریکی پێهەڵگرتن بووم و زەنبیلیشم لە بیرە. ساڵەکانی کۆماری کوردستان، لە ناوچەی بانە شاخەی کۆمار دادەمەزرێنێ و بەرپرسی حیزبی دیموکڕات دەبێ. 

پاش کۆمار ماوەیەک خۆی دەشارێتەوە و پاش عافوات دێتەوە سیوچ، یەکێک لە فەقێکانی کە حیسابداری حیزبی دەبێ و پووڵی حیزبی بە لاوە بووە بە ناوی مەلا رەحیمی وێردی دێتە لای و دەڵێ کە ئاغاکان داوای ئەو پوڵەم لێ دەکەن، چی بکەم؟ پاشان مەلا رەحیم دەچێتە سیتەک بۆ لای شێخ لەتیف کە چەند تێکۆشەری کوردی تریش لەوێن وەکوو ئەحمەد تەوفیق و غەنی بلوریان و پووڵەکە بۆ درێژەی خەبات دەدا بەوان. ساڵەکانی ئیسڵاحات ئەرزی خەڵکی دێی سیوچ بۆ دابەش کردنی زەوی بە وەرزێران هاندەدات کە ئاغاکان زۆریان پێ ناخۆش دەبێ. شەوێک ئاغا تفەنگدارەکانی دێنێتە سەری کە ئەگەر گوند بە جێ نەهێڵێ، دەکوژرێ. چەند رۆژ دواتر باشم لە بیرە کە ٣٥ مەلا بە ئیمام جومعە و شێخولئیسلامەوە لە شاری بانەوە هاتنە سیوچ تا باوکم و ئاغا ئاشت کەنەوە. دیارە سەری نەگرت و پاش ماوەیەک بارمان کرد بۆ بانە بۆ ماڵی مەلا محەممەدی حەیدەری کە دیوێکی بە خۆڕایی دابوینێ. باوکم لە بانە مەلایەتی نەکرد، بە فەقیری و نەداری ژیا، براکانم یارمەتی ژیانی ئەو و دایکم و ٣ منداڵیان پێ کرد بەڵام قەت سەری دانەنەواند و لە کۆتاییشدا هەر بە پێوە مرد.

 لەپاش بەدەستەوەگرتنی حکومەت لەلایەن خومەینییەوە لە ساڵی ١٣٥٧، وردەوردە کەشی ئاسایشی کوردستان بەرەو ئاڵۆزی ڕۆییشت و جیهاد دژ بە کوردستان لەلایەن خومەینییەوە درا و هێرشی بەربڵاو و شەپۆلی لەسێدارەدان و کوشتنی هەڕەمەکی دەستی پێکرد. 

نەمر مەلا ئیبڕاهیم حیکمەت

لە شەڕی دووهەمی کوردستاندا کە زۆربەی خەڵکی بێدیفاعی کوردستان لە ترسی شەڕ و لێکەوتەکانی خۆیان لە گوندەکاندا دەشاردەوە. مامۆستا مەلا ئیبراهیم و بنەماڵەکەشی بۆ ماوەیەک لە گوندێکی دەور و پشتی بانە خۆیان حەشار دەدەن. ڕۆژێک مامۆستا لەو گوندە ڕا بە پێیان دەیهەوێ بچێتەوە بانە. لە نیزیک بانە خاڵی پشکنینی پاسداران ڕایدەگرن. لەوێ فەرماندەی سپای پاسداران کە کەسێک بووە بەناوی (خادمی) کە تەمەنی لە ٢١ ساڵ واوەتر نەدەچوو لەوێ وەستابوو. دوو برای پاسداری خادمی لە شەڕی یەکەمی کوردستاندا کە بە شەڕی سێ مانگە ناودێرە کوژرابوون بۆیە، لەو تەمەنەدا کردبوویان بە فەرماندەی سپا تا بتوانێ بە دڵی خۆی کورد بکوژێ و زوڵم لە خەڵک بکات و تۆڵە بستێنێتەوە. 

مامۆستا مەلا برایمی هەشتا ساڵە کە دەگاتە خاڵی پشکنینەکە ئەو پاسدارەش لەوێ دەبێ و دەگەڵ باوکم دەکەونە قسان. پاسدار بە باوکم دەڵێ: 

  • − مامۆستا بۆ بەو کافرانە ناڵێی دەست هەڵگرن؟ 
  • − کامە کافر؟ 
  • − کۆمەڵە و دیموکڕات.
  • − تۆ خەڵکی کوێی؟ 
  • − خەڵکی نەجەفئابادی ئیسفەهان. 
  • − من پێشنیارت پێدەکەم تۆ بگەڕێیەوە شاری خۆت چوون ئێرە کوردستانە و بۆخۆمان باشتر دەزانین چۆنی بەڕێوەبەرین، ئەو دیموکڕات و کۆمەڵەیەی کە تۆ باسیان دەکەی لە تۆ و لە خومەینییەکەی تۆ پاکتر و موسوڵمانترن. 

قسەکانیان کەمێک بە تووندی لە نێوانیان کۆتایی پێدێ و باوکم دەچێتەوە ماڵێ. هێشتا کاتژمێرێک لە هاتنەوەی بۆ ماڵێ تێنەپەڕێوە کەچی، دەبینن کە پاسدار خادمی لەگەڵ چەند پاسدار هاتوونەتە بەر دەرگا و باوکم کە تەمەنی ٨٠ ساڵان بوو دەگرن و دەیبەن. 

من کەمێک درەنگ زانیم کە باوکم گیراوە. کە پێمزانی گەڕامەوە بانە و لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی چوومە دیداری باوکم لە پادگانی بانە. لەوێ بە باوکم گوت کە: 

  • − ئیزنم پێ بدە با بچم لەگەڵ مونتەزیری قسان بکەم سەبارەت بە دۆخی بەڕێزتان. ئێستا ئەو کەسی دووهەمی ئەو مەملەکەتەیە و دۆستی نیزیکی خۆتە و همیشە بە ئوستاد ناوی دەبردی، یا ئیزن بدە تەلەفۆن بۆ خەڵخاڵی بکەم کە لە بانە شاگری خۆت بووە و دەرسی فەلسەفە و عیرفان و مەولانای لای تۆ خوێندووە بەڵکوو یارمەتی بدەن و لە دەستی ئەو زاڵمانە ڕزگارت کەن. 

بەڵام باوکمی بە ڕاشکاوی دەنگی دام و گوتی: 

  • − کەس مافی ئەوەی نییە پێیان بڵێ. بەتایبەت بە خەڵخاڵی کە ئێستا بووەتە جەلاد و خوێنڕێژ. 

ئەو ڕۆژە لەلایەن هەندێک دڵسۆزەوە ئاگادار کرام کە شار بەجێبێڵم باشترە چوون، کاتی خۆی کە پێشمەرگە لە شار بوون من ئەندامی شووڕای شار بووم و جێگری شێخ جەلالی حوسەینی بووم. یەک لەو کەسانەی کە من ڕازی نەببووم ببێتە ئەندامی شووڕا، ئێستا کە پاسدار هاتوونەوە بۆ شار بووەتە جاش و لەگەڵ دەوڵەت کار دەکات و هەڕەشەی کردبوو کە بەگرتی دەدەم و تۆڵەی خۆمی لێدەکەمەوە. منیش گوتم لەمێژە دایکمم نەدیوە، ئەمشەو لەلای دەبم و بۆ بەیانی زوو دەرباز دەبم. بەداخەوە هەر ئەوشەوە لای نیوەشەو هاتنە ماڵ و منیشیان گرت. 

زیندانیی سپا ئەوەندە پڕ بوو کە لە ژوورێکی بچووک کە بە زەحمەت شوێنی کەسێک دەبوو کە لێی درێژ بێ، ١٤ کەسیان تێکردبوو. ئەوە زیندانی کاتی بوو، ئەوانەی جەریمە دەکران و داوای پووڵیان لێ دەکردن ئەگەر بیاندایە ئازاد دەکران و ئەوەش کە سیاسی- ئەمنییەتی بوو دەیانبردە زیندانی پادگان. ئەو رۆژە بردیانمە زیندانی پادگان و ژووری زیندانی باوکمیان پێ کوتم و لە دوورەوە کە نیزیکی ژوورەکەی بوومەوە هاوزیندانییەکانی باوکم هەر کە منیان دی هەموو بێدەنگ بوون. باوکم لە پشتەوە ڕا بە دەنگێکی پیرانە پرسیاری لێ کردن کە:

نەمر مەلا ئەبڕاهیم حیکمەت
  • − ئەوە کێیە تازە گرتوویانە؟ 

کەس نەبوو وەڵامی بداتەوە. بە زەحمەت هەستا سەر پێ تا بزانێ چ باسە؟! لەو ئانەی دا لێیان وەژوور کەوتم. بابم کە منی دیت ئەژنۆی شکا و دڵی خورپەی کرد بەڵام زوو خۆی خڕ کردەوە. پاش ماوەیەک، زۆری دڵ دامەوە و ورەی پێدام کە: 

  • − ڕاستە ئێرە زیندانە و ناخۆشە بەڵام، قەیدی ناکا با ئەو ڕۆژە ناخۆشانە ببینی و تەنگانەش تاقی بکەیەوە و بزانی کە ڕۆژگار هەمووی هەر فەرعانە نییە و تەنگانەشی هەیە. 

لە درێژەدا لێم پرسی کە: 

  • − باوکە گیان بۆ گرتوویانی؟ تاوانی چییان خستوویە پاڵ؟ 

لە وەڵامدا گوتی کە:

  • − کەسێک ڕاپۆڕتی لێداوم کە من لە مزگەوتی جامیعە حوکمی جیهادم دژی کۆماری ئیسلامی داوە. هەروەها گوتوومە کە هەرکەسێک پارێزگاری لە نیشتمانی خۆی بکات شەهیدە و مافی خۆیەتی.  

لەلایەکی تریش نامەیەکی منیان خستبوو بۆ سەر پەروەندەکەم کە کاتی خۆی من بۆ دوو مەلای ترم نووسیوە و تێیدا قسەم بە کۆماری ئیسلامی گوتووە. ئێستا ئەو نامانە کەوتوونەتە دەستی پاسداران و لەسەر پەروەندەی منیان داناوە و بە دژی خۆمی بەکار دێنن. مەلایەکی پاسداری شێعەیان هێناوەتە بەرەوڕووم بە ناوی (صفدری) تا بە پەروەندەکەم ڕابگات و بازجوویم لێ بکات، کە قسەمان لێک هەڵبەزیوەتەوە و پێم گوتووە کە مونتەزیری کە کەسی دووهەمی ئەو وڵاتەیە خۆی ڕووی نەبووە یان خۆی لەو ئاستەدا نەدیوە کە باسم لە گەڵ بکات کەچی ئەتۆیان بۆ باس لە گەڵ من ناردووە ئەتۆیەکی منداڵ چۆن بە خۆت ئیزن دەدەی ئاوا قسە دەگەڵ من بکەی؟ ئیتر چەند قسەیەکی سووکم بە خومەینی و بە کۆماری ئیسلامیش گوتن. 

پێمگووت کە: 

  • − باوکە گیان تووند بوون لە دۆخێکی ئاوادا نە ئازایەتییە نە کارێکی باش تۆ بۆ وا تووند بووی دەگەڵیان؟ 

لە وەڵامدا گوتی:

  • − ڕۆڵە گیان، من تەمەنێکم ڕابواردووە. لەو تەمەنەدا گەر بۆیان شل کەم ئیتر چ چاوەڕوانییەکم دەبێ هەبێ لە ئێوە لاوەکان؟ نەخێر من دەبێ بەرانبەر بەو زاڵمانە توند بم تا ئێوە فێر بن کە سەریان بۆ دانەنوێنن. بەو قسانە باش قانعی کردم. 

باوکم کێشەی هەناسەکێشانی هەبوو و نەیدەتوانی باش هەناسە بدات. کەسێکی تریش دەگەڵمان لەو ژوورەدا بوو بەناوی وەستا (ئەحمەدی فەتحی) کە مێعماری شار بوو و ئەویش کێشەی چاوی هەبوو و دوکتور پێی گوتبوو کە بە زووترین کات دەبێ نەشتەرگەری بۆ بکرێ. هەروەها کەسێکی تریش بوو بەناوی (سادق سەحرانەوەرد) کە بەردی گورچیلەی هەبوو دەبوایە نەشتەرگەری بۆ کرابایە. 

ئێوارەی ڕۆژی بیست و پێنجی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٩ بوو کە لەپڕ پاسدارەکان دەرگای ژوورەکەیان لێ کردینەوە. ناوی ئەو سێ کەسەیان خوێندەوە. گوتیان ئێوە دەنێردرێنە لای دوکتور و پاشان ئازاد دەکرێن، باشتر وایە هەموو کەل‌وپەلەکانتان دەگەڵ خۆتان هەڵگرن. کاتی ڕۆییشتن باوکم ڕووی تێکردم و گوتی:

  • − ڕۆڵە، ئەو ئاورانەت دیوە کە لەو کێوانە کراونەوە؟ ئەوانە پێماندەڵێن کە ئێستاش لە دەرەوەی ئەو ژوورانە هومێدێک هەیە. ورە بەر نەدەی کە ئاسۆ ڕوونە. 

ئیتر ئەوە دوا دیدارمان بوو بەڵام نەمدەزانی کە دەبێتە ماڵئاواییمان. بۆ سبەی زانیمانەوە کە بردبوویانن بۆ سپای پاسداران و لەوێ ئێعدامیان کردبوون. 

ڕۆژی دواتر خەبەریان دامێ کە کەسێک لە خزمەکانت هاتووە و دەیهەوێ بتبینێ. منیش پێم سەیر بوو چوون ڕۆژی ملاقات نەبوو. کە چووم بینیم دایکمە. بۆی گێڕامەوە کە کاتێک جلە خوێناوی و کون‌کونەکانی باوکمیان داوەتەوە پێیان. ڕێک لەو ئانەشدا خوشکێکی ٣٩ ساڵانەم هەبوو کە منداڵی شیرەخۆرەی لەبەر بوو. کە چاوی بەو جلە خوێناوی و بێژینگکراوی باوکم دەکەوێ هەر لەوێ جەڵتە لێی دەدا و گیان دەدا. پاسدارەکان هەڕەشە لە دایکم دەکەن کە نابێ سەرەخۆشی دابنێت و دەشبێ ئەو شارە جێ بهێڵێ گەر نەیکەن، ئەوە کوڕەکەت بارمتەیە لە دەستماندا و وا و وای بەسەر دێنین. 

دایکم گوتبوی کە باشە سەرەخۆشی دانانێم بەڵام گەر دەتانهەوێ شار بەجێ بهێڵم دەبێ کوڕەکەم ببینم. ئەوەبوو کە هاتبوو بۆلام. دەگەڵ خۆی کراسێکی سپی تازەی بۆ هێنابووم. پێی وتم کە:

  • − نەکەی خۆت تازیەبار پێشان بدەی و دڵی دوژمنان خۆش بکەی. با بزانن کە شەهید بەخشین بە وڵاتمان مایەی شانازیمان. دەبێ ڕدێنت بتاشی و خەم و پەژارە بە ڕووخسارتەوە نەبینن.

 منیش بەڵێنم پێدا و هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ لە بەڵێنکەی خۆم لام نەداوە و نەمهێشتووە دوژمن بە خەمم شاد بێ.

 ڕۆحی سەرجەم شەهیدانی کوردستان شاد و یادیان هەرمان

نووسینی: دوکتور تاهیری حیکمەت کوڕی نەمر مامۆستا مەلا ئیبراهیم حیکمەت