Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کاک ئاسۆ کوردستانیی لە ناو زیندانیی سەقز، چی دیت؟

کاک ئاسۆ فەتحوڵا ناسراو بە ئاسۆ محەمەد کوردستانیی، هاوڕێ دەگەڵ کاک دلێری برایان، پێشمەرگەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بوون. ئەو بەڕێزە ماوەیەک لە زیندانە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەندیی بوو. کاک ئاسۆ وەک شاهیدێکی زیندوو سەبارەت بە هەندێک ڕووداو کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕوویاندا، ئاوا بۆ ماڵپەڕی نەمران دوا.

نەمران ڕەسوڵ حامیدی و عەلی خاکی

من و دلێری برام بە تاوانی ھاوکاری لەگەڵ رێکخستنەکانی حیزبی دیموکرات زیندانی کراین. ئێمە ٤٥٠ رۆژ بەو تاوانە لە زیندان بووین. بەداخەوە بە ھۆی کارەساتەکانی ژیان، زۆر شتم لە بیر نەماوە، بەڵام پێوەندی و ناسینم لەگەڵ نەمر “ڕەسوڵ حامیدی” ھیچ کات لە بیر ناچێتەوە.

کاک ئاسۆ لە سەر یاد و خۆڕاگری نەمر ڕەسوڵ حامیدی دەگێڕتەوە:

پایزی ساڵی ۱۹٨٨ لەگەڵ کاک  دلێری برا گەورەم و دوو هاوڕێ ی پێشمەرگە   لە شاری سەقز زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوین و بە تاوانی هاوکاری کردنی ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گیرابووین.

شەوێکی درەنگ دەرگای هەموو بەندەکانی گرتوخانەکەیان کردەوە کە شەش بەندی گەورە و بچوک و  چەندین ژوری تاک نەفەری بوو، لە زیندانی دوخانیاتی سەقز کە ژێرزەمینێک بوو هەروەها دووهەم ئۆکسێدی کاربۆنی زیاتر بوو لە ئۆکسجین وەک ئەشکەنجەیەکی رۆحی ئەو چەند بەندە ئەگەر هەڵەم نەکردبێ  زیاتر لە ٤۰۰ زیندانی تیابوو.

کۆمەڵێک پاسدار و سەرباز و بەسیج بە هاوار هاوار  لە خەوێکی قوڵ خەبەریان کردینەوە.

وتیان هەر ناوێکمان خوێندەوە بەبێ دەنگی و خوداحافیزی بچێتە دەرەوە و ورتەی لە دەم نەێتە دەرەوە.

لە پشت دەرگاکەوە کۆمەڵێک چەکداری ریشنی ناشیرنیی، شلەژاوی کەلەپچە بە دەست راوەستابون و کۆمەڵێک پەڕۆی ڕەشیان پێ بوو بۆ چاوبەستن.

هەر بەندکراوێک ناوەکەیان ئەخوێندەوە رەنگی دەم و چاوی تێک ئەچوو، ئەیزانی کە بە بێ دادگا بۆ مەرگ و تیرباران و سێدارەی دەبەن.  ناوی هەموانم بیر نەماوە بەڵام ئەگەر هەڵە نەبم سەرەتا ناوی  “زاهید برازندە” و کورێکی تیلەکۆیی بوو پێشمەرگە و تێکۆشەری کۆمەڵە بوون هەردووکیان.

گوێم لێ بوو لە بەندێکی دراوسێمان زیندانییەکی گەنجی سیاسییان قۆڵبەست و چاوبەست کرد و بە زۆر راپێچیان کرد بەرەو حەوشەکەی سەرەوە.

گەنجەکە داوای هاوکاری ئەکرد و  بە بەرپرسی ئیتلاعاتەکەی ئەگوت:

من حوکمی هەتاهەتاییم هەیە بۆ کوێم ئەبەن؟ بۆ لە سێدارەم ئەدەن و ئەمکوژن؟

بەرپرسە پاسدارەکە لە وەڵام دا وەک گاڵتە پێکردنێک پێیگوت:

هەتا هەتا یەعنی تا مردن لێرە ئەبی و ئەمریت. ئێمە حوکمەکەت کەم ئەکەینەوە و لەم ژیانە تاڵەت رزگار ئەکەین.

یەکێک لەو زیندانییانەی کە ئەو شەوە بۆ لە سێدارەدان ناویان خوێندەوە، رەسوڵ حامیدی بوو کە ماوەی مانگێک بوو هێنرابووە بەندەکەی ئێمە.

ئەو پێشمەرگەیەکی ورەبەرزی کۆمەڵە بوو کە بە برینداری کەوتبوو دەستی پاسداران. کاک ڕەسوڵ لە شەرێکی دەستەویەخەی گوندێکی نزیک شاری بانە دوای شەرێکی قارەمانانە لەگەڵ پاسدار و جاشەکان،  فیشەکێک بەر ئێسکی ڕانی ئەکەوێ و بریندار ئەبێت و لە ڕۆییشتن ئەکەوێت.  لەناو کەڵەکە بەردێک خۆی حەشار ئەدات بەڵام، لەلایەن جاشێکی دانیشتوی شاری بانە شوێنەکەی ئەدۆزێتەوە و دەستگیری دەکات و تەسلیم بە بەسیج و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی  دەکات.

رەسوڵ حامیدی

ئەو شەوە لە کاتی خوێندنەوەی ناوەکان، ناوی کاک رەسوڵ حامیدی خوێندرایەوە کە لەتەنیشت منەوە وەستا بوو. بە دەم رۆیشتنەوە کە دەیویست بە دارشەقەکەیەوە بۆ لای دەرگای بەندەکە بچێ پێی وتم:

ئاسۆ گیان، ببورە کە جاڕێکی کە ناتبینمەوە و دواساتەکانی  ژیانمە و ئەمشەو دڵم خەبەری دابوو کە دواشەوی قسەخۆشەکانی من و تۆ ئەبێت.

ئاخر زۆر شەوان من و شەهید رەسوڵ کە لەتەنیشت یەکەوە ئەنووستین شەوانە   باس و نوکتەی  خۆشمان ئەکرد بۆ یەکتری و ئەو باسی  هەواڵی بازار و قسە خۆشەکانی خەڵکی شاری سلێمانی بۆ ئەکردم و منیش بە پێچەوانەوە باسی کوچە و کۆڵانەکانی سەقزم بۆ ئەکرد. هەمیشە بەر لە من ئەنووست. دەسماڵێکی پێ بوو ئەیخستە سەر چاوی. بریسکەی فرمێسکەکانم ئەبینی کە بە رومەتە سورەکەیدا ئەهاتە خوارەوە .

هەموو شەوێ ئەمویست پرسیاری ئەو دەسماڵەی لێ بکەم کە زوو زوو بۆنی ئەکرد و بە دەم و چاوی خۆی دا ئەهێنا. شەوانیش کاتی نووستن ئەیخستە سەر چاوی خۆی تا بە  بۆنی دەسماڵەکەوە خەوی لێ دەکەوت بەڵام، هەرگیز لێم نەپرسی و نەموست برینی بکولێنمەوە.

ئەو شەوە دەیان زیندانی و بەندکراویان بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی لە شاری سەقزەوە راپێچ کرد بۆ زیندانی گەورەی شاری سنە و لەوێ هەموویان گوللەباران کران و لە سێدارە دران.

کە بەشێکی زۆری بەبێ دادگا و وەک حوکمی جەنگەڵستان تیر بارانیان کردن.

ئەو ساڵ و سێ مانگەی کە من لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووم، ئەو ئازار و ئەشکەنجە و سوکایەتی یەی کە بە مرۆڤ و زیندانییەکان ئەکرا، لە هیچ زۆردار و ستەمکارێکی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان نەمبیستووە.

هەزار سڵاو بۆ گیان و رۆحی شەهید رەسوڵ حامیدی و شەهید زاهید و  سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

ئاسۆ محەمەد کوردستانی

نەمران ڕەسوڵ حامیدی و عەلی خاکی