وا دەردەکەوێ کە سزای ئێعدام و گیانکێشان لە بنەڕەتدا پێوندی هەیە بە ئاستی تێڕوانین و چۆنییەتی ڕامانی کۆمەڵگاکان. ئەو گەشە فەرهەنگی و زانستییانەی کە لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی مرۆڤ دەستەبەری کردن، کەشێکی بارهێنا کە مرۆڤ نرخی خۆی بزانێت و پەرە بەو نرخە بدات لە ناو کۆمەڵگا و دەستەڵاتدا. ئەو بایخە کە مرۆڤەکان بە خۆیان بەخشی، وەها گەشەی کرد کە تەنیا یەک لە پێنجی وڵاتی جیهانی ماون تا ئەو سزا نامرۆڤانەیە لابەرن دنا باقی وڵاتان ئەو سزایەیان وەلا ناوە. تەنانەت بەوەش ڕانەوەستاون و بەردەوام گوشار دەخەنە ئەو وڵاتانەی کە ئێستاکەش ئەو سزایە بەکاردێنن و بە بیانووی دواکەوتوو و بێنەما دەبنە بکوژی مرۆڤێکی تر. هەر بەو بۆنەیەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ هاودەنگییەکی جیهانی بۆ کۆتاییپێهێنان بەو سزایە هاتە ئاراوە و ساڵێکیش پاش ئەو لە کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیار درا کە وڵاتانی جیهان دەست لەو سزایە هەڵگرن و بەو بۆنەیەشەوە ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبریان دەستنیشان کرد وەک:
(ڕۆژی جیهانی بەربەرەکانی کردن دەگەڵ سزای لەسێدارەدان).
ئەمڕۆ کە ١٠ی ئۆکتۆبرە، ڕۆژی جیهانی بەربەرەکانی کردن دەگەڵ سزای لەسێدارەدانە. ڕۆژێکە کە پێماندەڵێ مرۆڤەکان شایانی کوشتن نین، ئێمە مافی ئەوەمان نییە گیانی ئینسانەکان بستێنین. نە دەستەڵات ئەوەندە دەهێنێ کە خەڵکی بۆ بکوژن نە کوشتن ئەوندە کارێکی باشە کە مرۆڤایەتی بێننە ژێر پرسیارەوە.
پێویستە بگوترێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دووهەمین پلەی لە جیهاندا و یەکەمین پلەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە سەبارەت بە اعدام کردنی ئینسانەکان. هەروەها زۆرترین قوربانیانی ئەو تاوانە قێژەونە لە دوو دەستە پێک دێن، زیندانییانی سیاسی و جیابیران.
ئێمە وەک ماڵپەڕی نەمران کە لەلایان بەشێک لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو سزا دژە ئینسانییە بەڕیوەدەچێت، ئەو سزایە بە قێزەونترین و نامرۆڤانەترین تاوان دەزانین و بە بەرهەمی ترسی مرۆڤەکانی دەناسین و بە توندترین شێوە ئیدانە و مەحکومی دەکەین. بەو بۆنەیەوە بە هانای هەموو ئەو بانگەواز و چالاکییانەوە دەچین و بە چاوی ئەرێنی لێیان دەڕوانین کە دژ بە کردەوەی لەسێدارەدانی مرۆڤەکان بەڕێوە دەچن. هیوادارین مرۆڤەکان و بگەنە ئەو ئاستە لە تێگەییشتن کە: