Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بێهروز بێهروزنیا ناوێک کە تێکەڵ بە مێژوو بوو.

‌‌

بە درێژایی خەباتی حەقخۆازانەی خەڵکی کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوو،  زۆر بوون ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی هێزی نیزامی ئێران کە بە دژایەتی کردن و نافەرمانی کردن تێکەڵ بە هێـزی گەل بوون و تا کۆتاساتەکانی ژیانییان لە گەڵ گەل و جەماوەر و ویست و داخۆازی ڕەوای خەڵک مانەوە، پێوەست بوون بە هێزی پێشمرگە بۆ بەرگری لە داوای ڕەوای گەل، ورەی یەکجار زۆریان بەخشیبوو بۆ ئەو خەباتە پیرۆزە.

قارەمانی نەمر بێهروز بێهروزنیا

ناوی بێهروز بێهروزنیا، برایم بلەندی، عەلی گوڵچینی، حەسەن جەهانبەخش، قوتبەدین گوڵپەروەر، حەبیبوڵا بەهاری زەر،  جەمیل یەخچاڵی، عەتائوڵا مەحموودی، تاهیر خەتیبی، عەباس پورباران، محەمەد موبسیری، ئیقباڵ شەریفی، ئەحمەد جاویدفەر

موزەفەر تابێعی و دەیان ئەندامی شۆڕشگێری نیزامی کە تێکەڵ بە گەل بوون لە مێژووی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان دا وەک ئەستێرەیەکی پڕشەنگدار دا دەمێنێتەوە.

لە ڕێکەوتی ۱۹ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوەی سەرهەنگ شەریفی کە یەک لەو کەسانە بوو کە دەستی لە کوشتاری خەڵکی کوردستان دا هەبوو و هاوکات فەرماندەری ئەو کاتی هێزی

ژاندرمەی ناوچەکانی کوردستان بوو کاتێک کە سوار بە کوپتێڕ خەریکی چاوەدێری ناوچەکە بوو بۆ سەرکوتی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و زاڵ ببوو بە سەر دزڵی و خەریکی چاوەدێری بوو لە ناکاو نەمر بێهروز بێهروزنیا بەگژی دادێ و دژایەتی ئەو کردەوی دەکات، ئەو دژایەتی و ناڕەزایەتی بۆ سەرهەنگ شەریفی نامۆ دەبێت و لای قەبووڵ ناکرێ و وێرای چەند ئەندامی هێزی نیزامی کە لە ناو کۆپتێرەکە دا دەبن هێرش دەکەنە سەر بێهروز بێهروزنیا و دەیانهەوێ چەکی بکەن، بەڵام پێش ئەوەی کە چەک بکرێ بەرگری لە خۆی دەکات و پێش ئەوەی کە هێرشی بکاتە سەری بە سەزای کردەوەکانی دەگەینێ.

فرۆکەوان و یارمەتی دەری فرۆکەوان لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرن و کۆپتێڕەکە بەرەو سەربازگەی مەریوان ڕێ دەخەن  یەک لەو کەسانەی کە لە ناو کۆپتێڕەکە دا دەبێت بە ناوی ئوستوار کەمانگەر کە بۆ بەرگری لە سەرهەنگ شەریفی هێرش دەکاتە سەر بێهروز بێهروزنیا بریندار دەبێ.

ئەو هێزە نیزامی کە لە سەربازگەی مەریوان جێگیر بوون بێهروز بێهروزنیا دەس بەسەر دەکەن و بۆ لێپرسینەوەی هەناردەی مەحکەمەی شاری تارانی پێتەخەت دەکەن.

پێوەندییە گشتییکانی هێزی ژاندرمەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاگادارێک که لە ڕۆژنامەی کەیهان ڕێکەوتی ۲۰ی مانگی خەزەڵوەری ۱۳٥٨ی هەتاوی بڵاوی کردەوە هەواڵی کوشتنی سەرهەنگ شەریفی پشت ڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا چوونکە ناوبراو لە ئاکام و لە شۆێنی ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە کوژراوە لەسەر یاسا و بنەمای هێزی ئەرتەش پلەی سەرتیپی پێ دەبخشرێ.

پاش دەس بەسەرکرانی بێهروز بێهروزنیا و ئاگاداری جەماوەر لە ڕەوتی مەحکمە و دادگایی کردنی لە لایان ڕاگەیاندن و میدیاکانی دەوڵەتی، جەماوەر لە شارەکانی کوردستان بە هاتنە سەر شەقام ناڕەزایەتییان دەربڕی و پشتیوانی خۆیان بۆ بێهروز بێهروزنیا دووپات کردەوە و داوای ڕزگاری ئەویان لە بەندیخانە کرد، ناڕەزایەتی خەڵک لە ڕێکەوتی ۲۳ی مانگی خەزڵوەر ۱۳٥٨ی هەتاوی گەیشتە لووتکە،  خەڵکی شاری سنە لە ڕێپێوانێکی هەزاران کەسی بە دروشم دان داوای ڕزگاری بێ مەرجی ناوبراویان کرد، ڕۆژێک دواتر مانگرتنی گشتی هەموو شاری سنەی گرتەوە و وێڕای بازار،  شۆێنەکانی ئیداریش پێوەست بوون بەو مانگرتنە و زانکۆی ڕازی سنەش لەو مانگرتنە دا بەشدار بوو و شار بە تێکڕایی مانی گرت.

( بێهروز بێهروزنیا) کوڕی (حاجی عەبدوڵا قەناد) لە ڕێکەوتی دوی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳۲٨ی هەتاوی لە گەڕەکی (جۆرئاوای شاری سنە) چاوی بە دونیا هەڵێنا،  خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی هیدایەتی سنە و خوێندنی دواناوەندی لە قوتابخانەی شاپوور هەر لە شاری سنە تەواو کرد، پاشان لە نێوان ساڵەکانی ۱۳٤۰ی هەتاوی بۆ خۆێندنی وانەی فڕۆکەوانی هات بۆ زانکۆی فڕۆکەوانی شاری تاران، پەروەردەیی فڕۆکەوانی لە سەربازگەی(قلعە مرغی) بە ئەنجام گەیاند و بە پلەی ستوان دووهەم لە ژاندەرمەری دامەزرا و بوو بە ئەندامی هێزی ژاندەرمەری، ناوبراو لە ساڵەکانی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە شارەکانی تاران و مەشهەد درێژەی بە ئەرکی خۆی دەدا و لەگەڵ دەسپێکی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی، پشتیوانی خۆی بۆ شۆڕشی جەماوەر وێڕای هاوڕیانی دەربڕی و کار و چالاکی خۆی لە ناو سەرباز و پلەدارانی هێزی ژاندرمەری پەڕە پێ دەدا و سیاسەتی ڕێژیمی پاشایەتی دژ بە خەڵک بۆیان ئاشکرا دەکەرد و لەقاوی دەدا.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ستوان بێهروزنیا لەسەر داوای خۆی گۆزرایەوە بۆ کوردستان و بە پلەی ستوان یەکەم کرا بە فەرماندەری بەشێک لە بنکەی ژاندەرمەری شاری سنە.

لە گەڵ دەسپێکی شەری خۆێناوی نەورۆزی ۱۳٥٨ی شاری سنە لە لایان دەسەڵاتی تازەی وڵاتی ئێران و حوکمی شەر بۆ سەر کوردستان کە لە لایان خومەینی وەک ڕێبەری تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە ۲٨ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی قین و ڕقێکی قووڵ لە ناخی بێهروز بێهروزنیا و ئەو هاوڕیانەی کە هاوبیری ئەو بوون هەڵقوڵی لە ئاست ئەو زوڵم و کوشتارەی کە بە سەر خەڵکی کوردستان دا لە لایان ڕێژیم بە دڕەندەیی بێ وێنە دا ئەنجام دەدرا.

بێهروزنیا لە گەڵ هێندێک ئەندامی هێزی نیزامی ئێران کە چالاکی نەهێنی دژ بە ڕێژیمی ئێرانیان بە ئەستۆ گرتبوو و زۆرینەیان لە گەڵ ڕێکخراوەی (چریکهای فدایی خلق) بوون پێوەست بوو و هاوکاری دەکردن.

ڕێکخراوەی ئەندامانی نەهێنی هێزی نیزامی دژ بە ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بە بڵاو کردنەوەی مانگنامەی (پرسنل انقلابی) ئەندامانی شۆڕشگێر،  ئەو پیلانانەی ڕێژیمی لە جنایەت دژ بە خەڵک و ئازادیخۆازان لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران لەقاو دەدا.

ستوان بێهروزنیا تا کاتی دەس بەسەربوونی پێوەندی خۆی لە گەڵ ڕێکخراوەی ئەندامانی شۆڕشگێر و ڕێکخراوەی (چریکهای فدایی خلق)لقی کوردستان نەپساندەوە.

بێهروز بێهروزنیا یەک لە هاوڕی نزیکەکانی ستوان”حەسەن جەهانبەخش” بوو کە لە بەرگری قارەمانانەی ۲٤ڕۆژەی شاری سنە ئەویان بە حەسەن تیربار دەناسی، لەخۆبردویی و چالاکی حەسەن جەهانبەخش لە ساڵەکانی شەر، بەتایبەت لە شەڕی بەرگری ۲٤ڕۆژەی سنە لە بەرگری کردنی ئاسمانی شار و بەرەوڕوبوونەوەی هێزی هێرشبەری ئاسمانی ڕێژیم ناوبانگی دەرکردبوو و بە ئازایەتی ناوبراو تەنانەت چەند کۆپتێری ڕێژیمیش کەوتە خۆارەوە.

بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵکی بەشە جۆراجۆرەکانی کوردستان لە پشتیوانی کردنی بێهروز بێهروزنیا نوێنەرانی گەلی کورد کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەی سیاسێکان لە سەر داواکاری خەڵک داوای ڕزگاری بێهروزنیا وەک هێمای کەسێکی شۆڕشگێری کوردستان کرد.

داریووش فروهەر و هاشم سەباغیان وەک بەرپرسی ڕێژیم و لە سەر ناوی ڕێکخراوەی نیازپاکی!! بەڵێنی هاوکاری بە نوێنەرانی کوردیان دابوو لە سەر ڕزگاری بێهرز بێهروزنیا.

بێهروزنیا لە ماوەی یەک مانگ دەس بەسەربوونی لە گرتووخانەی ئەوین لە ژێر ئەشکەنجە جەستەیی و ڕوحی دابوو، بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە دەفتەری گرتووخانەی ئەوین و لە پشت دەرکەی داخراوی ئەم شۆێنە،  ڕەوتی مەحکمەی بێهروزنیا بە ئەنجام دەگەێنن بەڵام ناوبراو بە ورەی پۆڵایین و بە ڕوحێکی گەورە بەرگری لە بیر و باوەری دەکرد.

لە ئاکام دا لە بەرەبەیانی ڕۆژی ۲۰ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی هاوکات لە گەڵ دانوستانی نوێنەرانی کوردستان و ڕێکخراوەی بە ناو نیازپاکی ڕێژیمی ئیسلامی دڵی پڕ لە خۆشەویستی و شۆڕشگێری کرا ئامانجی گوللەی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە لێدان کەوت، هەواڵی ئیعدامی ستوان بێهروزنیا بە هۆی سانسۆری بەربڵاوی میدیایی دەنگدانەوەی لێ نەکەوتەوە، بەڵام کاتێک خەڵکی کوردستان ئەم هەواڵەیان زانی بەوپەڕی تووڕەیی ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزاییان دەربڕی، لە شاری سنە پتر لە ٥۰هەزار کەس ڕژانە سەر شەقام و ئەو ڕووداوەیان بە ڕووداوێکی دژە مرۆڤایەتی ناو دەبرد و دروشمی ناڕەزایەتیان لە هەمبەر ئەو جنایەتە دەووتەوە و ڕێژیمیان تاونبار دەکرد کە دژە دانوستانە و ڕێکخراوەی نیازپاکی ڕێژیمیان سەرکۆنە دەکرد،  تەنانت ڕۆژی ۲۷ی سەرماوەز وەک ڕۆژی ماتەمینی گشتی شاری سنە بە تێکرایی پشووی ماتەمینی ڕاگەیاند،  کە بوو بە هۆی درکاندنی  بە ناچاری ئەو هەواڵە لە لایان ڕۆژنامە و هەواڵنێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

ناو و یادی بێهروز بێهروزنیا و هاوڕیانی نیزامی شۆڕشگێری هەتا هەتایی لە ناو بیر و مێشکی کۆمەڵانی خەڵک دا دەمێنێتەوە و بۆ مێژوو تۆمار دەکرێ.

ناویان هەرمان و یادیان بەخێــــر.

نووسەر: ئەمیر لوتفوڵڵانیژاد

حەوتەمین ڕاگەیاندنی نوێنەرانی گەلی کورد سەبارەت بە ئیعدامی بێهروز بێهروزنیا:

ڕێکەوتی ۳۰ی سەرماوەزی ۱۳٥٨ی هەتاوی

بە داخەوە ئاگادار کراینەوە کە ئەفسەری شۆڕشگێری کورد لە مەحکەمەێکی شاراوە بە ئیعدام مەحکووم کراوە، بە هۆی ئەوە کە تۆمەتی ئەو ئەفسەرە لە پێوەندی لە گەڵ هەڵ و مەرجی کوردستان بووە، چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد نوێنەرانی دەوڵەت کە لە سەر ناوی ڕێکخراوەی نیاز پاکی بە لێبوردوویی لە هەمبەر ئەو حوکمە خۆیان دەرخستبا و ئەو حوکمە ناڕەوایەیان پەسەند نەکردبا، نوێنەرانی گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە چۆنێتی ئەو حوکمەیان لە گەڵ داریووش فروهەر سەرکردەی نوێنەرانی ڕێکخراوەی نیاز پاکی ڕێژیم تاوتۆ کرد و بەڵێنمان لێ ستاند کە پێداچوونەوەی بۆ ئەو حوکمە ناڕەوایە بکەن و ئەویش بەڵێنی دا بە ئێمە کە لە گەڵ (باهنر) یەک لەو کەسانەی کە ئەندامی ئەنجومەنی شۆڕشی ئێرانە پێوەندی گرتووە و لە گەڵی باسی کردووە کە پێداچوونەوە بۆ ئەو حوکمە بکەن و ئێزن نەدەن کە ئەو وتووێژانەی ئێمە لە گەڵ نوێنەرانی کوردستان خەوشدار بێت.

بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئێمە و خەڵکی کوردستان بەپێ ئەو هەواڵە پشت ڕاست کراوانەی کە بە ئێمە گەیشتووە لە بەرەبەیانی هەوەڵ ڕۆژی دانوستانی ئێمە لە گەڵ نوێنەرانی دەوڵەت بێهروز بێهروزنیا ئیعدام کراوە!!

ئەندامانی ڕێکخراوەی نوێنەرانی گەلی کورد، ۳۰ی سەرماوەزی ۱۳٥٨ی هەتاوی

حەوتەمین ڕاگەیاندنی نوێنەرانی گەلی کورد سەبارەت بە ئیعدامی بێهروز بێهروزنیا
پەیامی چریکەکانی فیدایی خەڵق