ژیاننامەی هاورێ (حسین پیمبرنژاد/ حوسێن پەیەمبەرنیژاد)
ڕێکەوت: ٢ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٦٢ هەتاوی.
شوێن: گۆرستانی (لعنت آباد)ـی شاری ورمێ.
کاتژمێر ٢:٤٥ خولەکی نیۆەرۆ.
ئەگەرچی گەرمای هاوین بەرهبەره جێگای خۆی به تەپوتۆزی پاییز دەدا، بەڵام تاو و تینیی گەرمای هاوین هاوڕێ لەگەڵ بای بێبەزەی پاییزی، تێکەڵ به گریان و هاواری برا ڕۆ، خوشکه ڕۆ و ڕۆڵه ڕۆی کۆمەڵێک کەسوکاری رەنجەڕۆ دەبو و وەک قامچی دەستی جەللادەکان، روخساریانی شەقارشەقار و زامار دەکردن. جیا لە پێلاقەی بەهێز، زرمەی زللە و زەبری باتووم، خرمەی بێزارکەری دەنگی تفەنگی هێزە بێبەزەییەکانی کۆماری ئیسلامی، به سەریاندا دەباری و بڕستی لە گیانی ماندوو و ڕۆحی شەکەتیان بڕیبوو.
دڵۆپدڵۆپ خوێنی دەتکا لە ڕوومەتی دایکان و خوشکان کە لەتاو قارەمانەکانیان ڕنیبوویان و لەناکاو دەبوورانەوە. ئەو ڕوومەتە ناسک و پەریئاسایانەیان کە لەبەر تاوی بەتاوی هاوین و گەردی پیسی پاییز وەها تێکەڵ بە خوێن ببوو کە کەس کەسی نەدەناسییەوە.
باوک و براکان لێوبەبار و شەکەت، لەتاو ئازیزەکانیان نەترسانە و بە دەستی بەتاڵ، هوروژمیان دەکردە پاسداران و جەللادانی ڕژێم و بەندیخانەکەیان. لە بەرانبەردا سەربڕ و میرخەزەبەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تێهەڵدان و بێڕێزی، بە هەڕەشە و گوڕەشە وەڵامی دەدانەوە. جەستە و رووخساریان ئاسەواری برین و شوێن مست و شەقی پیاوانی کۆماری ئیسلامییان پێوە دیار بوو. ئاخ چ رۆژێکی رەش و تاڵ بوو. کورد گوتەنی:
(وەک رۆژی حەشرێ وا بووو، باب کوڕی خۆی نەدەناسییەوە).
کۆمەڵێک مرۆڤی بێدەرەتان که ئازیزترین کەسەکانیان دوای بێڕەحمانەترین ئەشکەنجەکانی جەللادانی کۆماری ئیسلامی تیرەباران کرا بوون و له گۆڕستانی بەناو لەعنەت ئاوای ورمێ ژێر گڵ کرابون. به دوای زیاتر لە دو کاتژمێر و نیو شەر و ململانه له نێوان سەربڕەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، به مست و شق و باتووم ناچار کران سواری پاسەکان بن و بەرەو مەهاباد وەرێکەونەوه.
هەرای شین و گابۆڕ گوێچکەی کەشکەڵانی کەڕ دەکرد. جەرگی دەویست نەتوێتەوە. دڵی دەویست بەرگە بگرێ. لە گەرمەی گەرمەشیندا، پیاوێکی ڕدێن چەرمۆ بە دەنگێک بەرز گوڕڕاندی:
- من قەبرەکەم هەڵدایەوه، من حوسێنم ناسییەوه.
پاسەکه بۆ چەند چرکه بێدەنگ بوو که لە پڕ کەسێ قیژاندی:
- ئەو ژنە بوورایەوە
هاواریان کرد:
- قەنداوی بۆ بێنن.
ئاخ چ تاڵ بو قەنداوی کۆچیی هاوڕێ حوسێن بۆ خوشکە ڕەشپۆشەکەی. ئای کە تاڵ بوو…
بەم چەشنە ژیانی هاوڕێ حوسێن هەڵسوراوی شانه نهێنییەکانی کۆمەڵە له شاری مەهاباد، بەدوای هەزاڕان هەلسوکەوت و بێرەحمانەترین ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی، کۆتایی هات و هاوڕێ لەگەڵ ٣٢ کوڕ و کچی شۆڕشگێری کۆمەله و یەکیەک له براکانی به ناوی موسی له زیندانی ورمێ تیرەباران کران و له لەعنەت ئاوای هەمان شار ژێر گڵ کرا.
لەدەستدانی نەمر “حوسێن پەیەمبەرنیژاد” بۆ کاری تەشکیلاتی و بۆ جەستەی شانە نووستووەکانی کۆمەڵە لە شاری مەهاباد و دەوروپشتی، گورزێکی جەرگبڕ بوو کە کەلێنەکەی درەنگی کێشا تا پڕ ببێتەوە.
ئەوەش وای کرد کە بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوەیە و بە ڕێگای جۆراوجۆر خەم و پەژارەیان دەرببڕن و بە ڕادیۆ و بە چاپەمەنییەکانیانەوە لەسەر نەمر حوسێن بنووسن و بە خسارێکی مەزن لە کۆمەڵە پێناسەی بکەن. تەنانەت لەسێدارەدانی نەمر حوسێن وای لە “رەحیمە ڕەش” ئەندامێکی پلە باڵای کۆمەڵە کرد کە، له زستانی ساڵی ١٣٦٣ و له سەردانێکی نهێنی بۆ ناوچەی مەهاباد، مەترسی گیانیی بە گیان بکڕێتەوە و بە نوێنەرایەتی لە کۆمەڵە بێت و سەرەخۆشی له بنەماڵەی حوسێن بکات و لەدەستدانی ئەو به خەسارێکی گەوره بۆ بزوتنەوەی حەقخوازانەی کوردوستان و به تایبەت بۆ کۆمەڵه وەسف بکات.
ئەگەرچی نەمر حوسێن به هۆی ئەرک و چالاکییە نەهێنییەکانی کەمتر له ناو بەشی ئاشکرای کۆمەڵه دا ناسراو بوو، بەڵام کەسایەتی جوان و خۆشەویتەکەی وەها تێکەڵ بە ورە و ئازایەتییان ببوو کە یادی ئەو هەنووکەش له ناو دڵی هاوبیران و هاوڕێکانیدا زیندوویە و دەژی.
حوسێن له ئێوارەپاییزێکی ساردی و لە ڕێکەوتی ٢٤/٨/١٣٣٤ هەتاوی (١٦-١١-١٩٥٥زایینی) له بنەماڵەیەکی مامناوەندی و فەرمانبەر له مەهاباد لەدایک بوو. باوکی ناوی “سەید سمایل” و دایکی ناوی “زبێدە سیروانی” بوو. کوڕێکی بە ئێتیک و بە پڕەنسیب بوو. ڕەوشتی جوان و ئاکاری میرخاسانە هەر لەخۆی دەهاتەوە. بێدەنگ و نەرم و نیان دەدوا. ڕاگرتنی دڵی خەڵکی بەلاوە گرینگ بوو. سەرەڕای ئەوە کە تەمەنی کەم بوو بەڵام هەڵسوکەوتی لە پیاوێکی وێچوو و وەنێوکەوتوو دەچوو. گرینگییەکی زۆری بە بنەماڵەکەی خۆی دەدا. دەگەڵ براکانی چەشنی ڕەفێق هاواڵ وابوو و پرێچکەی دڵیان ئاڵوگۆڕ دەکرد.
ئەو کە تا وەرگرتنی دیپڵم درێژەی بە خوێندن دا، هەموو سالێک لەپاڵ دەرس خوێندن و چوون بۆ مەدرەسە، کاتی پشووی هاوینان دەستی دەکرد به کرێکاری تا تێچووی خۆی پەیدا بکات و بەو چەشنە یارمەتی بنەماڵەکەی بکات. ئەو کە ژیانی کرێکاری و ئێش و ئازارەکانی زوڵمی چینایەتی بە ڕەگ و پێستی هەست پێکردبوو و دەستە قەڵشاوەکانی کە لە پەنجە جوان و لاوەکەیدا زاریان داپچڕیبوو، شایەدی ئەو ڕەنج و کوێرەوەرییانەی بۆ دەدا و هەر ئەوانەش هاندەری بوون تا زیاتر لە ئازاری نەتەوەکەی بگات و ببێتە شۆڕشگێڕێکی مرۆڤایەتی، کوردایەتی و یەکسانی.
له بەرامبەر کولتووری دواکەوتوو و دابی پیاوسالاری، هەلوێستی هەبوو و هیچکات بێلایەن نەبوو و بە هێز توانایانەوە بۆ گەشەی کۆمەڵگاکەی پێشەنگ بوو. بۆ بردنەسەری ئاستی زانیاریی خۆی و خەڵکانی دەوروبەری کتێبخانەیەکی ساز کردبوو بێ بەرانبە کتێبی دەدا پێیان تا بیخوێننەوە. بە واتای وشە ڕوناکبیرێکی “ئاڤانگارد” و پێشڕەو بوو.
حوسێن له سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ گەلانی ایران، له بەرەی خەڵک بوو دژی کاربەدەسان و جەلادانی ڕژێمی شا چالاکی دەکرد و لە خۆپێشاندانەکاندا هەلسوراو و بەشدار دەبوو. بە دوای ڕوخانی رژیمی پاشایەتی، کۆمەڵەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و هیوا و ئاواتەکانی خۆی دژی زوڵم و زۆر و وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد هەڵبژارد و هانی خەڵکانی دەوروپشتی خۆی دەدا تا بە یەک هێز و بە یەک تین تواناکانیان دژی زۆرداری کۆ بکەنەوە. کار و ئەرکەکانی حوسێن، وەک بانگەشە، دۆزینەوەی و دەستنیشان کردنی هیزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها رێنوێنی کردنی کەسانێک بوو که دەیانهەویست بچنە ڕێزەکانی کۆمەڵه.
حوسێن توانی یارمەتی زۆر کەس بەتایبەت هەندێک لە پلەباڵاکانی ڕێکخراوەکەی خۆی بدات کە دەربازیان بکات و تێکەڵ بە هێزەکانی کۆمەڵەیان بکات. حوسێن له هاوینی سالی ١٣٦٠ هەتاوی بۆ ماوەی سێ مانگ دەگیڕێ و بە هۆی خۆڕاگری له زیندان بەردەدرێ. له زستانی هەمان سال و لە شەوێکی سارد و بەستەڵەکدا له کەمینی هێزه داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەوێ و خۆی دەیگێراوه که کاتێک تەققەیان لێ دەکردم و هەڵدەهاتم، بە هۆی لووسبوون و خلیسکی رێگا، دەکەوتم و هەڵدەستامەوه، ئەوه هۆکارێک بو که بەر گوللەکان نەکەوم. حوسێن دەتوانێ کۆڵانبەکۆلان هەڵێت و بە ڕێگای سەربانی ماڵاندا خۆی له ماڵێەک دەهاوێ و خاوەن ماڵەکه بۆ ماوەی دوو ڕۆژ له ماڵه خۆی حەشاری دەدا و پاشان خۆێ دەگەیێنێتە، بنکەیەکی کۆمەڵه له “حاجیاڵیکەند”. ماوەیەک له حاجیاڵیکەند دەمینیتەوه و دیسان بەشی نهێنی بۆ چالاکی و تێکۆشانی خۆی دژی کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێرێتەوه و ڕوو دەکاتەوه شاری مەهاباد.
حوسێن دوای هەزاران جار چالاکی و ململانەی بێورانە دژی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، له نیوەشەوی یەکەمی جۆزەردانی ساڵی١٣٦٢هـ (٢٢-٥-١٩٨٣ز) لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، دەورەی ماڵییان دەدرێ و به هێزیەکی زۆڕەوه هاورێ دەگەڵ برا چکۆلەکەی کەریم، دەستبەسەر و دەکەوێته ژێر دڕەندانەترین ئەشکەنجەکانی جەلادانی کۆماری ئیسلامی.
حوسێن دەتوانێ لیباسی ژێری خۆی که جیگای سووتان و خوێن و ئەشکەنجەی پێوه دیار بوو له زیندان بنێرێتە دەرەوه. هەبوونی ئەو جلانەی نەمر حوسێن ئەوەندە ئازاربەخش بوو کە هەرکات ئەندامانی بنەماڵە چاویان پێێ دەکەوت سەرلەنوێ برینی لەدەستدانی حوسێن و هەموو کوڕەکانی بنەماڵەمان تازە دەبووە. بەتایبەت دایکمان وەخت و بێوەخت دەردیدەهێنا و گەرمەشینی لەسەر دەکرد. ساڵانێکی زۆری خایاند تا دایکی حوسێن قاییل بوو جلە خویناوەیەکانی نەمر حوسێنی بنێژێت تا چیدی ئەو جلانە نەبنە هۆی بیرهێنانەوەی ئەو ئەشکەنجە و ئازارانەی کە بەسەر نەمر حوسێنیاندا پەیڕەو کرابوو و لە ئاکامیشدا نەبێتە ئەشکەنجەیەکی دەروونی بۆ ئەو بنەماڵەیە.
نووسینی: عەلی پەیەمبەرنیژاد، برای شەهیدانی لەسێدارەدراو حوسێن، کەریم، موسا پەیەمبەرنیژاد.