Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بیرەوەرییەکانی ناو زیندان – کەژاڵ بلوری – بەشی سێهەم

بیرەوەری ناو زیندان – کەژاڵ بلوری – بەشی سێهەم

ڕۆژە ناخۆشەکانی بەندیخانەی تەورێز و دووری  لە بنەماڵە و فشار و کۆسپی موجاهیدەکان هەر وا بەردەوام بوو، ڕۆژ و شەو دەهات و ھەر جارەی شتێک دەقەوما و شتی تازەش فێر دەبووین. چوون ئیزنمان نەبوو بە کوردی قسە بکەین وعەجەمەکان بە ئازەری قسەیان دەکرد ئێمەش فێری زمانی ئازەری بووین. ئەو زمانە دوایی بە کارمان هات. نانی زیندان زۆر ناخۆش بوو بەیانیان  نانەکەمان هەموو هەویر بوو ئێمەش هەویرەکەمان دەر دێنا و گوڵمان پێ ساز دەکرد. هەڵبەت ئەوەی لە کچە چەپەکان فێر بووین. ڕۆژێک کچە سەقزییەکان لە ساڵڕۆژی پێشمەرگەیەگی گیانبەختکردووی کۆمەڵە کە خوشکەکەشی لەگەڵمان لە زیندان بوو، بە هەویری نانەکان ئەستێرەیەکی جوانیان سازکرد و ساڵرۆژیان بۆ گرت. نازانم کێ گوزاریشی دابوو، هاتن بۆ پشکنین کە یەکێک لە کچەکان هەویرەکەی قووت دا بۆ ئەوەی نەیدۆزنەوە.

خواردنی نیوەڕۆیان ئاوگۆشت یا ئاش بوو کە بە بۆنی کافورەکە ژانە سەرمان دەگرت و نەماندەخوارد بەڵام، ئێمەش فێر ببووین گۆشت، یارەماسی، نۆک و لووبیاکەمان لەناو ئاوگۆشتەکە دەر دەهێنا و دەمانشووشتەوە و دوایی بۆخۆمان چێشتمان پێ ساز دەکرد.

ڕۆژیک مەنجەڵێکیان ئاش هێنا و مەسئوولی دابەش کردن مەلاقەکەی لە مەنجەڵەکەی نا تا ئاشمان بۆ تێبکات کەچی، هەر کە مەلاقەی بە ئاشەوە هەڵێنجی قۆماشێک  بە مەلاقەکەوە هاتە دەر. ئێمە کە بۆ وەرگرتنی چێشت لە ڕێچکە ڕاوەستابووین تێکڕا قیژاندمان و ئەو ڕۆژە کەس نانی نەخوارد. دوایی ئاشپەزەکە هاتە لامان گوتی: لیباسی ژێرەوەم شووشتبوو، هەڵمخستبووە ئێستا ون بووە و نازانم چی لێھاتووە!

حەفتەی جارێک دەچووینە حەمام کە لە دەرەوەی بەند بوو. موجاهیدەکان بەر لە ئێمە دەچوون و هێندە پیسیان دەکرد کە ئێمە ناچار دەبووین هەموی سەر لە نوێ خاوێن بکەینەوە جا حەماممان کردبا.

وردە وردە لەگەڵ موشکیلات و کەم و کۆسپی زیندان ڕادەھاتین ودەمانتوانی بڕێک لە حەقی خۆمان دیفاع بکەین و هێندەمان زووڵم لێنەکرێ. لە نێو زیندان دا سێ منداڵی کوڕی لێبوو کە تەمەنیان ژێر چوار ساڵ بوو و منداڵی موجاهیدەکان بوون. زۆرجار بە یەکەوە کایەمان دەکرد. نێوی کوڕەکان اصڵان و اشکان  و روزبە بوو. تۆپێکیان هەبوو کە بە پەڕۆ ساز کرابوو، تەنیا شتێک بوو کە هەیان بوو و لە حەساری زیندان زۆرجار کایەمان پێکەوە دەکرد. تەمەنی یەک لە کوڕەکان بوو بە پێنج ساڵ و لە دایکیان جیاکردەوە و ناردیانە دەرەوەی زیندان، دەیانگوت کە ئیتر گەورە بووە و نامەحڕەمە. ئەو ڕۆژەی کە ئەو کوڕەیان برد زۆر ڕۆژێکی ناخۆش بوو. دایک و کووڕ نەیاندتوانی لێک جیابنەوە، ئەوەندە دیمەنێکی دڵتەزێن بوو کە  هەموومان بۆیان دەگریاین. ڕۆژانی ناخۆشی وامان زۆر دیت. ئێمە دڵمان پاک بوو لەگەڵ نارەحەتی و پەرۆشی ئەوان دەگریان و ئەوان ئێمەیان ئازار دەدا.

حەلیمە ئاغایی دایکی نووسەر و دایکی نەمر کەریم و رەحیم بلوری بە ھۆی وەیکە دایکی ئەو تێکۆشەرانە بوو شەش مانگ زیندانی کرا.

پێنجشەمۆیان شەوەکەی دۆعای کۆمێیلیان دەخۆێندەوە. نەوارەکە دەنگی زۆر بەرز بوو و ئێمە ی ئازار دەدا و نەشمان دەوێرا پێیان بڵێین دەنگی کەم کەن کە دەچوون گووزاریشتیان لێدەداین. ژوورەکانی زیندان وا هەڵکەوتبوو کە قاتی خوارەوە هی موجاهیدەکان بوو کە بریتی بوو لە دوو ژووری گەورە، ئاشپەزخانە، ئاودەست، شوێنی دەموچاو شۆردن. قاتی سەرێ سێ ژووری هەبوو کە دوو ژووری هی کوردەکان بوو ژوورێکیش هی عەجەمە چەپەکان. خاوێن کردنەوەی بەندەکە و ماڵین و پاک کردنەوەکەی کاری دوو یا سێ کەسان بوو کە جاروبارە شەڕی لێ ساز دەبوو. کاتەکانمان بە چنین و خواردن و شۆردنی جل و بەرگ تێپەڕ دەکرد.

زۆربەی ئێمە لە دیداری بنەماڵە بەدوور بووین بەڵام، جل ومیوە و خواردنمان بۆ دەهات. دوای ماوەیەک زانیمان کە هەموو حەفتەی جارێک بنەماڵەکان بەگەرمای هاوین و بەسەرمای زستانێ ئەو ڕێگا دوور و درێژەی مهاباد تەورێز دەپێون و بەو هیوایە کە جارێکی تر چاویان بە ئازیزانیان بکەوێتەوە بەڵام، زۆربەیان بە ناهومێدی دەگەڕانەوە. پووڵی ڕێگاشیان دەدا و گریان و ناهوومێدیش جەرگی وەژان دەخستن. یانی جگە لەو هەموو ئازار و پەژارەی زیندان خەمی بنەماڵەش زۆری ئازار دەداین. ئەو کارەش وەک ئەشکەنجەیەکی ڕۆحی وا بوو کە لەسەر ئێمەش و لەسەر بنەماڵەکانمان پەیڕەویان دەکرد.  پێموابێ دوای سێ مانگان توانیم دایکم ببینم ئەویش لە پشت جامی شووشەوە. دیدار لەگەڵ دایکی دڵشکاوم دوای ماوەیەکی زۆر بێ ئەوەی بتوانم  لەباوەشی گرم، پڕبوو لە دڵڕاوەکێ. سەرباقی ئەوەش دەبا بەفارسی قسەمان کردبا. دایکم بەزۆر پێش هەڵوەرینی فرمێسکەکانی دەگرت کە نەڕژێتە خوار تا ورەی من تێک نەدات. نەیدەتوانی قسەبکا و هەر چاوی لێدەکردم. باوەڕی نەدەکرد من خۆمم، چوون پێیانگتبوون ئەوانەی وا لە تەورێزن هەموویان ئێعدام کردوون (ئێعدامی 43 و59) لاوی کورد. پاسداڕێک لە پەنامان ڕاوەستابوو، کاتێک بە کوردی وشەیەکمان گوتبا لە شووشەکەی دەدا. دیدارەکە زۆر ناخۆش بوو چەند وشەی فارسیمان بەیەکەوە قسە کردوو زۆرتری شتەکان بە ئیشاڕە بوو. لەبەر چاوم دایکم زۆر تێکشکابوو، فرمێسک و ناڕەحەتیم لە نێوچاوانی هەست پێدەکرد. گوتم ئیدی مەیە بۆلام ئەو ڕێگا دوور و درێژە مەپێوە گوتی جارێکی دیکە لەگەڵ باوکت دێم. دیدارەکە دە خوولەکێ خایاند و تەواو بوو. لەپاشان خەمێکی زۆر هەموو ڕۆح و جەستەمی داگرت. ئێمە جێگامان بۆ دەبێ لە بەندیخانە بێ؟ ئاخر چیمان کردووە؟ ئێمە دەبێ ئێستا لە قووتابخانە بین و دەرس بخۆێنین و دڵداری دەورانی لاوێتی بکەین بەڵام، ئێستا لەو جێگا ناخۆشە و لە ژێر ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییەی بەسەر ئێمە و بنەماڵەکەماندا پەیڕەوی دەکەن، تەنیا قین و تووڕەییمان دژی داگیرکەرانی کوردستان و وڵاتەکەمانی زۆرتر دەکرد. ڕووخساری دایکم و کوڵی گریانی ناو ئەوکی، تا چەند ڕۆژان لەبەر چاوم  ون نەدەبوو. نامەیەکم بۆ ماڵەوە نووسی و تکام لێکردن ئەو هەموو ڕێگایە نەپێون و نەیەنە سەردانم. باوکم وڵامی نامەکەی بەخەتێکی خۆش نووسیبوو کە تامەزرۆی دیدارمە وەک یاقووب باوکی یۆسف … وشێعرێکی جوانیشی نووسیوو.

عبدوڵا بلوری باوکی نووسەر ، پاش ئێعدام کردنی کاک کەریمی کوریان و شەھید بوونی کاک رەحیمی کوڕیان و گرتنی کچ و کوڕەکانی تری، لەگەڵ کۆمەلێک لە دایک و بابانی بنەماڵەی پێشمەرگە و زیندانیکراوان دوورخرانەوە بۆ شاری دامغان.

پازدە ڕۆژ دوایی باوکم و دایکمم لە پشت جامی شیشە دیت کە باوکم پێیگوتم دوای گرتنی من ئەویشیان بۆ دامغان تەبعید کردبوو، ئێستا گەڕاوەتەوە. باوکم زۆری دڵداری دام و پێیگوتم کە شانازیم پێوە دەکا و داوای لێکردم هەموو کات خۆڕاگڕ بم و لە هیچ نەترسێم. پاسدارەکە چەند جار لە شیشەکەی دا کە نابێ وا قسە بکا بەڵام، باوکم پەیامی خۆی گەیاندوو دڵی پڕ کردم لە هومێد و خۆڕاگری و خۆشی. کاتێک گەڕاینەوە زیندان، حەوشی زیندان پڕ بوو لە بەفر، لە خۆشیی ئەو دیدارە و ئەو دڵگەرمی و ورەیەی باوکم پێیدابووم، دەگەڵ منداڵەکان کردم بە کایە و گەمە و بە بەفر تۆپمان ساز دەکرد و قومارمان دەکرد. لە گەرمەی یاری و سۆعبەتدا بووین کە هەواڵی گوللەباران کردنی باوی ئەسڵان، منداڵە بچووکەکەی ناو بەندیان هێنا.  ئەو ژنە موجاهیدە کە مێردەکەیان گوللەباران کردبوو و منداڵەکەیان بێباوک کردبوو، ئیزنی نەبوو شین بگێڕێ بەڵام، فرمێسک هەڵوەراندنی  بێ قیژە گابۆڕ، گریانی بە بێدەنگی ئەو ژنە بیرهێنانەوەی ئەو ئازارە ئاشنایەی هەموومان بوو. ئەو ڕووداوە خەمێک و تەمێکی زۆری دا بە بەندیخانەکەمان و بەفری زستانی ساردی بەندیخانەی تەورێز بە فرمێسکە لەخوڕەکانمان توایەوە.

درێژەی هەیە