نەمر عوسمان خاکی کوڕی عەلی و مەعسومە لە ڕێکەوتی ٩⁄١١⁄١٣٤٤ لە ئاوایی “حەسەن سالاران” لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە دایک بوو. ھێشتا مێرمنداڵ بوو ماڵیان چوو بۆ شاری سەقز و لەوێ چوو بۆ قوتابخانە و تا پۆلی نۆ دەرسی خوێند، بە ھۆی دەستکورتی بنەماڵەکەی نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات و بۆ هاوکاری و دابینکردنی بژیوی بنەماڵەکەی لە دوکانی نەجاری(دارتاشی) باوکی دەستی بە کارکردن کرد. کاک عوسمان بوو بە نجاریکی(دارتاشێکی) لێهاتوو. هاوکات نەمر عوسمان لە دەورەیەکی دەرمانی ناوشاردا بەشداری کرد و کاتێک بوو بە پێشمەرگە بەو پەڕی لەخۆبووردوویی و دڵسۆزی تیماری برینی پێشمەرگە و خەڵکی لێقەوماوی
دەکرد. ئەو نەمرە خاوەن کەسایەتێکی بەرز، ئینسانێکی مێهرەبان، رووخۆش و لەسەردڵان بوو.
نەمر عوسمان ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بوو بە پێشمەرگەی (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران). تا ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە ریزی ئەو حیزبەدا درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی خۆیدا ساڵی ٦٤ بە ناڕازی بوون بە شەڕی نێوان کومەڵە و دیموکڕات ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی جێھێشت و گەڕایەوە بۆ نیو شاری سقز و خۆی تەسلیم کردەوە. ئەو کە لە ناخی دڵەوە دژ بە شەڕی ناوخۆیی بوو بەڵام، باوەڕی پتەویان بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و ناڕەزایەتی بەرانبەر زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی ئێران وای کرد کە بە شێوەی نهێنی و لە توێی شانە نهێنییەکانی حیزبی دیموکڕاتدا ڕێک بخرێتەوە و درێژە بە کار و چالاکی حیزبی بدات.
لە دریژەی هەوڵ و تێکوشانی رێکخراوەییدا، سیخوڕانی کۆماری ئیسلامی چاویان خستە سەر. لە ٥/١/١٣٦٩ی هەتاوی پاش ماوەیەکی کورت بە دووای دەسبەسەرکردنی بە شێوەیەکی زۆر گوماناوی و لە کاتێکدا دیل و دەستبەستە و بێدەرەتان بووە، لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تەقەی لێدەکرێ و گێانی بەخت دەکا. رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاساوی کوشتنی نەمر عوسمان، ڕایانگەیاند کە لە گەڵ پاسداری کێشک دەستەویەخە بووە و هەوڵی دەربازبوون لە زیندانی داوە و پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەسرێژی تەقەی ڕاستەوخۆ گێانی پاکی لێ دەستێنن و دڵی پڕ لە هیوا و خۆزگەکەی نەمر عوسمان لە لێدان دەکەوێت و وەک هەموو ئەو مۆمانەی کوردستان دەکوژێتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران تا ماوەی یەک مانگ تەرمی نەمر عوسمان ڕادەگرن و ڕادەستی بنەماڵەی ناکەنەوە، بنەماڵەی ئەو نەمرە بە هەوڵی بێپسانەوەی خۆیان، دوای یەک مانگ تەرمی ئەو نەمرە وەردەگرنەوە.
نەمر عوسمان وەک خەباتکارێکی ڕاستەقینە لە ڕیگای ئازادی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان گێانی پاکی بەخت کرد.
یاد و ناوی نەمر عوسمان بەرز و بەرێز بێ.
بەرێز کاک عەلی ئەحمەدی ئەرکی نوسینی ئەو یادکردنەوەی کێشاوە.
ماڵپەڕی نەمران وێرای رێزلێنان لە گێانی پاکی نەمر عوسمان خاکی و رێز و حورمەت بۆ بنەماڵەی ئازیزی ئەو نەمرە، ئەوە وەبیر خۆێنەرانی دێنێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ شێوە و میتۆدێک سڵی نەکردۆتەوە بۆ سەرکوت کردنی خەباتی حەقخۆازانەی گەلی کوردستان. یادی نەمر عوسمان خاکی ئەو ڕاستێمان بۆ دەسەلمێنێ کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ داپۆشینی تاوانەکانی، هەر نەمرێک کە گێانیان لێستاندوون بە شتێک تاوانباریان کردوون. تەقەی ڕاستەوخۆ لە کەسێکی دەسبەسەرکراو لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ناتوانێ هیچ پاساوێک هەڵبگرێ. کارنامەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چل ساڵەی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە هیچ دەنگێکی ئاشتیخوازانە و جیاواز قەبوڵ ناکات و لە سڕینەوەی فیزیکی نەیارانی خۆی لە بەکارهێنانی هیچ گوێرە بیچمی کوشتن دۆش دانامێنێ. تاوانی کوشتنی نەمر عوسمان خاکێش هەروەک زنجیرە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەوێڵی چڵکن و ڕەشیاندا دەمێنێتەوە.