حەبیبوڵا چراغی کوڕی سان ئەحمەد لە ساڵی ١٣٢٧ی ھەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە گوندی زەردۆئی سەر بە پاوە لە دایک بوو.
خوێندنی سەرەتائی لە گوندی زەردۆئی تەواو کرد.
ساڵی١٣٤٨ی ھەتاوی لە گەڵ خاتوو گەلاوێژ حەیدەری کچی شەھید حاجی عەبدوڕەحمانی حەیدەری ھاوسەرگیری دەکات و لە شاری پاوە نیشتەجێ دەبێت، ئاکامی ھاوسەرگیرییان دوو کچ و کوڕێکە.
پێشەی کاک حەبیب بازرگانی و تیجارەت بوو و لەو ڕێگایە سەرکەوتنی زۆری بە دەستھێنا و جێگای متمانە و باوەڕی خەڵکی ناوچە بوو.
بە ھۆی پیشەکەیەوە، سەردانی زۆر ناوچەی کوردەواری دەکات و پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی ھەتاوی لە گەڵ پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتیمانیی کوردستان پێوەندی بووە و پاڵپشتی داون و یارمەتی ماڵی گەیاندۆتە دەستیان.
لە دەستپێکی شۆڕشی ٥٧ بە دژی ڕیژیمی پاشایەتی تێکۆشانی زۆری ھەبوو و پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بە تاڵانچووی گەلانی وە زاڵەھاتووی ئێران و ھەست کردن بە سەرکوت و زەبر و زەنگی ڕیژیمی تازە بە دەسەڵات گەئیشتوو بە دژی گەلی کورد، چووە نێو ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاوە.
پاش لەشکەرکەشی ڕژیم بۆ پاوە و فیتوای جیھادی خومەینی بە دژی گەلی کورد لە گەلاوێژی ١٣٥٨ی ھەتاوی ناوبراو و چەند ھاوڕێی کە چەکی پارێزگاری لە خاک و نیشتیمانیان لە شان کردبوو و ئامادە نەبوون خاکی کوردستان بکەوێتە دەستی داگیرکەران و دوژمنان، خۆڕاگرانە و قارەمانانە دیفاعیان لە شار و خەڵک دەکرد.
ماڵیان لە لایەن لەشکری داگیرکەری کوردستان گەمارۆ دەدرێت و زۆر بوێرانە و بە دەست و برد بەرەنگاری دوژمن دەبنەوە، کاتێک لەشکەری جیھاد و پارێزەرانی تاریکی ھیچ ڕێگا چارەیەکیان نامێنێ، پەنا دەبەنە ئازار و ئەزیەتی ژن و منداڵ و ھەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن.
حەبیب و ھاوڕێیانی بۆ پاراستنی گیانی ژن و منداڵی نێو ماڵەکە و نەڕشتنی خوێنی بێتاوانەکان چارەیەکیان بێجگە لە خۆ بە دەستەوە دان نامێنێ.
پاش گەئیشتنی خەڵخاڵی بۆ پاوە بە زووترین کات و بە بێ دادگائیکردن، حوکمی ئیعدامی
٩ کەس لە لاوانی شار دەدرێت و بەرەبەیانی ٣٠ ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی ھەتاوی بە فیتوای جیھادی خومەینی و بە حوکمی ناڕەوای خەڵخاڵی تەنیا بە تاوانی کورد بوون و بەرەنگاری لە کەرامەت و نیشتیمان لە حەوشەی نەخۆشخانەی پاوە، شەھید حەبیب وێڕای ھەشت کەسی دیکە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە گولە باران دەکرێن.
ڕۆحی شەھید حەبیب و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان شاد بێت.