Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بە یادی پێنج گوڵی سوور – بیرەوەرییەکانی ناو زیندان – پڕشەنگ بلوری

کات تێپەر دەبێ و تەمەن دەڕوا و زەمەن ناوەستێ. منیش هەڵگری کۆمەڵێک بیرەوەریم لە چەند هاوڕیی ئێعدامکراوم، کە بە دیتنی ناوی ئەو ئەزیزانە لە لیستی نەمران، هانی دام بە کورتی یادیان بکەمەوە.

بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا و هەڵدانەوەی لاپەرەکانی ژیانم، چەند قۆناغی زۆر گرینگ هەیە، کە باسکردنیان یان وەبیرهێنانەوەیان،  ئازار و برینەکانی سەردەمی لاوێتیم دەکلوێنێتەوە. فیداکاری و گەورەیی ئەو هاوڕێیانەی، کە لە گەڵیان بووم، وەک وەفایەک بۆ تاک بە تاکیان، وام لێدەکات لە ئاستیان سەر نەوی بکەم و زەخت لە ڕوح و ڕەوانی خۆم بکەم و ئەم چەند دێڕەتان پێشکەش بکەم.

کوشتن و ئێعدام و سەرکوتکردنی خەڵک بەتایبەتی خەڵکی کورد، کاری ئەمڕۆی کۆماری  ئیسلامی نییە. هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری، هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر کوردستان و ئەو وڵاتە جوانەی کرد بە شوێنی تاقیکردنەوە و زۆرانبازی خۆی و هەرچی توندوتیژی و وەحشیگەری لە توانایدا بوو، دژی گەلی کورد بە کاری هێنا، تەنانەت ڕوحمی بە منداڵی سەر بێشکەش نەکرد و ماڵ نەبوو جەرگ سووتاو  و داغدار نەبێ و ئازاری نەکێشابێت. ئەوە لە کاتێک دایە کە تازە هاتووەتە  سەر کار و هێشتا  سەقامگیر نەببوو، پشتی ئەستوور نەبوو بە چەکی ئەتۆمی و نەببوو بە کەڵەگا لە سەر خەڵکی ئێران و دونیایە. دەبێ ئێستا کە چل ویەک ساڵ تێدەپەڕێ، چیها جەنایەتی دیکەی بۆ خۆی تۆمار کردبێ. وا بزانم هەمووتان تا ئێستا بۆتان دەرکەوتوە. بەڕاستی لە گەڵ هیچ دیکتاتۆرێکی زەمانە بەراوەرد ناکرێت.

ئەوکات بەداخەوە ئێران زۆر داخراو بوو و هیچ رێگایەکی پێوەندی لە گەڵ دونیای دەرەوە نەبوو کە خەبەر و دەنگی خەڵک ببیسرێ و لە ئەو جەنایاتانە و ڕاستییانەی کە سەبارەت بە گەلی کورد دەکردرێت ئاگادار بێ و دەنگ و هاواری بگاتە  گوێی جیهانیان.

نەمر مرێم فاروقی

پاییزی ساڵی ١٣٦١ هەتاوی ، بەرابەر بە ١٩٨٢ی میلادی، ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەر لە ڕۆژێکی زۆر سارد و بەفراوی، بەریبەیانی کە تازە لە خەو هەستابووین، نەمانزانیبوو کە گەمارۆی ماڵی ئێمەیان داوە، چەند پاسداری چەکدار هاتنە ناو ماڵەوە و دەستیان کرد بە پشکنین. هاتبوون ئەمن بگرن، دوای گەڕان ودیتنەوەی هیندێک مەدرەک(بە ئیستلاحی خۆیان) من و خوشکەکەمیان ڕەپێچکدا و لە گەڵ خۆیان برد. هەر چەند باوکم وتی منیش لە گەڵیان دێم، بۆ کوێیان دەبن، فایدەی نەبوو، کوتیان چەند پرسیاریان لێ دەکەین و دەیانهێنینەوە. من گەڕامەوە و باوکم دڵنیا کردەوە کە وا بەزوویی بەتەمام نەبن و نامگەڕێنەوە.

ئێمە بەند کراین و دوای ماوەیەکی لە ژووری تاکەکەسی و لێپرسینەوە، کە ناچمە نێو وردەکارییەکەی، گواستیانمەوە بۆ ژووری چەند کەسی (کە پێمان دەکوت عومومی). ئەوە بوو بە سەرەتای ئاشنایم لە گەڵ هاوڕێیانی بەندکراو.

لە خۆم دەپرسی چۆن دەست پێ بکەم و لە کوێڕا بنووسم، چۆنی خولاسە کەمەوە. ئەگەر باسی هەموو وردەکارییەکان بکەم زۆر هەڵ دەگرێ، ئەگەریش کورتی کەمەوە نوقسانە. قەناعەتم بە خۆم هێنا کە بە کورتی لە سەر  ئاخرین دیدارمان و ماڵئاوای بدۆیم کە هیوادارم هیچ نەبێ، ناویان بە زیندوویی یاد بکرێتەوە و لاپەڕەیەکی ونی مێژووی خەباتی کچان و ژنانی کورد کە بە خوێنی خۆیان سەروەریان بۆ خۆیان و  گەلەکەیان تۆمار کرد، بەرز ڕابگرین.

من ئەو ئەزیزانە قەت لە بیر ناکەم و تا ئەو کاتەی گڵەبانی چاوم دەکەن بە یاد و بیرەوەریەکانیان دەژیم وهەمیشە لە نێو دڵی من و هاورێ بەندێکانیان بە زیندوویی دەمێننەوە. ئاخر ئەو ئەزیزانەی ئێمە، هیچیان تەمەنیان لە هەژدە ساڵ تێنەپەڕیبوو، ١٦ و ١٧ ساڵ بوون. بەڵام هەر بەو تەمەنە کورتەش ئاسۆی ڕووناکی ڕێگای ئازادی و هەڵگری مەشعەلی بزووتنەوەی ژنانی کوردیان بە دەستەوە گرت و گەیاندیانە لوتکەی بەرزی خۆی.

ئازیزان زۆر بیرم کردەوە و گەرام کە جوانترین وشە، جوانترین هەڵبەست بدۆزمەوە کە شایانی وەسفی یارانم بێ و یارمەتیم بکا بە ئێوەیان بناسێنم. بەڵام هیچم بە نەزەر نەگەیشت، تەنیا ناوی بەرزی خودی خۆیان نەبێ کە هەموو وەسفێکی جوانی لە گەڵ خۆی دێنێ.

مەعسومە سەرهەنگی، سەفییە محەمەدی، نەرمین کەریمی، نەسرینی پاکنیا، مەریەمی فارووقی، ئەو کەسانەن کە ئێوە لە گەڵیان ئاشنا دەبن.

نەمر مەعسومە سەرهەنگی

هەر چەند زەمەنێکی زۆر لە ئەو کات تێدەپەڕێ، بەڵام بۆ من هەر دەڵێی دۆینێ بوو. یەکەمجار مەعسوومم لە زیندانێ دیت. بنەماڵەکەیم دەناسی، بەڵام خۆیم نەدیتبوو. هەر لە هەوەڵ چاوپێکەوتنمان ئێحساسێکی زۆر نیزیک لە لامان دروست بوو، دەتکوت ساڵانێکە یەکتر دەناسین و ڕەفیقین. مەعسووم تا بڵێی گەرم و گوڕ، سادە و خۆش بەرخورد، پاک و بێ ئالایش، خوێنشیرین و جوان و زۆر زوو دەکەوتە ناو دڵت.  بەڕاستی بە مانای وشە مەعسووم بوو. شاد و دەم بە پێکەنین بوو،هەستی بە نیگەرانی نەدەکرد، شایەد نەیدەزانی. یا ئەسڵەن نەیدەویست بزانێ چارە نووس بەرو کوێی دەبا وچی بە سەر دێنێ . پڕ لە وزە و موسبەت بوو، بەو سفەتە جوانانە کاریگەری لە سەرهاوبەندەکانیشی دانابوو. لەگەڵ من هەر زۆر زوو سەمیمی بوو. زۆر شتی لە لا باس دەکردم و بووین بە جێگای متمانەی یەکتری. (هەر چەند لە زیندان ناتوانی زۆر سیقە بە دەوروبەری خۆت بکەی، بەڵام ئەو چەند کەسەی کە لە زیندانی مەهابادێ و دوایی لە ورمییە، کە سەرنەویشتمانی بە یک گرێ دابوو، بووین بە ئەمانەتداری یەکتری). شایەد لەبەر ئەوە بوو کە بنەماڵەکانی یەکترمان دەناسی. مەعسووم پڕ بوو لە ئومید و هیوا و جارجاریش دەچووە نێو فیکر و خەیاڵەوە و یادی دایک و خوشکی دەکرد و غەم هەڵی دەگرت. خۆشەویستێکی زۆری بۆ برا پێشمەرگەکەی کاک سەعید هەبوو و شانازی پێوە دەکرد و زۆر لە سەری حیساب دەکرد.

ئێوارە بوو، نانی شەومان دەخوارد، مەعسووم تازە حەمامی کرد بوو، بڵوزێکی سەوزی لە بەردا بوو، زۆر سەری حاڵ و شاد و ڕاحەت بوو، شۆخی و قسەی خۆشی دەکرد، هەستی بە ئاسوودەیی دەکرد کە هاتۆتەوە لای خۆمان.

نەمر نەسرین پاکنیا

چاووم کە لێکرد خورپەیەک کەوتە دڵم، زۆر نارەحەت بووم، خۆمم پێ سەیر بوو، دەنگم نەکرد. مەعسووم لە بەر چاوم زۆر جوان ببوو، دەتکوت چرایە داییسێ، تیشک لە چاوەکانی بریسکەی دەدا. وادیاربوو نیگەرانێکەم بێ دەلیل نەبوو. کات دە و نیوی شەو بوو، کاتی بێدەنگی و خەو بوو، کە زیندانبان ناوی چوار کەسی خوێندەوە: مەعسوومە سەرهەنگی، نەسرین پاکنیا، سەفییە موحەمەدی و مەریەمی فارووقی ئامادە بن. بەبێ ئەوەی بڵێن شت و مەکەکانتان لە گەڵ خۆتان هەڵگرن، بردیانن.

نەسرینم لە کاتی مەکتەبەوە دەناسی، هەتا بڵیی کچێکی جوان و ئارام، سەنگین و گران، ڕەوشت جوان و پاک و مەتین بوو. کەم قسەی دەکرد و قووڵ بیری دەکردەوە. لەو کاتی هێنایان بۆ لای ئێمە، نیگەرانێک بە دەم و چاوێوە دیار بوو. دڵی ئاوی نەدەخواردەوە کە لە کۆڵی بوونەوە، هەستی بە مەترسییەک دەکرد، بەڵام نەیدەزانی چییە. سەرەڕای ئەوەش زۆر بە ورە بوو، پێیوانەبوو دەیانبەن و ژیانیان لێ وەردەگرن.

سەفییە کچێکی وردیلەی باڵاکورتی خوێن شیرینی دەم بە پێکەنین بوو، پرچێکی درێژی هەبوو تا سەر کەمەری، ئەو قژە جوانەی کورت کردبۆوە هەر کە دەتدوانت پێئەکەنی و چاوەکانی بچوک دەبۆوە و برژانگە درێژ و جوانەکانی زۆرتر دەردەکەوتن. ئاشنایی من و سەفییە و هاوڕێیەتیمان دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاری تەشکیلاتی یا تەنزیماتی نێو کۆمەڵەوە، بۆیە زۆرتر دەمناسی. سەفییە کچێکی بە مەسئولییەت و جێ متمانە و خۆشەویست بوو، ئیشێکت پێ سپاردبا بە باشی بەڕێوەی دەبرد.

کاتێک بانگیان کردن، هەر بە پێکەنینەوە و بە ڕوحییەتێکی بەرزەوە و زۆر نەترسانە ئامادە بوو و ماڵئاوایی لێ کردین. بەڕاستی هەستی بە نیگەرانی نەدەکرد، چون پێیوانەبوو بەجێمان دێڵێ، باوەڕی وا بوو کە حەتمەن دەگەڕێتەوە.

نەمر سەفیە محەممەدی

مەریەمم لە پێشدا نەدەناسی، لە زیندانێ بۆ ماوەێکی کورت بە ئەندازەی کورتی تەمەنی لە گەڵی ئاشنا بووم. کچێکی ناسک و زەریف و ئارام هاتە بەر چاووم. ئەو کاتەم قەت لە بیر ناچێتەوە کە هەر چواریان لە لای دەرگا ڕاوەستابوون و خۆیان ئامادەی ڕۆیشتن دەکرد. هەروەک هاوڕێکانی دیکەی بە دڵنیاییەوە پێی وانەبوو چارەی، یا کۆتایی ژیانی ئاوا بەبێ بەزەیی دەنووسرێتەوە.

ئێمە پێمان وابوو کە دەیانبەن بۆ بازجوویی، یا لێپرسینەوە. کاتی ماڵئاوایی لە ئەو ئەزیزانە، کە ڕەنگە ئێوە باوەر نەکەن، چەندە ڕوحیەیان بەرز و بوێرانە بوو، چەندە ورەیان لە سەرێ بوو،  ئەسڵەن شڵەژاویان پێوە دیار نەبوو، زۆر بە ئارامی و لە سەرەخۆ بەرەو سەرنەویشتێکی نادیار وەڕێکەوتن. کاتێک کە لە گەڵ مەعسوومێ ماڵئاوایم دەکرد، لە گۆێی یەکتری دا ڕەمزێکمان دانا، من ڕووسەری خۆمم دایە و کوتم بەیانی داوای دەکەمەوە، ئەگەر گەیشتەوە دەستم ئەوە دەزانین هەر لە زیندانی ڕەزایەن، ئەگەر بۆیان نەهێنامەوە ئەوە دەزانین بردوویانن بۆ شوێنێکی تر. پێموت نیگەران مەبە، شایەد چەند کاتێکی تر بتانهێنەوە، مادام نەیانکوت شت و مەکەکانتان خڕکەنەوە و بیهێنن لە گەڵ خۆتان مانای ئەوەیە هەر لێرە دەبن. بەداخەوە نەمانزانی ئەوە دواین ماڵئاوای و ئاخرین دیدار و ئاخرین قسەکانمان دەبێ لە گەڵ یەکتری.

بەیانی داهات و هاوڕێکانمان نەهاتنەوە. یەکێک لە هاوبەندێکانمان کە بردبوویان بۆ دوکتور، لە دەرەوەی زیندان، بە ئێعدامی کچەکانی زانیبوو. هاتەوە و باسی ڕووداوەکەی گێڕاوە. کوتی کچەکان؛ دۆینێ شەو ئەو چوار کەسەیان ئێعدام کردووە. بە بیستنی ئەو خەبەرە دڵتەزێنە، هەموومان شۆک ببوین، کەس باوەڕی نەدەکرد، غەمێکی سەیر و ماتەمێکی ڕەش بەسەر هەموومان دا داگیرا بوو، تورە بووین وچاو بە فرمێسک، دەتکوت لە ناو گێژەڵوکەیەکی خۆڵ گیرمان کردووە، هەموو ڕووخسارمان غەم و توڕەیی لێدەباری، بێحاڵ وبێدەسەڵات کە هیچ دەرفەتێکی دەرباز بوونی تێدا نەبوو، نەماندەزانی چۆن ئەو غەمەی هەڵگرین و بە کام یاد و بیرەوەرییەکانیان خۆمان بلاوێنینەوە. لەبەر چاومان لا نەدەچوون و هەر دەمانکوت نا ئەوە ڕاست نییە، ناتوانێ ڕاست بێ، وەعد و پەیمانمان وانەبوو! لە خۆمان دەپرسی ئاخر ئەوانە چ تاوانێکی گەورەیان کردبوو کە دەبوو بیانکوژن. نەماندەتوانی بیسەلمێنین، سەر لێ شێواو و ناباوەڕانە، هەرچی لێکمان دەداوە حاڵی نەدەبووین ئەوە چ کارەساتێک بوو بەسەرماندا هات و بۆ ئەوانەیان هەڵبژارد و هەزاران پرسیاری بێ وڵام!؟

هێشتا برینی ئەو هاوڕێیانە ساڕێژ نەببوو، هەر دوابەدوای ئەو ئەزیزانە خەبەری ئێعدام کردنی نەرمینیش جارێکی دیکە تەم و مژێکی گەورەی خستە  سەر ڕووخساری پر لە ماتەمینی دۆستانی غەمباری هاوبەندی و هاوڕێکانی،  هەموومان سست و مات و حەپەساو. ئەو جارەش کەش و هەوای ناو زیندانێ بۆمان قورستر و قورستر ببوو، ئیدی  کەس لە چارەنووسی خۆی دڵنیا نەبوو، چاوەڕێ بووین بزانین کەی  نۆرەی خۆمان دێ.

نەمر نەرمین کەریمی

من و نەرمین دوو هاوڕێی زۆر لە یەک نیزیک بووین، لە مەدرەسەیەک و کلاسێک لە تەنیشت یەک دادەنیشتین. بیرەوەری زۆر خۆشم لەگەڵی هەیە. بەڵام بەداخەوە نەمزانی وەرزی تەمەنی کورتی لە گەڵ ڕووباری ژیان، ئاوا بە خڕۆشی و گرڤە و لورەوە هەڵی دەگرێ و لە گەڵ خۆی بۆ مەنزڵێکی نادیار هەڵی دەپێچێ و دەیبا. لە دەسپێکی زیندانی بوونی مندا، زوو زوو دەچوو بۆ لای دایکم و خەبری منی لێ دەپرسی. ئەو کات بۆ خۆی هێشتا دەست بە سەر نەکرا بوو. دوای چەند مانگێک ئەویش دەستگیر دەکرێ، سەرەتا لە زیندانی مەهاباد، دوایی بۆ ئوروومییە یا ڕەزاییە دەی گوازنەوە و ماوەیەکی زۆر لە سلولی تاکە کەسی و ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازارێکی زۆر لە لایەن جەلادانی ڕژیم، کە ئاسەواری بە سەر جەستە ناسک و زەریفەکەیەوە ئاشکرا و دیار بوو. ئەوەندەیان بە کابڵی لێدابوو، کە سەر پشتی لاقی هەموی گۆشتی ئیزافەی هێنا بوو.  دوای ئەو برینانە و تەحەمولی هەموو ئەشکەنجەکان، بۆ ماوەی هەفتەیەک هێنایان بۆ لای ئێمە و لەوێ بوو دیسان چاومان بە یەک کەوتەوە.

نەرمین جوستەێکی ورد و ناسکی هەبوو، وەک ناوەکەی خۆی نەرم و نیان و هێدی بوو. ئازا و زیرەک و چوست و چالاک بوو، کار لە دەستی بە ئاسانی ڕادەپەڕی. بە کۆمەڵە ناسرا بوو، تەنانەت لە پۆلی یازدە بە هۆی چالاکێکانی لە لایان مەدرەسەوە نەیانهێشت بێتەوە و ناچار وازی لە مەکتەب هێنا و خۆی تەرخان کرد بۆ ئەو ئامانج و هەدەفەی کە بڕوای پێیبوو. ئەو ئەرکانەی کە پێی دەسپێردرا، بە باشی و بە بێ ترس ڕایدەپەراند. هەستی زۆر بەهێز بوو، هێندێک ڕووداو هەبوو زوو هەستی پێدەکرد و وەدیش دەهات. هەر بۆیە ئەگەر دەهات بۆ لام دڵنیگەران دەبووم و دەمکوت چ قەوماوە، خەبەر خۆشە یان نا. (هەڵبەت ئەوە بەر لە بەند کردنمان بوو). شەوێکیان لە زیندان کە وا بزانم ڕۆژی دوایی ڕایانگوێست، سەعاتی دەی شەو لە کاتی بێدەنگی ناو زیندان لە سەر تەختی خەو،  بە چرپە چرپ قسەمان دەکرد. ئەو قسەی دەکرد و منیش گوێم دەدایە، بوو بە نیوە شەو، خەومان لێ نەدەکەوت، ئاخرین قسەکانی یا بڵێم وەسێتەکانی لە گوێمدا دەخوێند. زانیم هەستی بەوە کردووە و دەیزانی کە ئێعدامی دەکەن. منیش کوتم، بێ بەڵا بی خەوت لێ ناکەوێ ، خەونان دەبینی ئەدی ئەگەر بۆ خۆم نەمام. کوتم نیگەران مەبە پێموانییە کە ئێعدامت کەن، مومکینە زیندانی هەتا هەتایت دەنێ. پێکەنین و کوتی بەڕاستی حوکمێکی کەمت دامێ. پێتان سەیر نەبێ ئێمە لە بەرمان کردبوو چۆن حوکم دەدرێین، خۆ لە سەر هیچ بنەمایەکی قەزایی ڕەسمی و ئینسانی قەزاوەت نەدەکرای، بڵکوو زۆر دوژمنانە و لە سەر قین و تۆڵەستانەوە و ترساندن و تۆقاندنی خەڵک بوو، کە حوکمیان بۆ دەبڕێوە. حوکمی گەلی کورد و ڕۆڵەکانی لە مێژ بوو بریاری لەسەر درابوو. (زیددی ئینقلاب و دۆژمنی حکومەتی مەلا و ویلایەتی فەقێ، کە کوردەکان بوون، دەبێ ئێعدام کرێن).

بەیانی ڕۆژ بۆوە و نەرمین بانگ کرا. زۆر چاک دەیزانی یەکتر نابینینەوە. لە ناو شت و مەکەکانی مسواکێکی پێ بوو کە بە کاری نە هێنابوو (ئاخر هیچی دیکەی بە غەیری یک دەست لیباس پێ نەبوو)، لە سەر قالبەکەی کە کاغەزێکی پێوە بوو، تاریخی  ئەو ڕۆژەی کە بردیان و ناوی خۆی نووسی و بە یادگار دای بە من. بە داخەوە لە کاتی گواستنەوەی من بۆ زیندانێکی دیکە هەموو وەسایلەکانی منیان زەوت کرد وئەو یادگارە بە نرخەش لە نێو شتەکانم بەجێما، و نەمتوانی بیپارێزم. نەرمین دیزانی نامان بینێتەوە و خۆی بۆ دواهەمین ماڵئاوای حازر کرد بوو. هەر چەند دڵخۆشیم داوە و ئارەزووی دیداری یەکتریمان کردەوە، بەڵام ئەو دەیزانی ناگەڕێتەوە، بە لە باوەش کردنی یەک و ئاخرین وتەکانی لە گوێم، ماڵئاوایمان کرد و ئیتر نەمدیتەوە.

خەبەر هات نەرمینیش سەفەری کرد بەرەو کاروانی شەهیدکراوەکانی لە بیرنەچوو، دیداری تازە کردەوە لە گەڵ چوار گوڵاڵە سورەکەی پەڕ پەڕ کراو، معسووم و سەفییە و نەسرین و مەریم. ئای  چەند ناخۆش بوو ، وەک گەڵای زەردی پاییز کچان و کورانی ئەو گەلە لە بەر چاوت هەڵدەوەران، کە هەر یەکەیان سەرمایەی ئەو خاکە و بنەماڵەکانیان بوون. حەیف و هەزاران داخ بۆ هەموو ئەو ئاوات و ئارەزوویانەی کە لە گەڵ خۆیان بردیان و ناشتیان. ئەو برینانە، ئەو ئازارانە ئەو کارەساتانە ئەوەندە کاریگەری لە دەروونمان داناوە و هەروا دەمێنێتەوە کە بە هیچ سارێژ نابێتەوە.  تەنیا دەتوانم بڵێـم کە گەورەترین سەروەری ئێمە هەواڵەکانیان، ناسین و دۆستایەتی و خۆشەوویستی و هاوڕێیەتی ئەو نەمرانەن کە لەدڵماندا بە جوانی و زیندوویی دەمێنەوە.

ئەو پێنج گوڵاڵە سورەی دەشتی شەهیدان، بە خوێنی گەشی خۆیان، پەیامی ئازایەتی و خۆشەویستییان، پێشکەش بە ئاو و خاکی نیشتمانەکەیان کرد و بوون بە نموونەی خۆڕاگری و وەفاداری و متمانەی خەباتی گەلەکەیان.

ناویان بەرز و بەرێز بێ.

نووسینی: پرشنگ بلوری