کورتەیەک لە ژیانی شەهید مەنسوور ئەحمەدی (1324_ 1371)
نەمر مەنسوور ئەحمەدی کوڕی شەهید محەممەدڕەزا بەگ نێ، ساڵی ١٣٢٤ لە گوندی نێی سەر بە شاری مەریوان لەدایکبووە. تەمەنی شەهید مەنسوور تەنیا دوو ساڵ دەبێ کە باوکی واتا محەممەدرەزا بەگ کەسایەتیی شۆڕشگێڕ و خۆشناوی ناوچەکە بووە، بەدەستی کاسەلێسانی رێژیمی پاشایەتی هاوکات لەگەڵ شەهیدکرانی پێشەوای کوردان قازی محەممەد و نەمرانی فەیزوڵڵابەگی لە سەقز، لە نزیک شاری مەریوان شەهید دەکرێ. نەمر مەنسوور هەر لە ساواییەوە لە ناز و باوەشی باوکانە بێبەش دەبێ. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە گوندی نێ و شاری مەریوان تێپەڕ دەکات. هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن بەرەو لاوەتی، خوێنی بابی شەهیدی لە دەمارەکانیدا بە گەرمی دەگەڕێ و هەستی نەتەوەپارێزی تا دێ زیاتر هزر و دەروونی دادەگری تاکوو لە تەمەنی لاوەتیدا بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتی پاشایەتی دەدات و لەنێوخۆ و بە شاهیدیی هاوڕێیانی دەبێتە ئەندامی نهێنیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی.
پاش گیرانی یەکێک لە هاوڕێیانی، بە ناچار زێدی خۆی بەجێدێڵێ و ساڵی ١٣٤٢ روو دەکاتە باشووری کوردستان و نزیک بە دوو ساڵ و نیو لە باشوور تێکەڵ بە چالاکانی رۆژهەڵاتی دەبێ. پاش گەڕانەوە بۆ نێوخۆ ناچار دەکرێ خۆی بدا بەدەستەوە بۆ رۆیشتن بۆ سەربازیی زۆرەملێ (ئیجباری). بەڵام پاش ماوەیەکی کورت ئەو کردەوە زۆرەملێ قبووڵ ناکات و سەربازی بەجێ دێڵێ و ساڵی ١٣٤٥ دیسان روو دەکاتەوە باشووری کوردستان و دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان (رۆژهەڵات). مخابن هیچ بەڵگەیەک یا کەسێک لە هاوڕیانی لەبەردەستدا نییە تاکوو بزانرێ گەلۆ، زیندوویاد مەنسوور لە بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٦\٤٧دا بەشدار بووە یا نا، بەڵام تا ساڵی ١٣٤٩ لە باشوور و زۆرجاریش لە نێوان سنووری دەستکردی رۆژهەڵات و باشووردا دەمێنێتەوە. شەهید مەنسوور زۆرجار لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەوەی کردووە کە ماوەیەکی زۆر لە هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق قاچاخ بووە و لە شاخەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتدا ماوەتەوە.
نەمر مەنسوور لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٤٩دا دیسان روو دەکاتەوە زێدی خۆی و لە مەریوان نیشتەجێ دەبێ. پاش هەوسەرگیری لە فەرمانداریی مەریواندا دادەمەزرێ و ژیان درێژە دەدا. بەڵام هاوکات و بە شاهیدیی دانیشتوانی ناوچەی مەریوان، هەموو هەوڵ و توانای دەخاتە گەڕ بۆ خزمەت بە کۆمەڵگای کۆردستان و دەبێتە جێی باوڕی کۆمەڵانی خەڵک و وەک کەسێکی خۆشناو و جێ باوەڕی خەڵک دەناسرێ. پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئیسلامیی ئێران، ئەو نەمرە دیسان پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبی دێموکرات دادەمەرزێنێ و دەبێتە ئەندامی چالاکی نهێنی. ساڵی ١٣٦٠ لەلایەن ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر دەکرێ و پاش ئازار و ئەشکەنجە و نەبوونی بەڵگە و دانپێدانان و زۆر بە رێکەوت پاش ٨ مانگ بەندکران لە بەندیخانە ئازاد دەکرێ. بەڵام پاش ئازادیش، گوشاری رێژیم بۆ سەر ژیانی شەهید مەنسوور کۆتایی نایە و بەردەوام هەڕەشی لێدەکرێ و چەندین جاریش بە زۆرەملێ شوێنی کارەکەی پێ دەگوازنەوە و بە شێوەی نایاسایی ناچاری دەکەن لە شوێنەکانی دیکە کار بکات. ئەم رەوتە درێژەی دەبێ تا ساڵی ١٣٧٠. لەو ساڵەدا بە هاوبەشیی ئیتلاعات و فەرمانداریی مەریوان و ئیتلاعاتی پارێزگای سنە و پارێزگاری(ئوستاندار) سنە، پلانی بۆ دادەڕێژرێ تاکوو بۆ مەئموورییەت بڕوا بۆ پارێزگا و لەگەڵ پارێزگار دانیشتنی هەبێت. دواتر دەرکەوت هەر لە ژووری تایبەتیی پارێزگاردا لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر دەکرێ. بنەماڵەی ناوبراو پاش ٤ مانگ لە بێخەبەری و گەڕان بە شوێن چارەنووسیدا، بە نافەرمی ئاگادار دەبن کە لە بەندیخانەی شاراوە و ژێرزەمینیی ئیتلاعاتدا دەستبەسەرە و نزیک بە ساڵێک مافی چاوپێکەوتنی پێنادرێ. پاش ساڵێک ئیزنی چاوپێکەوتن دەدرێ بە بنەماڵەکەی بەڵام سەرەتا هۆشداریان پێدەدرێ کە نابێ نزیک بکەونەوە و هیچ قسەیەک جگە لە هەواڵپرسیی ساکار لە نێوانیاندا روو بدات. بەڵام هەر لە یەکەم چاوپێکەوتندا نەمر مەنسوور زۆر بوێرانە ئاماژە بە ئەشکەنجەی زۆر و گوشارەکان دەکات و دەڵێ ئەم رێژیمە شایانی ئەوە نییە لە هیچ شتێکدا متمانەی پێ بکرێ و دەبێ بە خەون بیبینن کە من یارمەتییان بدەم.
هاوکات لەوێ بە بنەماڵەکەی رادەگەیەنێ کە رێژیم پێیان راگەیاندووە لە ئەگەری هاوکاری کردنی رێژیمدا هەموو پێداویستییەکی بەرزی ماددی و پلەی ئیداریی پێدەدەن، بەڵام ئەو لە وەڵامدا دەڵێ کەرامەت و سەربەستیی خۆی بە هەموو دەسەڵاتی رێژیم ناگۆڕێتەوە و هەرگیز مل بە خۆفرۆشی نادات.
شەهید مەنسوور پاش خۆڕاگرییەکی ١٦ مانگە لە ژووری تاکەکەسی و لە بەرامبەر هەموو چەشنە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونیدا وەڵامی نا بە داوای هاوکاریی رێژیم، دەکەوێتە بەر رقی نامرۆڤانەی رێژیمی تیرۆریست و تا سەر ئێسقان دڕندە و دیکتاتۆر، لە ١٤\٦\١٣٧١دا گیانی پاکی لێدەسنرێ و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان دەبێ و رێگای پیرۆزی هەتایی بوونەوەی باوک و هەموو شەهیدانی دیکە هەڵدەبژێرێ.
تەرمی پیرۆزی شەهید مەنسوور نادرێتەوە دەست بنەماڵەکەی و رێژیم لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی شاری سنە بە خاکی پیرۆزی کوردستانی دەسپێرێ.
یاد و ناوی شەهید مەنسوور و هەموو شەهیدان نەتەوە و نیشتمانی کوردستان هەتایی و پیرۆزە.
نووسینی: بەڕێز چەکۆ ئەحمەدی کوڕی نەمر مەنسووری ئەحمەدی