Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر عومەر ئەحمەدی

بە یادی برای ئازیزم و ھاورێ گیانبەخت کردووم کاک عومەر ئەحمەدی.

کاک عومەر ساڵی ١٣٣٨ لە کۆشی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە ئاوایی (شیپانەجۆ) لە محاڵی سەرشیوی سەقز لە دایک بوو. لەو گوندە خڕۆکە بوو تا گەییە تەمەنی مەدرەسەی. لە ئاوایی (تاڵەجار) پێی نایە قوتابخانە و تا پێنجی سەرەتایی لەوێ دەرسی خوێند پاشان بۆ درێژەی خوێندن چوو بۆ شاری سەقز تا دیپلۆم لەو شارە خویندنی درێژە پێدا. کاک عومەر قوتابییەکی زۆر زیرک و وریا بوو و ھر لە شاری سقز لەگەڵ کۆر و کومەڵی سیاسی ئاشنا بوو. لە شورشی ساڵی ١٣٥٧ بەشداری چالاکانەی کرد و بوو با ھەواداری کومەڵە.

نەمر عومەر ئەحمەدی

لە سەردمی دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ھەلومەرجی سیاسی ئەوکات و دروستبوونی کۆر و کۆمەڵی پیشەیی و سیاسی و دروستبوونی شورای قوتابیان لە سەقز، کاک عومەر بوو بە ئەندامی شورای قوتابیان و لە ڕێکخستنی دەیان رێپێوان دژی رژیمی تازە بە دەسەڵات گەییشتوو و هەروەها بۆ پشتیوانی لە مافی دیاریکردنی چارەنوس بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ داکۆکی کردن لە مافی کریکاران و زەحمەتکێشان و قوتابیان، بەشدارییەکی چالاکانەی دەکرد. دوای ھێرشی جمھوری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان کاک عومەر لە شاری سقز مایەوە و لە ڕێکخستنی نھێنی کومەڵە خۆنەویستانە لە تێکۆشان بەرداوام بوو.  کاک عومەر کاری کوکردنەوەی یارمەتی ماڵی و دەوا و دەرمان بوو و ھەروەھا بڵاو کردنەوەی پەرتووک و گۆڤار و نوسراوەکانی کومەڵەی انجام دەدا.

ساڵی ١٣٦٠ لە رەشبگیرییەکی رژیم بۆ سەر تێکۆشەران، گیرا و بۆ ماوەی مانگێک لە زندان ڕایانگرت. ھەرچەند ئەشکنجە و ئازاریان دا بەڵام، نەیانتوانی ھیچ بەڵگەیێکی لێ بە دەست بهێنن و بە ناچار ئازادیان کرد. کاک عمر دیسان درێژەی بە کار و تێکۆشانی خۆی دا.  تا ساڵی ١١⁄٢⁄١٣٦١ رۆژی جیھانی کریکار ساعت ٤ ئیوارە لە نزیک فەلەکەی ھەڵۆی شاری سەقز بە ھۆی ناسینەوەی لەلایان بەکریگیراویکی خۆجێیی با ناوی (…) تۆشی بوو بە تووشی تاقمێک لە گەشتی (ثاراللە)ی دستگای سەرکوتی رژیمی ئسلامی ئیران و دەستگیر کرا و برایە زیندانی سپای پاسدارانی شاری سەقز و بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە درا و ماڵەکەیان پشکنی و لە ئاکامدا ھیچ شتێکیان وەدەست نەکەوت.

ماوەی سێ مانگ و نیو مافی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نەدا و سەرەڕای ئەشکەنجە و ئازاری لە ڕادە بە دەر بەڵام ھرگیز لێوی ڕازداری نەکردەوە و دوژمنی بە چۆک داھێنا. کە زانییان ناتوانن ھیچ ئیعتیڕافێکی لێ وەدست بێنن، سپا کەسێکی بەکرێگیراوی تری بە ناوی  (…) کە خەڵکی ناوچە بوو، بردە برانبەری و شاھیدی بە درۆی دا کە گویا کاک عمری دیوە کە چەکی پێ بووە. وەک شاھید گفتیان لێ وەرگرت بڵام، کاک عومەر ئەو تومەتەشی رەد کردەوو و نەچووە ژێر باری ئەو تۆمەتانە. دوای ئەم روبەروبونەوەیە بۆ چندمین جار بردیانە ژێر ئەشکەنجە و بۆ چند مانگ ناوەناوە مافی چاوپێکوتنیان دەگەڵ بنەماڵەکەی لێ زەوت دەکرد هەم وەک ئەشکەنجەیەکی ڕۆحی و هەمیش بۆ ئەوەی کەس ئاسەواری ئەشکەنجەکانی سەر جەستەی نەمر عومەر نەبینێ.

زیندان بۆ کاک عمر بوو بە گۆڕەپانێکی تر لە خەبات و تێکۆشان لە رێگای ئاوات و ئامانجێک کە بڕوایی پێ بوو و چەندینجار پێیان وتبوو تا دانپێدانانی تێلێڤیزیۆنی بکات و پەژیوان بێتەوە و تۆبە بکات تا ئازادی بکەن، بەڵام کاک عومە قارەمانانە بەرەنگاری کرد و ھەرگیز ملی بەو داوایەی رژیم شل نەکرد و ئامادە ھیچ جۆرە ھاوکارییەک لەگەڵ دستگای تەوابسازی رژیم نەبوو.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە نەیتوانی ورەی پۆڵایینی کاک عومەر بڕوخێنێ، مخابن  لە رۆژێک لە رۆژەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٢ هاوڕێ دەگەڵ ٧ زیندانی سیاسی و تێکۆشەری تر ئێعدامی کرد و بەو جۆرە چوونە ڕیزی گیانبەختکردووانی ریگای ڕزگاری بەشمەینەتان و گەلی چەوساوە و ستم لێکراوی کوردستان. ناوی ئەم پۆلە نەمرانە بەو شێوەیەیە:

  1. عومەر ئەحمەدی
  2. محێدین جەلالی
  3. تەها فەرەجی
  4. عەتا مونیر
  5. ساڵح سۆهرابی
  6. بارزان فەتحوڵڵانیژاد
  7. (؟) [ماڵپەڕی نەمران بە شوێن دۆزینەوەی ناوەکەیە]
  8. (؟) [ماڵپەڕی نەمران بە شوێن دۆزینەوەی ناوەکەیە]

پێویستە ئەوەش باس بکەم کە کاتێک کە بنەماڵەکەمان لە پاسدارەکان داوای تەرمی کاک عومەر دەکەنەوە ، لەوەڵامدا پێیان دەڵێن کە تەرمەکەیان لە گۆڕستانی شاری (قوڕوە) ناشتووە. بەو شێوەیە تەرمی پیرۆزیشی ون دەکەن و نایدەنەوە بە بنەماڵەکەمان.

لە وەسیەتنامەکەی نەمر عومەردا ئاوا هاتووە:

omar-ahmadi-11-1
بۆ بەڕێز دایکی ئازیزم
‎ وێڕای دروود و سڵاوێکی بێسنوور، بۆ دواجار لە خزمەتی پیرۆزی دایکی ئازیزم، هیوادارم سڵاوی من کە لە ناخی دڵمەوە سەرچاوە دەگرێت، قبوڵ بفەرمووی. هیوادارم لە بابەت وەیکە نەمتوانی جوابی چاکەکان و لەخۆبردووییەکانت بدەمەوە، بە لوتف و مەرحەمەتی دایکانەت لێم خۆش بی و بمبوری. هیوادارم لە داهاتوودا هیچ نیگەرانییەک لە دڵتدا نەهێڵیت و بە دیتنی براکانی ترم، من فەرامۆش کەی.
‎دایە گیان، سڵاوی من بە براکانم کاک محەممەد شەریف عەلی و محەممەد سەعید و محەممەد ڕەئوف بگەیێنە و تا دەتوانی دڵنەوایییان بکە. سڵاوی من بە براکانم بگەیێنە و ئەگەر لە خزمەتیاندا هەڵەیەکم کردووە بمبورن. سڵاوی من بە مامەکانم و بنەماڵەکانیان بگەیێنە. هەروەها دایە گیان، ئەگەر هاتوو و براکانم منداڵێکی تریان جگە لەوانەی کە هەیانە بوو، گەر کوڕ بوو نێوی بنێن فایق یان کەیوان یان شاهو. وە ئەگەر کچ بوو ناویان بنێن نەسرین یان نەرمین یان شەرمین.
‎هەروەها سڵاوی منداڵەکانی کاک محەممەد شەریف، ئەمیر، پەروین و ئازاد دەگەیێنم. سڵاویشم هەیە لە خزمەت هەموو خزم و دۆست و ئاشنایان و لە لایان منەوە پێیان بڵێ لێم ببورن.  دەگەڵ ئەوەشدا تۆ و برا ئازیزەکانم تا دەتوانن ئاگاداری لە براکەم محەممەد ڕەئوف بکەن.
جگە لەوەش ٦٠٠ تمەن پارە لە گیرفانی کراسەکەی زیندانێم دایە، ئەوی بدەن بە محەممەد ڕەئووفی برام.  هەروەها پێنووسە دەستچنەکان لە لای خۆتان بهێڵنەوە بۆ یادگاری.
‎ ئیتر خۆشیتان
‎ کوڕت عومەر ئەحمەدی
‎ واژۆ

یادی کاک عومەر و هەموو گیانفیداکانی ڕێگای ڕزگاری و یەکسانی پیرۆز و هەرمان.

نووسینی: عەلی ئەحمەدی برای نەمر عومەر ئەحمەدی

تێبینی:

لەو ژیاننامەیەدا ناوی دوو بەکرێگیراو هاتووە کە لەبەر هۆکاری تایبەت ناوی ئەو کەسانە لەلای ماڵپەڕی نەمران دەپارێزڕێ و لە داهاتوودا هەر لێرە بڵاویان دەکەینەوە.