پاوە و فیتوای خومەینی لە ٢٨تا٣٠ی گەلاوێژی ١٣٥٨
بیمارستانی پاوە ٣٠ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی
کات دەمەو ئێوارەی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوییە نمەنمە تاریکی دەنووک لە ڕۆحی بیقەراری شار دەدات، شەمشەمەکوێرەیەک پەلە کاغەزێکی شوومی بە دەنووکەوە گرتووە و هەواڵی مەرگ و سێدارە و گولەباران دەچرپێنێ بە گوێی شارا. نوێنەری ئیمامی تاوان، ئیمامی فیتوای ڕەش و جبە و تاریکی دەگاتە پاوە
خەڵخاڵی وەکوو میژگی، جەستەی بۆنی خوێن و سێدارە و گولە دەدات، ئەو بۆنەی ئەسغەری ویساڵییەکان و دەسماڵ سوورە دەمار گرژەکانی لەشکری خومەینی پێی سەرسامن و بۆ دەستخۆشی کردن لە جەللادی سەدە بە بۆنەی گولەباران کردنی یازدە کەسی بێتاوان لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ بە چەپکە گوڵ و شیرینی پێشوازی لێ دەکەن. ناوی ئەو یازدە کەسە بریتی بوون لە:
١. عەبدوڵڵا نووری
٢. هووشەنگ عەزیزی
٣. موحەممەد مەحموودی
٤. یەدوڵڵا مەحموودی
٥. حوسەین شیانی
٦.هورموز گورجی بەیانی
٧. موزەفەر فەتاحی
٨. موحەممەد عیززەتی
٩. جەعفەر عەزیزی
١٠. میهدی ئازەرنووش
١١. ئەسغەر بیهبوود
ئەو ڕۆژەی جاشی خۆماڵی و بەکرێگیراوان پێشی لەشکری ئەهریمەن کەوتن و بە شوێنی لاوانی بێتاوانی شار دەگەڕان و ڕق و قینی شەخسییان بە فەرمانی جیهادی خومەینی سواخ دابوو و وەکوو گورگی هار بەر ببوونە شار، لە ماڵێکی بچکۆلانەی هەژارانە دایکە ڕەعنا (ڕەعنا خالیدی) لە سەر بەرماڵ خەریکی نوێژخوێندن دەبێت کە لە دەرگا دەدەن و بە شوێن کوڕەکەی واتە جەعفەر عەزیزی دەگەڕێن تا بیدەنە دەستی قەسساب خەڵخاڵی، چەند جار لە دەرگا دەدەن و دەرگا ناکرێتەوە، ماڵی هەژار وە بەر دەستڕێژ دەدەن و دایە ڕەعنای بێتاوان لە سەر بەرماڵەکە خوێنی دەڕژێت. ناوی ئەو دایکە بێتاوانە لە هیچ کام لە ڕاپۆرتەکانی ئیعدام لە کوردستان نەهاتووە.
بڕیاری فیتوایە و دەبێ جێبەجێ بکرێت، دیسان ڕەشبگیری و کوردقڕان و خوێن ڕشتن بێ پسان لە ئارادایە و دەبێ ئیمامی جەماران دڵخۆش بکرێت.
ئەو کەسانەی خوارەوەش دیسان لە پاوە دەسبەسەر دەکرێن و هەمان ڕۆژ دەگوازرێنەوە بۆ کرماشان و لە ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لە زیندانی دیزڵئاوا گولەباران دەکرێن:
١.حاجی ئەفراسیاب ڕەوائی
٢.مەلا عەبدولوەهاب موبارەکشاهی
٣.عیمادەدین ناسری
٤.عەبدولکەریم کەریمی
٥.موحەممەد عەلی نەقشبەندی
٦.عەزیز موراد
٧.موراد زولفەقاری
خەڵخاڵی هەر ئەو شەوە بە بێ لێکۆڵینەوە و بە بێ دادگائیکردنێکی عادیلانە وەکوو نەریتی هەمیشەئی خۆیان، حوکمی گولە باران کردنی نۆ لاوی شاری دەرکرد.
سەرچاوەکان وا دەگێڕننەوە کە حوکمی گولەباران کردنی ئەو نۆ کەسە لە سەر کارتۆنی شیرینی بەردەستی خەڵخاڵی نووسراوە.
کات دەمەو بەیانە و گزنگ ئەنگووتووە و هێشتا شار لە خەو هەڵنەستاوە کە ٩ کەس لە حەساری پشتی خەستەخانەی شار دەدرێنە بەر دەسڕێژی گولە و لاشەیان شەڵاڵی خوێن دەکرێت.
ئەو نۆ کەسە بریتی بوون لە:
١- بەهمەن عیززەتی
٢- دکتور ئەبوولقاسمی ڕەشوەند سەرداری
٣- حامیدی ئەمینی
٤- عەباسی کەریمی
٥- عەبدوللا زاریعی
٦- موحەممەد حەیدەری
٧- عەلی شەهباز بیهدین
٨- حەبیب چیراغی
٩- سەیفەددین زییائی
ڕۆژی ١ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی لاوێکی دیکەی پاوە بە ناوی یونس کەریم زادە بە حوکمی خەڵخاڵی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە سێدارە درە.