یاننامەی شەهید “ناسر هیندوەش” ناسراو بە “قارەمان”
لەلایان بەڕێز چالاکی هیندوەش، برای نەمر ناسر هیندوەش ئامادە کراوە.
شەهید ناسر لە ساڵی ۱۳٤٤ی هەتاوی لە ناو بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی واتە هەتا پۆلی پێنجەمی بە سەرکەوتنێکی باش تێپەر کرد و لە ساڵی ۱۳٥۷ بە دڵێکی پڕ لە ئاواتەوە یەکەم پۆلی ناوەندی(راهنمایی)دەست پێ کرد و پۆلی دووی ناوەندیشی لە سەرماوەزی ۱۳٥۸ دەست پێکرد. لە بەهاری ۱۳٥۹ کاتێک ناسر لە مەدرەسەوە دەگراوە ماڵێ، لە رێی مەدرەسەوە بە کتێبەکانی دەستێوە لە لایەن پاسدارە بەکرێگیراوەکانی کۆماری جنایەتکاری ئیسلامی دەگیرێ. ناسری تەمەن پازدەساڵە بە بێ ئەوەی بزانێ بۆچی گێراوە، ڕەوانەی زیندانی سپای پاسداران دەکرێ و دوای نیزیک ۹ مانگان بەبێ دادگایی کردن، پێیدەلێن کە بەهۆی هاوکاری کردن دەگەڵ حیزبی دێمۆکڕات مەحکوم بە ئێعدامی، شەهید ناسر لە لایەکەوە چاوەروان ئێعدامی دەکرد و لە لایەکی دیکەش بیری لەوە دەکرد کە چۆن لە زیندان ڕا بکات.
ناسر لە زیندا بە هۆی ئەشکەنجەیەکی زۆری جەستەیی و دەروونی، نەخۆش دەکەوێ و نەخۆشییەکەی لێی خراپ و خرابتر دەبێ و لە زیندانەوە دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی ناو شاری مەهاباد. بە یارمەتی وهاوکاری کردنی پەرستارێکی کورد لە نەخۆشخانە، ناسر دەرفەتێکی باشی بۆ هەڵدەکەوێ تا ڕا بکات. پاشی هەڵاتن لە نەخۆشخانە و ماوەیەک خۆ حەشاردانی لە مەهاباد و ئینجا لەناو مەترسییەکی زۆری ئەمنییەتیدا، توانی لە بەرەبەری نەورۆزی ۱۳٦۱ خۆی بگەیەنێته یەکەم مقەری حیزبی دێمۆکڕاتی کۆردستان کە لە نیزیک شاری مەهاباد بوو.
شەهید ناسر دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، رزگاری بوو و هەر ئەو راکردنە لە زیندان ناسناوی قارەمانی لە لایەن حیزبەوە پێی بەخشرا.
شەهید ناسر لە لایەن حیزبی دێمۆکرات، کۆمیتەی شارستانی مەهاباد، سازماندەهی کرا و درا بە یەکێتی لاوانی دێمۆکرات لە ناوچەی مەهاباد. شەهید ناسر کورێکی رۆح سووک و قسە خۆش بوو و زۆر زوو توانی جێگای خۆی لە ناو دڵی پێشمەرگەکان وهاورێیانیدا بکاتەوە.
ناسر دوای زیاتر لە سالێک لە ڕا کردنەکەی لە زیندان، لە لایەن یەکێتی لاوان، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی دەنێردرێتە گوندەکانی دەوروبەری شاری مەهاباد، لە ناوچەی لاچین و سەیدئاوا. کاتێک شەهید ناسر دەگاتە ناوچەکە دەبینێ بەشێکی زور لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا، بەتەمان بچنەوە ناو شاری مەهاباد، داوایان لێدەکا رێگای پێ بدەن کە دەگەڵیان بچێتەوە ناو شار و دەگەڵ پێشمەرگەکان لە عەمەلیاتەکەیاندا بەشدار بێ. رێکەوتی ۱۷/۲/۱۳٦۲ کاتێک کە دەگەڵیان دەچێتەوە ناو شار و بەئەنجام گەیاندنی عەمەلیاتێکی قارەمانانە، بەسڵامەت و بەبێ هیچ خەسارێک دەگەڕینەوە دەرەوەی شار کە لە ناکاو لە رێگای نێوان مەهاباد سەیدئاوا پێشمەرگەکان بە سەر کەمینی جاش و پاسدارەکان دا دەکەون و دوای شەرێکی دوور و درێژ، بەداخەوە شەهید بوونی چەند پێشمەرگەی هێزی پێشەوا، شەهید ناسر و شەهید عوسمان بەتووراک دوای ئەوە کە هەتا دوایین فیشەک بە گژ دوژمندا دێنەوە، بەداخەوە هەردووکیان بە دیل دەگیرێن و دوای لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر رایاندەگوێزنەوە بۆ زیندانی سپای مەهاباد و دوای نیزیک چوار مانگ لێدان ئەشکەنجە لە زیندانی مهاباد، دەگەڵ چەند بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی، شەهید رەحیم ماملێ(نەجات) پۆلێکی زۆر لە لاوانی کورد، ڕایاندەگوێزن بۆ زیندانی تەورێز و لەوێ بەداخەوە لە رێکەوتی ۲۲/٦/۱۳٦۲ دەگەل ۳۳بندکرای دیکەی کورد لە دار دەدرێن و شەهید دەکرێن .
شەهید ناسر لەو ڕێکەوتەدا وەسیەتنامەی خۆی بۆ دایک و باوک و باقی ئەندامانی بنەماڵەی خۆی دەنووسێت و ماڵئاوایی یەکجارەکییان لێدەکات و وەک لە نامەکەی دا دیارە چۆکی بە مەرگ داهێناوە و دڵخۆشی ئازیزانی خۆی دەداتەوە و “قارەمان” قارەمانانە دەچێتە بەر داری قەنارە و گیانی پاکی پێشکەش بە خاکی نیشتمان کرد.