Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕاڤەیەک لەسەر لۆگۆی ماڵپەڕی نەمران

لەبارەی لۆگۆی “نەمران”

لۆگۆی ماڵپەڕی نەمران بە گشتی لە چەند رەگەزی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە:

١. پڕیشکێک لە خوێن

٢. کۆترێک

٣. ڕەنگەکان: رەنگەکانی سوور و شین و سپی.

لۆگۆی مینیمالی نەمران بە شێوازی پیکتۆگرافی لەسەر بناغەی پڕیشکێکی خوێن دامەزراوە وەک ئاماژەیەک بە ژیانی هەزاران کەسی بێتاوان کە خوێنیان بە دەستی حکومەتی خوێنڕێژی جمهوری ئیسلامی ئێران ڕژاوە. لەناو ئەم پڕیشکە خوێنە دا کۆترێکی سپی وەک هێمای ئاشتی و رۆحی شەهیدانی نەمری کوردستان سەری هەڵداوە. پشت بە رەنگی سووری خوێن و جەنایەت و بەرەو ئاسمانێکی شین و پاک دەفڕێت، بۆ وەی پێمان بڵێ کە ئێمە نەمردووین و داهاتوو روونە.

کۆتری سپی دیارە هەمیشە وەک هێمای ئاشتی بەکارهاتووەو لێرەدا رەنگی سپی خۆی لە بەکگراونددا و لە مەودای نێوان دوو رەنگەکەی تر دەبینێتەوە. دوو رەنگی سوور و شین وەک دوو رەنگی دژبەیەک بە مانای دادپەروەری لە بەرامبەر زوڵم دا یان دووبارەژیانەوە لە بەرامبەر ژینوساید و مەرگ دا بەکارهاتوون. فۆڕم و شێوەی گشتی لۆگۆکە بازنەییە و دەکرێ وەک ئایکۆنێک لە شوێنی جیاواز کەڵکی لێ وەربگیرێت و کاتی لەگەڵ وشەی (NEMIRAN) بەکار دێت، دەوری خاڵی پیتی (i) دەگێڕێت و بە وشەکەوە دەلکێت، ئەم شێوە لکاندنە جۆرێک لە رچەشکاندنە چونکە ئەم پیتە بە شێوەی کاپیتال خاڵی لەگەڵ نییە. هەرجۆرە رچەشکاندنێک بە شێوەی بچووک یان گەورە دەتوانێ بینەر بۆ چەند ساتێک راگرێ و ئەمە لەرووی هونەرییەوە یارمەتیدەرە بۆ درووست کردنی تێڕامانێک و یارمەتی دەدات هێماکە زۆرتر لە زەینی بینەردا جێگایەک بۆخۆی بکاتەوە.

بەشی دیزاینی گروپی هونەریی گرافیکورد

10ی خاکەلێوەی 2720 کوردی