بڕیاری ئێعدامی میحراب عەبدوڵازادە گیراوی سیاسی کورد کە لە گرتووخانەی ورمێ دەسبەسەر کراوە لە لایەن لقی ۹ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران پەسەند کرا.
بە پەسەند کرانی بڕیاری ئێعدام بۆ سەر میحراب عەبدوڵازادە کە لە لایەن دیوانی بەرزی وڵات پشت ڕاست کراوەتەوە مەترسی جێبەجێ کردنی بڕیاری ئێعدامی ئەو گیراوە کوردە هەیه.
بەپێ هەواڵی بڵاوکراوە ڕۆژی پێجشەممە ڕێکەوتی ۲۷ی سەرماوەز بەفەرمی میحراب عەبدوڵازادە ئاگادار کراوەتەوە بڕیاری ئێعدام کردنی پەسەند کراوە و داوایان لێ کردووە کە داوای لێبـووردن بکات ” پێویستە ئاماژە بکرێ هەرکات لە گیراوانی بەتایبەت سیاسی دەکرێ کە داوای لێبووردن بکەن بەو واتایه دێ کە ئەو تۆمەتەی بەسەریان دا سەپاندووە قەبووڵیان کردووە!”
میحراب عبدوڵازادە هاوینی ساڵی ۱٤۰۳ی هەتاوی لەلایەن لقی ۱ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە بە تاوانی شەڕی چەکداری دژی ڕێژیمی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کراوە.
تۆمەتی میحراب عەبدوڵازادە کوشتنی ئەندامێکی بەسیجی سپای پاسدارانە لە نێوان سەرهەڵدانی جەماوەری ۱٤۰۱ی هەتاوی کە بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ناودێر کرا ڕووی داوە.
میحراب عەبدوڵازادە پاییزی ساڵی ۱٤۰۱ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەبەسەر دەکرێ و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕووحی لە یەکێک لە بەندیخانەکانی ئیداری ئیتلاعاتی ورمێ، ڕادەگوازرێ بۆ گرتووخانەی ناوەندی ورمێ.
ناوەندی نەمران بڕیاری پەسەند کردنی ئێعدام بۆ میحراب عەبدوڵازادە بە تووندترین شێوە مەحکووم دەکات و داوا لە هەمووان دەکات بۆ سەرکۆنە کردنی بڕیاری حوکمی ئێعدامی میحراب عەبدوڵازادە دەنگ هەڵبڕن.
نووسین و ئامادەکار: قادر سۆهرابی





