وەک لە پێناسەی کاری ناوەندی نەمران دا ئاماژەی پێ کراوە، یەکێک لە کارە گرینگەکانی ئەو ناوەندە کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە لەسەر کەیسی بزربووانی بە سیستێماتیک و دەوڵەتی و ئێعدامکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو کەیسانەی بەدەستی ناوەندی نەمران دەگات، تۆکمە دەکرێن و لە ڕێگای نەتەوەیەکگرتووەکانەوە و بە یاسایی داوای چارەنووس و حەقکردنی بنەماڵەکانی ئەو نەمرانە دەکرێ.
ئێمە لەو ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەین بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی بکەین کە نیزیک بە نیوسەدەیە درێژەیان هەیە و مافە سەرەتاییەکانی تاکی بێتاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیشێل دەکەن.
ئێمە وەک ناوەندی نەمران، لە پێوەندی بەردەوام داین لەگەڵ (کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان)، تا بەڕێکاری یاسایی، بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو کەیسانە بکەین و بە ئاکامیان بگەیێنین.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ٢٢ی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٥ کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە بۆ سێهەمین ساڵ بەڕێوەچوو کە ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەیەوە پڕدەستکەوت بوون و تا ڕادەیەکی زۆر جێی ڕەزامەندی لایەنەکانی بەشداربووی ئەو کۆبوونەوەیە بوو.
جێی خۆیەتی لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرین و داوا لە گشت بنەماڵەی بزرکراوان و ئیعدامیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین کە لە خوێنی ڕۆڵەکانی خۆیان خۆش نەبن و بە پێوەندی کردن بە ناوەندی نەمرانەوە، لە پێوەندی دەگەڵ کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکاری یاسایی لەسەر ئەو کەیسانە تێپەڕکەن و، هاوکات کۆماری ئیسلامی پەلکێش بکەن تا وەڵامدەرەوەی نەتەوە یەکرتووەکان بێ و هەم دەتوانن لەو ڕێگایەوە گوشارێکی قورس بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی و خاڵە ڕەشەکانی لە کارنامەی مافی مرۆفدا زیاتر زەق بکەنەوە. خوێنی ڕۆڵەی کورد نابێ بێخاوەن بمێنێتەوە.
ناوندی نەمران






