نەمر “شعله ابراهیمی آیچی”، کچی محەممەد ئەمین و فاتمە، ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٤ لە شاری سەقز لە دایک بوو. قۆناغەکانی خوێندن هەر لەو شارە تێپەڕدەکات. لەناو دەرسەکانیدا لە بەشی زمان و ئەدەبیاتدا دەستی باڵای هەبوو. بەردەوام خۆی بە خوێندنەوەی بەرهەمی ئەدەبی نوسەران و شاعیرانی هاوچەرخ خۆی سەرگەرم دەکرد و هەوڵی دەدا تا لە دونیای ئەدەبیات تێبگات و چێژی لێببینێت. جاروباریش شێعری دەگوت. تەنانەت جارێکیان یەک لەو شێعرانەی نەمر شۆعلە لە گۆڤاری “پەیکار” ئۆرگانی ڕەسمی سازمانی پەیکار چاپ ببوو کە بوو بە هۆکار تا لەو سازمانە نیزیک ببێتەوە.
نەمر شۆعلە کەسێکی مێهرەبان و بە بەزە بوو. هاوڕێکانی خۆی زۆر خۆشدەویست، ڕێزی بۆیان هەبوو، خەمی هەموویانی دەخوارد. کورد گوتەنی پارۆی لە دەمی خۆی دەردێنا و دەیدا بە نەدارەکان. لەناو کۆڕی بنەماڵە و هاوڕێیانیدا بە کەسێکی ورەبەرز، بوێر و نەترس دەناسرا. دڵێکی یەکجار بە بەزەیی هەبوو.
بەهۆی چالاکی و بیروباوەڕی سیاسی، چەند جار بۆماوەی کورت لەشاری سەقز گیرا. جاری یەکەم لە پاییزی ساڵی ١٣٦٠ لە سەقز، خۆپێشاندانێک کرا دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی. لەو ڕۆژە جەماعەتێکی زۆر گیران. یەک لەوانە نەمر شۆعلە بوو کە بۆ ماوەی شەوێک لە زیندان ڕاگیرا و لەدواییدا ئازاد کرا.
جاری دووهەم لە مەدرەسەی ئازادی کە تازە ساز کرابوو دەرسی دەخوێند کە پاشان زیندانیی سپای پاسداران لە پەنا ئەو مەدرەسەیە ساز کرا. لە ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ١٣٦٠ لەتەک کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی لە مەدرەسە، سروودی ئەی ڕەقیب دەڵێنەوە کە لەناویاندا نەمر شۆعلە و چەند کەسێکی تر دەناسنەوە و دەیانگرن. لە پاش حەفتەیەک مانەوە لە زیندان و لێدان و هەڕەشەی توند، بەڵێننامەی لێدەستێنن کە چیتر لە هیچ خۆپێشاندان و چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نابێ بەشداری بکات و بەریان دەدەن.
ئەو ڕووداوە دەبێتە هۆی ئەوە کە بنەماڵەی نەمر شۆعلە بڕیار بدەن کە شۆعلە بنێرنە تەورێز تا لەوێ دەرس بخوێنن و تا ڕادەیەک لە کەش و هەوای سیاسی سەقز و کوردستان دووری بکەنەوە.(1) ئەو دوورکەوتنە فیزیکییە نابێتە هۆی دوورکەوتنەوەی فکری نەمر شۆعلە لە بیر و باوەڕی سیاسی و بەردەوام لە ڕێگای نامەوە پێوەندی بە هاوڕێکانی خۆیەوە دەکات لە سەقز.
تا لە پاییزی ساڵی ١٣٦١ ئەو هاوڕێیانەی شۆعلە لە سەقز دە داو دەکەون و دەگیرێن. بەداخەوە لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانەی جەلادانی سپاسی پاسداران خۆ ناگرن و ناوی شۆعلەش دەبەن و بۆ جاری سێهەم بە تاوانی لایەنگری لە سازمانی “پیکار” لەشاری تەورێز بۆ ماوەی مانگێک گیرا. دوای ڕاگواستن بۆ بەندیخانەی سەقز و بۆ ماوەی سێ مانگان لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەدا دەبێت و هاوکات لە زیندانی ئینفیرادیشی دەکەن بەڵام، ئامادە نابێ بە هیچ چەشنێک خیانەت لە ڕەفێقەکانی بکات و ناویان بدرکێنێ، هەر ئەو خاڵەش دەبێتە هۆی زیاتر بە ڕقداچوونی پاسدار و جەلادەکان تا زیاتر ئەشکەنجە و ئازاری شۆعلە بدەن.
لەو ماویەی کە لە زیندانی سەقز دەبێ، چەند جارێک بنەماڵەمان توانیبوویان لە ڕۆژانێکی تایبەت بۆ چەند خولەکێک چاویان بە شۆعلە بکەوێ. لەو سەردانانەیاندا ئاسەواری ئەشکەنجەیان بە جەستە و ڕۆحی شۆعلەوە دیوە. (2) تەنانەت ڕۆژێک کە یەک لە ئەندامانی بنەماڵەمان کە دەچێتە چاوپێکەوتنی شۆعلە، و لە چاوەڕوانی دا دەبێ کە شۆعلە بێت و بیبینێ، لەپر دەنگی قیژ و هاواری ژنێک دەبیسێت و ئەو خزمەمان یەکسەر دەنگی شۆعلە دەناسێتەوە. ئیتر پاش ماوەیەک شۆعلە دێنن بەڵام، بە شپڕێوی و بە ئاڵۆزی دەیهێنن بۆ ملاقات واتە یەکڕاست لە ژووری ئەشکەنجەڕا دەیهێنن. ئیتر ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە خزمەکەمان دەنگ بەرز دەکاتەوە کە کوا ئەوە ئیسلامە؟ کوا ئەوە مرۆڤایەتییە؟ بۆ واتان لەو کچە کردووە؟ بە چ تاوانێک؟
تەنانەت هەم خودی شۆعلە و هەم هاوبەندەکانی شۆعلە گێڕابوویانەوە کە چەند جاران بە مەبەستی ئەشکەنجە و ئازار، ئێعدامی ڕواڵەتەتی یا (فرمایشی) شۆعلەیان کردووە.
جێی خۆیەتی لێرە ئەو باسە بگێڕمەوە کە خەبەریان داینێ کە حاکمی شەرع (3) هاتوو بۆ زیندانی سەقز. ماڵی ناسیاوێکمان لە خیابانی بوڵوار بوو کە زیندانی سپای پاسدارانیش هەر لەسەر ئەو شەقامە بوو. واتە شۆعلە و باقی زیندانییەکان هەر لەو شەقامە زیندانی کرابوون. من کە ماوەیەک بوو لەلایان سپای پاسدارانەوە بە شوێنمەوە بوون تا بمگرن، نەمدەوێرا لە ماڵ بخەوم و زووزوو جێگاکەم دەگۆڕی. ئەو شەوە من لە ماڵی ئەو ناسیاوەمان مابوومەوە. دایکیشم کە دەزانێ من لەو شوێنەم، هات تا شەو هەم لەلای من بێت و هەم بۆ بەیانیش بچێتە بەردەم زیندان تا بزانێ چ باسە؟ ئیتر ئەو شەوە من و دایکم تا درەنگایی شەو هەر نەخەوتین و قسەمان دەکرد.
بە هەڵکەوت ئەو شەوە تا درەنگوەخت خەومان لێنەکەوت. لای کاتژمێر یەکی نیوە شەو دەنگی خرمە و ڕێژنەی گوولە لە زیندانی سپا ڕا هات و لە پاش ئەو، بە بژاردە کە بژاردمان، دەنگی ١٧تیرمان بەر گوێ کەوت. ئەو دەنگانە هێندەی تر خورپەی خستە ناو دڵی هەموومان بەتایبەت دایکم. بەیانی زوو دایکم دەچێتە بەر دەرگای زیندان و لەوێ پێیان دەڵێن کە حاکمی شەرع هاتووە و بەپەلە ١٧ کەسی تیرەباران کردووە.
بەو چەشنە نەمر شۆعلە لە کاتژمێری یەکی نیوەشەوی ٢٢ لەسەر ٢٣ ی گەلاوێژی ١٣٦٢ لە حاڵێکدا کە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو، محاکەمە دەکرێت و هەر ئەو شەوە هاوڕێ دەگەڵ ١٧ لاوی ئەو شارە کە١١ کوڕ و ٦ کچ بوون تیرەباران دەکرێن.
ناوی ئەو ١٧ کەسە هەمووم لە یاد نییە بەڵام ئەوانەم لەبیر ماوە:
١- محی الدین جلالی
٢- منصور محمدی
٣- شعله ابراهیمی ایچی
٤-وحیده وحیدی
٥- کلثوم حسینی
٦- مهین عبدالله زاده
٧- سعیده کریمیان
٨- فاطمه جمشیدی
٩- بارزان فتح الله نژاد
١٠- عطاالله امینی
١١-محمد کریمی
١٢- فهیم اسماعیل زاده
١٣- محمد حاجی محمدی
١٤- شمس الدین احمدی
١٥-رسول باپیری
١٦ – خالد باپیری
١٧- جمال
( خوێنەری بەڕێز، ماڵپەڕی نەمران بە شوێن دەستکەوتنی زیاترین زانیارییە لەسەر ئەو نەمرانە. گەر هەرچەشنە زانیارییەک هاتە دەستمان لێرە و لە بەشی لە سێدارەدراوان ئاڕشیویان دەکەین. گەر ئێوەش زانیاری زیاترتان هەیە لەسەر ئەو نەمرانە، تکایە لەگەڵ بەشی پێوەندی، پێوەندی بگرن – بە سپاسەوە ماڵپەڕی نەمران).
بڕیاردەرەکە رەئیسی سپای پاسدارانی سەقزی ئەوکات بە ناوی “حسن بتول” بوو کە وێڕای حاکمی شەرع بڕیاری ئێعدامی ١٧ لاوی دەدەن. تەرمی ئەم نەمرە نەداریەوە بە بنەماڵەیان بەڵام بە هۆی دوکتورێکی غەوارە (ناوەکەی لەلای ماڵپەڕی نەمران پارێزراوە) کە ئەوکات لە نەخۆشخانەی سەقز کاری دەکرد و ڕێک ئەو شەوەش لە نەخۆشخانە دوکتوری نۆبەچی بووە، لە کارمەندەکان دەبیسێت کە ئەمشەو ١٧ کەلاکیان هێناوەتە نەخۆشخانە کە بڕیاریان داوە بیاننێرنە گۆڕستانی بەناو (لعنت آباد)ی شاری “قوڕوە” و لەوێ بیانشارنەوە. ئیتر لەپاش ئەو هەواڵە دایکی شۆعلە دەگەڵ چەند کەسێک لە خزمەکان بە نهێنی دەچن بۆ ئەو شوێنە لە قوڕوە و بە هەزار چەرمەسەر و کێشە و گرفت گۆڕەکەی شوعلە هەڵدەدەنەوە کە وەک باسیان دەکرد ئەو قەبرانە تازە بوون و زۆر بە تەنکی ناشتبوویانن و هەر بستێک یان دوو بستیان خۆڵ بەسەردا کردبوون. ئیتر لەوێ دایکم ساعەت و کراسەکەی شۆعلە دەناسێتەوە و لەوە دڵنیا دەبێ کە ئەوە کچەکەیەتی کە لەوێ نێژراوە و هەر لەوێ بێهۆش دەکەوێ. لەپاش ئەوە کە دڵنیا دەبێت لە مەرگی ئەو ١٧ کەسە جا دایکم بنەماڵەی ئەو ١٧ نەمرە ئاگادار دەکاتەوە. بەم جۆرە ناوی شعلە و هاورێکانی بۆهەمیشە لە ڕیزی ئازادیخوازان دا مایەوە.
بەداخەوە لەپاش مەرگی نەمر شۆعلە، سپای پاسداران دەستیان لە کۆڵ ماڵی شۆعلە هەڵنەگرت و بەردەوام ئەزیەت و ئازاریان دەدان و داوای کوڕ و کچەکانیان لێدەکردنەوە کە لە دەرەوە بوون و خەباتیان دژی ئەو ڕژێمە دەکرد.
یادی شۆعلە و هەموو ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی ڕیی مرۆڤایەتی بەخێر و ڕێگەیان پڕڕێبوار بێ.
نووسینی: شیرین ئیبراهیمی ئایچی (خوشکی نەمر شۆعلە)
تێبینییەکان:
- ئەو بڕیارە لەبەر ئەوە درا کە شۆعلە تەمەنی لە ژێر ١٨ ساڵ و لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بوو بۆیە، گەورەکانی شوعلە بەرپرسیارەتی ئەخلاقییان هەبوو بەرانبەر بە منداڵەکەیان تا بتوانن بە سڵامەت و بە تۆکمەیی شۆعلە بگەیێننە تەمەنی قانونی و جا پاشان بۆخۆی بتوانێ بڕیار بۆ داهاتووی خۆی و بیر و باوەڕی سیاسی خۆی هەڵبژێرێ.
- یەک لە زیندانییانی ئەوکات کە دەگەڵ نەمر شۆعلە لە زیندان بووە و بە سەری سڵامەت ڕزگاری بووە لە چەنگ ئەو جەلادانە و بە هۆی ئەمنیەتی ناتوانین ناوی بێنین و لای ماڵپەڕی نەمران پارێزراو دەبێ، دەگێڕێتەوە کە: ڕەئیسی سپای سەقز ئەوکات کەسێک بووە بەناوی (حەسەن بتول) و یەک لە ئەشکەنجەگەرەکانیش بووە کە زۆر کەیفی بە ئازاری خەڵک دەکرد. سێ لە جەلادە ئەشکەنجەگەرەکانی تر کە ناوی خۆیان نابوو (جمشید)، (مهدی) و (مرتضی)
- یەک لە هاوبەندەکانی شۆعلە دەڵێ کە ناوی ئەو حاکمی شەرعە (مظاهری) بووە. هەروەها دەڵێ کە (محمودی احمدی نژاد) کە بۆ ماوەی ٨ ساڵان سەرۆک کۆماری ئێران بووە، ئەویش لە زیندان سەقز بوو بەڵام، ناوێکی تری لە خۆی نابوو و تەنانەت بەوە ناوبانگی هەبوو کە تیری خەڵاسەکان ئەو دەیوەشێنێ.
ئاڵبۆمی وێنەکانی نەمر شۆعلە