Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئێعدامی ٣ کۆڵبەری کورد لە ورمێ بە تاوانی سیخوڕی کردن.

ئێعدامی سێ کۆڵبەری کورد بە تۆمەتی هاوکاری و سیخۆری بۆ ئیسڕاییل لە گرتووخانەی ورمێ

ئاژانسی هەواڵدەری میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادپەروری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند سەر لەبەیانی ئەوڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ساڵی ۱٤۰٤ی هەتاوی سێ گیراوی کورد لە گرتووخانەی ورمێ ئێعدام کراون.
ئیدریس ئاڵی, ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد ” خەڵکی باشووری کوردستان” سێ کۆڵبەری کورد بە تۆمەتی هاوکاری و سیخۆری بۆ ئیسڕاییل, سەرەتاکانی ساڵی ۱٤۰۳ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی ئێران بە تۆمەتی گواستنەوەی چەک و کەرەستەی پێـویست بۆ تیرۆری موحسین فەخری زادە بیرمەندی ناوەکی ئێرانی دەس بەسەر دەکرێن.
بەرپرسانی دەسگای دادی ڕێژیمی ئێران ئیددعای ئەوەیان کردووە ئەو سێ کەسە بەبیانووی قاچاخی خواردنەوەی ئاڵکۆڵـی, چەک و تەقەمەنیان بۆ تیرۆی موحسین فەخری زادە لە باشووری کوردستان گواستۆتەوە بۆ ئێران و هاوکاری ئیسڕاییل و موسادیان کردووە.
جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە لەحاڵێکدایه کە ڕۆژانی پێشـووتر و لەنێوان تێکهەڵچوون و شەڕی نێوان ئیسڕاییل و ڕێژیمی ئێران سێ کەسی دیکە بە تۆمەتی سیخۆری و هاوکاری لەگەڵ ئیسڕاییل لە گرتووخانەکانی ئێران ئێعدام کراون.
شەڕی نێوان ئیسڕاییل و ڕێژیمی ئێران دوازدە ڕۆژی خایاند کە لە ئاکامی ئەو شەڕەدا ڕێژیمی ئێران تووشی شکەستێکی بەرچاو هات, لە ناوچوونی ژێرخانی ناوەکی و مووشەکی و کوژرانی دەیان فەرماندەی پایەبەرزی نیزامی و بیرمەندی ناوەکی خەسارێکی بەرچاوی بە ڕێژیمی ئێران گەیاند و ئێستا بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو شکەستانە, تۆڵە لە کەسانێک دەستێنێتەوە کە بە تۆمەتی ناڕەوای سیخۆری و هاوکاری بۆ ئیسڕاییل دەس بەسەر کراون!
ناوەندی نەمـران بەتوندترین شێوە ئێعدامی سێ گیراوی کۆڵبەری کورد ئیدانە دەکات و داوای لەڕای گشتی دەکات لەسەر ئێعدامی ئەو سێ کۆڵبەرە بێ دەنگ نەبن.
نووسین و ئامادەکاری : قادر سۆهرابی

Modern