Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەسەرهاتی قاسم دانیشفەر

قاسم دانشفەر لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٨/١١/٠١ کوڕی کەریم و دایە حوسنی لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی, ۱۹٨٤ی زائینی لە ئاوایی ئیندرقاش لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر دەکرێ و تا ئێستاش هیچ چەشنە زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەردەست دانییه.

قاسم دانشفەر لە ڕۆژی ١١ی گوڵانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لەگەڵ کەسێک بە ناوی ع.م بۆ پشوودان و خواردنی نانی ئێوارێ، لە ئاوایی ئیندرقاش, ڕوو دەکەنە ماڵی کەسێک بە ناوی سەعید عەلایی ” پێـویستە بگوترێ قاسم و هاوڕییەکی تەنیا بۆ پشوودان ڕوویان لە ماڵی ناوبرا کردبوو و هیج مەبەستی دیەکەیان بۆ چوون بۆ ئیندرقاش نەبووه”.

Qasim Danishfar Logo 3

یەک لە دانیشتوانی ئاوایی ئیندرقاش بە هاوکاری کەسێک بە ناوی مستەفا گیتە و کوڕەکەی ڕاپۆڕتـی چوونی قاسم دانشفەر و هاوڕییەکی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەدەن . پاش ماوەیەکی کورت، هێزێکی زۆری ڕیژیم بە ڕێنوینی بەکرێـگیراوێک بە ناوی مێهدی عەباسی و چەند کەسی دیکە شوێنی مانەوەی قاسـم و هاوڕییەکەی نیشانیان دەدرێ و دەسبەسەریان دەکەن.

لەکاتی دەسبەسەر کردنیان, قاسم دانشفەر هەوڵی ڕاکردن دەدات کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە فیشەک دەیپێکن، و له ئاکامدا گولـله بەر یەک لە لاقەکان و گورچیلەیەکی دەکەوێ.

دواتـر خەڵکانێـک له ئاوایی ئیندرقاش کە شایەتی ئەو ڕووداوە بوون، بە وردی بۆ بنەماڵەی قاسـم باس دەکەن کە چی ڕووی داوە.

دوو شەو دوای دەسبەسەرکردنی قاسم دانشفەر بە برینداری, لە نەخۆشخانەی مەهاباد لە لایەن دوکتور جەعفەر ئەبریشەمی نەشتەرگەری بۆ دەکرێت, پاش لێکوڵینەوە و بەدواداچونی کاک کەریم, باوکی قاسم دانشفەر لە تەندرووستی کوڕەکەی, ئەرخەیان دەبێت کە نەشتەرگەری کوڕەکەی بە باشی کۆتایی پێ هاتووە و سڵامەتی جێگیر بووە.

پاش دوو شەو مانەوە لە نەخۆشخانەی مەهاباد, قاسم دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی موتەهەری لە ورمێ, بنەماڵەی قاسم بە بیستنی هەواڵی گواستنەوەی بۆ ورمێ بەرەو ئەو شارە وەڕێ دەکەون بەڵام سەرەڕای پێداگـری زۆریان, ئیزنیان پێ نادرێ چاویان بە قاسـم بکەوێ. دوکتور مەهدیزادە ئەو دوکتورە بووە کە بەرپرسی تیمارکردنی قاسم دانشفەر بوو و هەروەتر کەسێـک بەناوی شێـخ دەروێش قاسم لەو نەخۆشخانە دەبینێ و هەر ناوبراو بنەماڵەی قاسم دانشفەر ئاگادار دەکاتەوە کە قاسم لەو نەخۆشخانەیه لەژێـر چاودەێری دایە.

Qasim Danishfar Logo 2
قاسم دانیشفەر

دوای ئەوەی کە بواری سڵامەتی جەستەیی قاسم دانشفەر جێگیر دەبێت, لە مۆڵگەی سپای پاسدارانی ورمێ ” قرارگاە سیدالشهدا”ی ورمێ و لەژێـر چاوەدێری چڕوپڕدا زیندانی دەکەن و بۆ دانپێـدان و درکاندنی زانیاری ئەشکەنجە و ئازارێکی یەکجار زۆری ڕوحی و جەستەیی دەدەن, زانیاری گیران و دۆخی قاسم دانشفەر لە لایەن ئەو کەسانەی له شوێنی دەسبەسەرکرانی قاسم بوون، بۆ باوکی ڕادەگـوازرێ و بنەماڵەی قاسم دانشفەر لە لایەن ئەوانەوە ئاگاداری شوێن و چۆنێتی دۆخی قاسم دەبن.

دوای ماوەیەک ڕاگرتن و دەسبەسەرکردنی قاسم دانشفەر لە “قرارگاە سیدالشهدا”ی ورمـێ و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر, سڵامەتی جەستەیی ناجێگیر دەبێتەوە و دەیـگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی هەڵکەوتوو له تەورێـز و ئەوە لە حاڵێـکدا دەبێ کە بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان له قاسم نابێت بەڵام به شایەتی چەند کەس و دانی زانیاری لەسەر شوێن و دۆخی قاسم دانشفەر, بنەماڵەکەی ئاگادار دەبن کە قاسم له نەخۆشخانەی خومەینی تەورێز لەژێـر چاوەدێری دایە و تەندرووستی جێگیر نییە.

دوو مانگ کە له دەسبەسەر کردنی قاسم تێدەپەڕێ بە بنەماڵەکەی ڕادەگەینن کە ئیزنیان پێ دەدرێ کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بـکەن, کە مالباتی قاسم دانشفەر دەچن بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی مەهاباد تا چاویان پێ بکەوێ, بەرپرسێکی ئیتلاعاتی دێتە بەردەرگا و بە شێـوەیەکی ناحەز هەڵس و کەوتیان لەگەڵ دەکات و پێیان دەڵـێ کە قاسم لەو دوونیایەی دیـکەیه,چووه بۆ لای عومەر ” مەبەست له عومەر خەلیفەی دووهەمی سوننە مەزهەبانە و ئەو مەئموورە بە حیسابی خۆی بۆ بێڕێـزی کردن به کوردەکان کە پەیرەوی ئایینی سوننە مەزهەبن, وایان پێ دەڵێـت”!

لێـپرسراوی لێکۆڵینەوەی دووسیەی قاسم دانشـفەر بە ماڵباتی ناوبراو ڕادەگەینـێ و هەڕەشەیان لێ دەکەن کە ئەگەر بێـتوو پێـوەندی بە هەیڤی سوور” هلال احمر” و بنکەکانی دیکە له ناوەند بگرن مناڵەکانی دیکەشیان لێ بێ سەروشوێن دەکەن.

پاش ئەو هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی ئیتلاعات، بنەماڵەی قاسم دانشفەر دەیان نامە بۆ دەفتەری خومەینی لە تاران, بنکەی سەرۆک وەزیران, ناوەندی یاسایی وڵات, وەزارەتی ئیتلاعات و هەیڤی سوور دەنووسن و خوازیاری ڕەوش و دۆخی قاسم دەبن.

Zara Danishfar Logo 2
نەمر زارا دانیشفەڕ

دوابەدوای نووسینی داواکاری زۆری بنەماڵەی قاسم دانشفەر گووشاری ناوەنده ئەمنییەکان, بە تایبەت ئیتلاعاتی مەهاباد لەسەر بنەماڵەی قاسم پەرەی سەند و سەرجەم هاتووچۆی ئەو بنەماڵەیە و نامەناردن بۆ دەزگاکانی پێوەندیدار کۆنترؤڵ دەکران. بەرپرسی ئەو کاتی ئیتلاعات کە پێوەندیدار بوو بە دۆسیەی دەسبەسەرکراوانی کۆمەڵە لە مەهاباد کە ناوی بێهروز بوو, نامەی هەناردەکراوی بنەماڵەی قاسم دانشفەری سەبارەت بە چارەنووسی ئەو بەندکراوە بۆ بنکەی خومەینی دڕاند و پێی ڕاگەیاندن کە ئەو کەیسە داخراوە و لەوەبەدواوەوە نابێـت بەدوداچوونی بۆ بـکرێت.

لە پرۆسەی بەدواداچوونی ئەو بنەماڵەیە بۆ چارەنووسی قاسم چەندین ئەندامی بنەماڵەکەیان دەسبەسەر دەکرێن و دەکەونە بەر ئازار و شکەنجە, برایەکی قاسم پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر زیندانی ٨ ساڵ زیندانی دەکرێت. ئازاری ئەو بنەماڵەیە لە لایەن بەرپرسی ئیتلاعاتی مەهاباد کە ناوی بێهزاد بوو جێبەجێ دەکرا, هەر بە بڕیاری ئەو بەرپرسە, ڕۆژانە ئەو بنەماڵەیە دەکەوتنە سەر گووشار و ئازار دەدران.

ناوی ئەو کەسانەی لە کەیسی بێ سەروشوێن کردنی قاسم دانشفەر دەوری بەرچاویان هەبووە :

. ١ پویا, دادستانی ورمێ

۲.  غزانفەڕ لێکوڵەری کەیسی پێوەندیدار بە پرسی کۆمەڵە

Daye Husni U Kak Kerim Danishfar
دایە حوسنی و مام کەریم دانیشفەڕ دایک و بابی قاسم دانیشفەر

۳.  بەرپرسی گرتووخانەی مەهاباد بە ناوی سەیدی

٤. ئیبڕاهیمی” کە کاتی خۆی چێشتلێنەربوو، بەڵام چونکە جەستەیەکی بەخۆوەی هەبوو کرابوو بە لێـکۆڵەر و ئەشکەنجەگەری گرتووخانە.

٥. بێهرۆز بەرپرسی پرسی کەیسی کۆمەڵە لە ئیتلاعاتی مەهاباد

٦. حاجی تەها

۷ٚ.  لامەکانی کە دوای پویا بوو بە نوێنەری دادستانی ورمێ

٨.  جەواهیـری حاکمی شەرعی ئەو کات

۹.  پایداری کە لێپرسینەوەی دەوڵەت بوو

۱۰.  پیربوداغی کە نوێنەری لامەکانی بوو

۱۱.  غووڵامی لێکوڵەرەی دادگا

۱۲. لێکوڵەرێک بە ناوی مووختار

۱۳. جەواد شەمس جێـگری سپای پاسداران لە دەیەی شەستی هەتاوی

Suleyman Danishfar.logo
نەمر سولەیمان دانیشفەڕ

بەدوا داچوونی بنەماڵەی قاسم دانشفەر لەسەر چارەنووسی ئەو هەر بەردەوامە و چەند مانگ پاش دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی ئەو دەسبەسەرکراوە لە لایەن کەسێک بە ناوی مەیسەم کە خۆی وەک یەکێک لە بەرپرسانی سپای شاری سنە دەناسێنێت پێوەندییان پێوە دەگیرێت و دەڵێ لە ئەگەری هاوکاری بنەماڵەی قاسم دانشفەر, هەلی چاوپێکەوتنیان بۆ دەڕەخسێنن.

یەک ساڵ پاش دەسبەسەرکردنی قاسم, دەنگــۆی دەسبەسەرکردنی لە قەرارگای هەمزەی ورمێ بڵاودەکرێتەوە. ئەو دەنگۆیانە لە کاتێک دا دەبێت کە لە مانگە سەرەتاییەکانی دەسبەسەرکردنی ناوبراو ڕادەگەیندرێت کە ئەو کەیسە وەک داخراو چاولێبکرێت و ناوبراو لە ژیاندا نەماوە.

هەر لە پرۆسەی بەدواداچونی بنەماڵەی قاسم دانشفەر لەسەر چارەنووسی, لەگەڵ کەسێک بە ناوی قدووسی, یان موقەدەسی دەکەونە دیالۆگ و پێیان ڕادەگەیەنن کە قاسم دانشفەر لەژیاندا ماوە بەڵام بەهۆی ئالۆزی کەیسەکە، پێی دەچێت تا دەرفەتی چاوپێکەوتن بڕەخسێت. لە نێوان ساڵانی ١٣٦٣ی هەتاوی تا ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی هەر بەرپرسێکی ڕێژیم لەسەر دۆسیەی قاسم دانشفەر, پێوەندی بە بنەماڵەی ناوبراو گرتووە, داوای هیچ بەرتیلێکیان لە بنەماڵەکەیان نەکردووە و ئەو زانیارییانەی پێیان ڕاگەیاندوون بە بەڵگە دەیسەلمێنێت کە  قاسم لەو ماوەیدا زیندوو بووە.

بنەماڵەی ناوبراو لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە هەموو پێوەندێکانی خۆیان بە نووسراوە و زارەکی, یان لە ڕێگەی پارێزەرەکەیان بە ناوەندە ئەمنێکانەوە داواکاری ئەوە بوون کە یان ئیزنی چاوپێکەوتن، یان بەڵگە لەسەر ئێعدام کردنی و شوێنی ناشتنی بە بنەماڵەکەی ڕابگەیەنن، بەڵام هەموو جارێ بەجێێ وڵامدانەوە بنەماڵەکەیان کەوتوونەتە بەر بێ حوورمەتی و سووکایەتییان پێکراوە.

کـۆی پێوەندێکان و بەڵگەکانی ئەو کەیسە دەیسەملمێنێت کە قاسم دانشفەر لە ڕۆژی دەسبەسەرکردنی  لە ١١ی گوڵانی ساڵی١٣٦٣ی هەتاوی تا ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە ژیاندا ماوە، بەڵام لە هیچ جێگە و پێگەیەک کەیسی ئەو تۆمار نەکراوە و هیچ کەسێک، بێجگە لە چەند کەسی بەرپرسی سەرەوەی سپای پاسداران و ئیتلاعات هیچ هەواڵێکیان لەسەر ئەو کەیسە نەبووە.

بنەماڵەی قاسم دانشفەر بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قاسم پێوەندیان بەو شوێنانەوە گرتـووە:

۱.ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد, ورمێ, تەورێز و تاران

۲.دادگای نیزامی و دادگای ئینقلاب لە مەهاباد, ورمێ, تەورێز و تاران

۳.دادسەرای مەهاباد, ورمێ, تەورێز و تاران

٤.       گرتووخانەکانی سەرجەم وڵاتی ئێران لە ڕێگەی ناوەندی گشتی زیندانیان و هێـزی دادی وڵاتی ئێران

٥.       لە ڕێگەی نووسینگەی ڕیبەری لە دەورەی خومەینی و هەروەتر لە ئێستادا کە خامنەیی وەک ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسەڵاتدایـە

Zara Danishfar Logo 1
نەمر زارا دانیشفەڕ

٦.       نووسینی نامە بۆ ڕەفسەنجانی، خامەنەایی، ئەحمەدی نیژاد و خاتەمی لەکاتی بەرپرسیارەتی ئەواندا

۷. پێوەندی بە گرتووخانەی اوینی تاران

٨.       پێوەندی بە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج

لەو گشتە پێوەندی بەرینەدا، لە هیچ شوێنێـک کەسێک بەو ناوە تۆمار نەکراوە و گومان دەکرێت بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وشیاری و ئانقەست دۆسیەی قاسم دانشفەر بە شاراوەیی ڕاگرتبـێ.

کۆتا زانیاری لەسەر ژیانی قاسم دانشفەر لە زمانی دوکتوری گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرج باسی لێکراوە کە کاتی خۆی لەگەڵ بەشێک له دەسبەسەرکراوانی ئەو گرتووخانە قسەی کردووە و ئەویش ئەوە بووە کە لە ساڵی ۱۳٨٤ی هەتاوی کە چاوەدێـری ناو گرتووخانەی کردووه چاوی بە قاسم دانشفەر کەوتووه کە دۆخی سڵامەتی گورچیلەی ناجێـگیر بووە.

لە دوای ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، بنەماڵەی قاسم دانشفەر بەردەوام بە پێوەندی گرتن بە ناوەندەکانی لێپرسینەوە و گرتووخانەکان کوڵیان لە بەدوا داچون بۆ چارەنووسی قاسم نەدا, لەو ماوەیدا پێوەندی بە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئێران دەگرن, کە هەواڵی زیندوو بوونی قاسم و ١٧ دەسبەسەرکراوی دیکە کە پێشتر هیچ هەواڵێکیان نابێت باسی لێ دەکرێت.

بنەماڵەی قاسم دانشفەر, پێوەندی بە دادگووستەری تارانەوە دەگرن و لە ڕێگەی ناوەندێکی دیاریکراو بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی بێ سەرو شوێنەکان, پێوەندی بەسەرجەم گرتووخانەکانی وڵاتی ئێران دەگرن و داوای زانیاری لەسەر قاسم دەکەن, سەرجەم ئەو شوێنانەی پێوەندییان پێوە گیراوە, بێجگە لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج هەموویان وڵام دەدەنەوە.

پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی زۆر، بنەماڵەی قاسم دانشفەر دەگەنە ئەو ئاکامەی کە ئەگەری ساختەکردنی ناو و زانیاری قاسم لەگەڵ دەسبەسەرکراوێکی دیکە کە لە گرتووخانەی ورمێ کۆچی دوایی کردبێت جێ گۆڕکێـان پێ کردبێت, تاکوو کەس نەتوانێت بەدواداچون بۆ چارەنووسی قاسم دانشفەر بکات.

لە ساڵانی دەیەی شەستی هەتاوی, ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی دیل گۆڕینەوە لەگەڵ هێزە کوردێـکان، هەوڵی بێ سەروشوێنکردنی بەشێک گیراوی سیاسی کوردی داوە لە ئەگەری تێکچوونی باری تەندرووستی گیراوەکان, ئەگەر لە تێداچوونیان دەکرێت و بۆوەی هیچ بەرپرسیارەتێک نەکەوێتـە سەر شانیان, ئەو شێوە کارانە بە نهێنی دەهێڵنەوە.

Zara Qasm Danishfar Logo 1
قاسم و نەمر زارا دانیشفەڕ