Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر مەعسومە سەرهەنگی

کەسی کاکەی ئازیزەکەم، چەندە قورسە کە ئەو چەند دێرت بۆ دەنووسم!

دەزانی تا ئێستاش نەمتوانیوە و یا باشتر بڵێم خۆم لێ دزیوەتەوە کە باسی ئەو بەسەرهاتە تاڵە بکەم کە بەسەریان هێنای! خۆشکەکەم، گیانەکەم، لە بیرمە کاتێک تۆیان لە من ئەستاند خۆشەویستی بەینمان بە قەرا نێوانی عەرز و عاسمان بوو. قەت لە بیرم ناچێ کە پێشمەرگە بووم و دەهاتی بۆ لام چەندە پڕهەست بووی. پێت خۆش بوو زیاتر لام بی تا باسی خۆتم بۆ بکەی. باسی رەفیقەکانت باسی هەستی نەوجەوانیت، باسی بنەماڵەمان، باسی ئەوە کە شانازیی بە براکانتەوە دەکەی. ئاخر ئاشکرا بوو کە من و تۆ لە هەموو خوشک براکانمان لێک نزیکتر بووین. دەزانم پێت خۆش بوو قسەی دڵت لای کاکت بکەی و هەموو رووداوێکی ژیانتم بۆ بگێڕێوە هەر بۆیەش بوو بە دڵەوە گوێم دەدا بە قسەکانت و حەولم دەدا بتوانم ئەو گوێگرە بم کە جێی متمانەتە.

کەسەکم مەعسوومە گیان، ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسم زۆر ساڵ بە سەر ئەو کارەساتە دا تێدەبەڕێ کە بەسەر تۆیان هێنا بەڵام دڵنیا بە خۆشەویستیت لە دڵم دا هەر وەک ئەو کاتەیە کە لە حاجیاڵیکەند دەهاتی بۆ لام. ئەگەر لەو ماوە دا خۆم لە باس کردنی ئەو کارەساتە دزیوەتەوە هەر لەبەر ئەوە بوو کە پێم وا بوو باسی کردنی بە مانای قبوڵ کردنی ئەو کارەساتەیە و هەر بۆیەش زۆر دەمێکە خۆمی لە دەدزمەوە.

مەعسوومە گیان، ئێستا کوڕەکانم گەورەن و دڵنیام ئەگەر لە لامان مابای ئێستا لە خۆشەویسترین کەسەکانت بوون. چەند ساڵێکە کورەکانم لە بابەت تۆوە زۆر پرسیارم لێدەکەن و ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر دەزانن کە تۆ لە ژیانی من دا چ جێگەیەکت بوو. ئەوساڵ ئارێزی کوڕم وێنەیەکی تۆی کردە دیاری پێشکەشی کردم، ئاخر دەزانی لە هەموو ئەو ماوەدا وێنەکانت تەنیا لە ئالبومەکانمدا بوون چونکە بە دیتنی وێنەکانت تەواو دڵم دەگیرا. ئێستا وێنەیەکی تۆم لایە و لای ئەو بلوزەم داناوە کە لە زیندان بۆ منت چنیبوو و بۆت ناردبووم.  ئاخر خۆشەویسترین دیاری ژیانم هەر ئەو بلوزەیە کە تۆ بۆت چنیوم.

ڕاستی پارەکە زۆرێک لە هاوڕێینای دەورانی زیندانتم بینی و هەستم کرد تۆ هاتوویتەوە لام. ئەو دیدارە بوو بە هۆی ئەوەی وزە بگرم و بتوانم باسی ئەو کارەساتە تاڵە بنووسمەوە. هەر بۆیە دەستم کرد بە پرسیار کردن و توانیم وێنەیەک لەو روداوە بخەمە بەرچاوم و ئێستا رووداوەکە دەنووسمەوە تا بۆ مێژوو بمێنێتەوە کە چۆن بێویژدانانە و بیشەرمانە مافی ژیانیان لێ ئەستاندی تەنیا لە بەر ئەوی کە ئێمەی برات پێشمەرگە بووین.

ئەو ڕۆژەی مەعسوومە گیرا

کاتژمێر حەوتی بەیانی رۆژی ٤-١١-١٩٨٢  پاسدارەکان دێن و تەواوی کوچە و کۆڵان و سەربان دەگرن و دواتر بە کۆمەڵ دەچنە ناو ماڵەوە. شەوی پێشتر مەعسوومە هەر وەک شەوانی ڕابردوو جلوبەرگی خوێندکاری لە تەنیشت خۆی دادەنێ کە سبەی خۆی ئامادە کات و پاش خواردنی بەرچایی بچێتە خوێندگە. پاسدارەکان کە دێنە ژوورەوە لە پێش دا هەموو ماڵەکە دەپشکنن و پاشان بە شەهید مەعسوومە دەڵێن مانتۆکەت لەبەرکە دەچین چەند پرسیارێکت لێ دەکەین و بە زۆر لەگەڵ خۆیان دەیبەنە دەرەوە. کاتێک دایکی ئەو رووداوە دەبێنێ، پێشی ماشێنەکەیان دەگرێت و دەڵێ کە ناهێڵم کچەکەم بەرن یا منیش لە گەڵ خۆتان بەرن. دانێک لە پاسدارەکان دەڵێ “خواهر” دەیبەین دوو سێ پرسیاری لێ دەکەین و دەیهێنینەوە!!! دایکی کە کۆڵ نادات پاسدارێک پالێکی پێوە دەنێت و بە عەرزی دا دەدات و مەعسوومە لە گەڵ خۆیان دەبەن.

هەر ئەو ڕۆژە لە چەند هێرشی جیا جیا دا بۆ سەر ماڵە پێشمەرگە چەند کچە نەوجەوانی دیکەش لەوانە ئارەزوو نەعلی، پرشەنگ بلووری، منیر بلووری، مەنیژە بەرجان و چەند کچی دیکەش کە هەموویان براکانیان پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون دەگرن. هەمان ڕۆژ خۆپێشاندانێک لە مەهاباد ساز بوو کە چەندەها لاوی تری مهابادی دەگێرێن.

مەعسوومە هەر وەک باقی هاوبیران و هاوچارەنووسەکانی بۆ ماوەی دوو حەوتوو لە زیندانی تاکەکەسی دا ڕایدەگرن و پاش ئەو ماوەیە ڕایدەگوێزن بۆ زیندانی عمومی. ماوەی نزیک بە چوار مانگ لە زیندانی مەهاباد دەبێت و لەو ماوە دا کۆمەڵێک بیرەوەری تاڵ و شیرین لە پاش خۆی بە جێ دەهێڵێت.

کاتێک لە نەبوونی پاک و خاوێنی لە زیندان دا ئەسپێ و رشک دەکەوێتە ناو لەشی ئەو کیژۆڵە مەعسوومانە خۆیان بە تەدبیری خۆیان دەست دەکەن بە سەرتاشین و کاتێک شکل و شمایلیان دەگۆڕێ دەبنە مایەی پێکەنین بۆ خۆیان و هاوسلوولیەکانیان و بەو شێوەیە ڕۆژە تالەکانیان تێکەڵ بە پێکەنین دەکەن.  مانەوە لە زیندان دەرفەتێک ساز دەکات کە ئەو کچانە ئەڵقەیەکی بەهێز فیکری و عاتفی لە بەینیاندا ساز بێت و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لێک نزیک ببنەوە و زۆر جار باسی ژیانی تاکەکەسی خۆیان بە یەکتر بگێڕنەوە.

لەو ماوە دا زۆربەی کچەکان حوکم دەدرێن و ڕەوانەی زیندانی بەند لە ورمێ دەکرێن تاکوو ماوەی زیندانیەکانیان لەوێ بەسەر بەرن و مەعسوومە شەش ساڵ حوکم دەدرێت و ڕەوانەی زێندانی بەند لە ورمێ دەکرێ.

زیندانی ورمێ سەدان نەوجەوان و جەوانی تێدایە کە لە خەلکی سەربەخۆ یا ڕێکخراو پێک هاتبوون.

زۆربەی ئەو کچانەی هاوکات لە گەڵ یەک لە مەهاباد گیرابوون ڕەوانەی زیندانی بەندی ورمێ دەکرێن و لەوێش پێکەوە دەبن. مەعسووم بە هۆی گەرمی و گوڕی و رووخۆشی یەکێک لەو زیندانیانە دەبێت کە لە ناو زیندانیەکان دا زۆر خۆشەویست دەبێت و هێدی هێدی ئالقەیەکی بەهێزی خۆشەویستی لە ناویان دا ساز دەبێت.

پاش نزیک بە پێنج مانگ لە زیندانی ورمێ مەعسوومە ڕادەگوێزنەوە بۆ  زیندانی مەهاباد. بە پێی گێڕانەوەی زۆرێک لە هاوبەندەکانی دیار بوو کە گوزاریشی لە سەر بوو. لە زیندانی مەهاباد چارەنووسی لەگەڵ سێ زیندانی دیکە بە ناوەکانی مرێم فارووقی، نەسرین پاک‌نیا و سەفیە محەمەدی گرێ دەدرێ. لەو ماوەدا ئەو چوار کچە دەخرێنە بەر شکەنجە و ئازارێکی زۆری رووحی و ڕەوانی کە ئاساری ئەو شکەنجانە تا کۆتایی ژیانیان لە سەر لەشیان دەمێنێتەوە.

رۆژی ٢٢-٨-١٩٨٣ کاژێر ٣ی دوانیوەڕۆ ئەو چوار کچە دەبەنەوە زیندانی بەندی ورمێ کە پێشوازیەکی گەرمیان لە لایەن زیندانیەکانی ترەوە لێ دەکرێ. هەر چوار کچەکە قامکی دەستیان مۆری سوور کرابوو. کاتێک لێیان دەپرسن کە ئەو مۆرە چیە خۆیان دەڵین کە حومکی ئیعداممان بۆ بڕاوەتەوە. زیندانیەکانیتر زۆریان دڵخۆشی دەدەنەوە دەڵین کە ئەوە تەنیا بۆ ترساندنە.

قامکە گەورەی لاقی چەپی مەعسوومە برینی گەورەی لەسەر بوو و بەهۆی گوێپێنەدانی شکەنجەگرانی لە مەهاباد چلکی کردبوو و مەعسوومەی ئازار دەدات. لە ناو زیندانیەکان دا پەرەستارێک بوو بە ناوی شەوکەت خانم کە حەوڵ دەدات یارەمەتی مەعسوومە بدات. خواهر زێنەبێک کە لەوێ دەبێ پێی دەڵێ کە مەعسوومە وەزعی قامکی باش نیە و پێویستی بە چارەسەرە کە خواهر زێنەبەکە بەزیەک لێ دەدات و دەڕوات. زیندانیەکانی تر دەکەونە یارمەتی دانی ئەو چوار کچە کە دیار بوو ئیمکانی خۆخاوێن کردنەوەیان پێنەدابوون. حەمایان پێدەکەن و دەکەونە موداوای برینەکانیان.  پاش پشوو دانێک لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە و باسی بەسەرهاتی ئەو ماویەی خۆیان دەکەن لە لێک دوور بوون. ئەو چوار کچە کە ماوەیەکی دوور و درێژیان لە شکەنجە و ئازار تێپەڕاندبوو بە ماوەیکی کورت کە تێکەڵ بە زیندانیەکانیتر دەبن تەواو رووحیەیان دەگۆڕێ و بزە دەکەوێتوە سەر لێوانیان.

سەعات دەی شەو کە خەریکی ددان شۆردن بوون پاسدارەکان دەرژێنە ژوورەوە هەر چوار کچەی لەگەڵ خۆیان دەبەنە دەرەوە. ئەو چەند خولەکەی کە خۆیان ئامادە دەکەن بڕۆن، هیچ قسە باسێک لە نێوان ئەوان و زیندانیەکانی تر دا روو نادات بەڵام چاولێکردنەکانیان دونیایەک قسە دێنێ و دەبات. چاولێکرنەکانیان پڕ بوو لە حەسرەت، ترس، هیوا و داخ و هەزاران وشەی تێدا بوو و بە ڕوونی دیار بوو کە ئاخر دیدارە.

کاژێر ١ی شەوی ٢٣-٨-١٩٨٣ ئەو چوار کیژۆڵە بە هەزاران هیوا و ئاوات لە دڵ دا دەدەنە بەر گوللە و هەر چواریان ئیعدام دەکەن. ئەو چوار کچە لە گۆڕستانی ورمێ لە تەنیشت یەکتر بە خاک دەسپێردرێن و دەبنە هاورێی ئەبەدی.

نووسینی: سەعید سەرهەنگی برای نەمر مەعسومە سەرهەنگی


شێعرێکی بەڕێز ئازاد عەبداڵی کە بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی نەمر مەعسومە هۆنیویەتەوە:

مەعسوومە، چەند جارێ ئەم وێنەیەم دیوە
وێنەی کیژێکی سابڵاخی کە بە مەرگ پێکەنیوە

گەمەی کردوە بە بەسترانی دەستو پەنجە
بە کۆتو بەندوکەلەپچە

ئەم کیژە کە شاگوڵی شارە
بێباکە لە سێدارە

لەیلا قاسمە لە شۆخو شەنگی
گوڵاڵە سوورەی کوردستان مەعسومەی سەرهەنگی


ئاڵبۆمی وێنەکانی نەمر مەعسومە سەرهەنگی