Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە یادی نەمر مەسعوود کەفاشی ئەسڵدا.

ئامادەکردنی: فاروق فەرهاد

نەمر مەسعوودی کەفاشی ئەسڵ کوڕی “ئاغا بەگ ” لە تاجرە کۆن و بەنێو بانگەکانی مەهاباد کە بە ڕەگەز تورکی مەراغە و دایکی “حاجی ئامین” خەڵکی شاری مەهاباد بوو.

مەسعوود لە ساڵی ١٣٤١ ـ ١٩٦٢ لە شاری مەهاباد لە دایک بووە.  دوای خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە پۆلی ئاخری دەبیرستان ساڵی (١٣٦٠ ـ ١٩٨٢) دەبێ کە دەست بەسەر دەکڕێت.

مەسعوود گەنجێکی وەشیار و زیرک و چالاک بوو. هەم لە وانەدا وە هەم لە کارووباری هونەریدا. زۆری عەلاقە بە کاری هونەری هەبوو، زۆربەی کات دەچوو بۆ ماڵی پیشاهەنگی و لەوێ فێری ئامێری مۆسیقا دەبوو.

پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە گەڵ کۆڕی مۆسیقای ماڵی گەنجان (خانەی جەوانان) و ماڵی پیشاهەنگی (خانەی پیشاهەنگی) بوو. دوای شۆڕشی ئێران لە گەڵ کۆڕی هونەریی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هاوکاری دەکا.

مەسعوود کورێکی زۆر شارەزا و بە توانا لە کاری مۆسیقادا بوو. دەتوانم بە دڵنیایەوە بڵێم مەسعوود ئەگەر مابا لە کاری هونەریدا مرۆڤێکی زۆر سەرکەوتوو دەبوو.

 هەمیشە دەیگوت: من وەدوای هونەر و مۆسیقا دەکەوم. زۆرم پێخۆشە دوای وەرگرتنی دیپلۆم لە زانکۆی مۆسیقا دڕێژە بە خوێندن بدەم، بەڕاستیش مەسعوود ئەو کات تا ڕادەیەکی زۆر شارەزایی لە کارو باری مۆسیقادا هەبوو.

مەسعوود زۆر کات باسی مووزیک و نۆتی مۆسیقای بۆ دەکردین کە ئێمە  زانیارێکی وامان نەبوو، بەڵام کاتێک کە بە تۆرمپێتەکەیەوە دەهاتوو بۆ لێدەداین کەیف خۆش دەبووین و گەلێک شادی دەکردین.

Masud Kafashi Asl 3
وێنە: کۆری هونەریی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران جێژنی ٢٥ گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی ( ١٩٨١ )، دانیشسەرای کچانی مەهاباد، مەسعوود کەفاشی “کراس و پانتۆلی ڕەش ” دانیشتوو لە لای ڕاستەوە.

ساڵی ١٣٦٠ من و مەسعوود لە پۆلی چواری دەبیرستانی “ئبنی سینا” هاوپۆل بووین. مەسعوود گیڕا، سێ هەفتە دوای دەست بەسەرکردنی مەسعوود ئیعدام کرا. وەکی لە بیرم مابێ لەو ماوە کورتەدا تەنیا یەک جار هێشتیان دایکی “حاجی ئامین” مەسعوودی ببینێت.

مەسعوود لە تاریخی ٦/٨/١٣٦٠ تیرباران کرا و تەرمەکەیان هەر ئەو ڕۆژە دایەوە بە بنەماڵەکەی.

مەسعوود تەنیا ئەو تاوانەی هەبوو کە ماوەیەکی کورت هاوکاری لە گەڵ کۆڕی هونەریی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەکرد.

دایکی “حاجی ئامین” بەڕاستی گووناح بوو. هەر کات من و ڕەفیقەکانی مەسعوودی دەدیت دەستی بە گریان دەکرد. جوانم لە بیرە ساڵی ١٣٦٢ کە بۆ یەکەم جار دەمهەویست لە ئێران وەدەر کەوم لە گەڵ نادری ڕەفیقم چووینە ماڵی حاجی ئامین  تا بۆ ئاخرین جار سەردانێکی بکەین.

حاجی ئامین زۆری پێخۆش بوو. دەستی بە گریان کرد. هەر بە چاوی گریانەوە زۆری بەخێرهاتن کردین. چووینە ژووری میوانان وێنەی مەسعوود گەورە کرابۆوە و پارچێکی سووری زۆر ناسک وێنەکەی داپۆشیبوو. حاجی ئامین هەم زۆری پێخۆش بوو ئێمە چووینە لای، هەمیش برینی لێ تازە ببووە و هەر دەگریا. ڕۆحت شاد بێ حاجی ئامین قەت ناتوانم لە بیرت بکەم.

مەسعوودی ١٩ ساڵە وەک دەیان گەنجی دیکە هەزاران ئاوات و ئارەزووی هەبوو. ئەوەندی من بزانم و  ئاگادار بم مەسعوود قەت دەستی بۆ چەک نەبڕدبوو. تەنیا تاوانی مەسعوود بەشداری لە کۆڕی هونەریی حیزب بوو، کە ئەوە تاوان نیە و نەدەبوو چارەنووسی مەسعوود ئاوا بێ.

Masud Kafashi Asl ٤
خەبەرنامەی حیزبی دیمۆکڕاتی کردستان ئێران
وێنە: ٦/٨/٦٠ ڕژیم چوار گەنجی شۆڕشگیری مەهابادی بە تاوانی لایەنگری لە حیزب بە نێوەکانی:
شەهابی سازەواری، مەسعوودی کەفاشی، ناسری بەلالی، جەعفەر مەعرووفی تیرباران کرد.

پێشکەش بە ڕۆحی پاکت مەسعوود گیان

سپاس بۆ هاوکاری گوڵاڵە خانمی پێشنماز

نووسینی: فاروق فەرهاد

Farugh Farhad