Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

چوارده ساڵ تێـپەڕی: ۱۹ی گوڵانی ۱۳٨۹ی هەتاوی لەسێـدارە دانی پێنج گیراوی سیاسی کورد

لە ١٩ی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا، پێنج زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هۆلی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مێهدی ئیسلامیان لە گرتووخانەی اوینی تاران لە سێدارە دران.

فەرزاد کەمانگەر کە هاوکات مامۆستای قوتابخانە بوو, لە گوندە بێبەشەکانی کامیاران وانە دەگوتەوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ حیزبی پژاک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، تۆمەتێک کە هەرگیـز نەچوو ژێر باری.

فەرزاد کەمانگەر بە هۆی چالاکی مافی مرۆڤی, وەک پەیامنێری تایبەت, ئەندامی فەخری گرووپی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بووە.

دوای لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر، ڕێکخراوەی یونسکۆ لە ڕاپۆرتێکدا کە بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بە گوشاری ناوەندە ئەمنێکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر چوارچێـوەی پەروەردەیی دەربڕی و باسی لە پرسی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر کرد, هەروەها یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی لەسێدارە دانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕیانی کرد و ڕێـکخراوەی چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووکان فەرزاد کەمانگەری وەک مامۆستای قوتابخانە ناو برد کە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسێـدارە دراوە.

مێهدی ئیسلامیان، یەکێکی دیکە لەو پێنج گیراوە سیاسییەی لە ٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە نامەیەکدا کە لە گرتووخانەوە بۆ ئەمینداری گشتی ئەوکاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیبووی, ئەو تۆمەتانەی لەسەری سەپێندرابوو, ڕەتکردەوە و درێـژەی دابوو: دوو ساڵە بە بێ تاوان لە گرتووخانە دەسبەسەر کراوم و ماوەی ساڵێکە، لە ژێر توندترین ئەشکەنجەدا لە ژوورە ترسناک و تاکەکەسیەکانی بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی اوین دسبەسەریان کردووم.

شیرین عەلەم هۆلی، یەکێکی ترە لەو کەسانەی کە لە ١٩ی گوڵانی ساڵی ۱۳٨۹ی هەتاوی لە سێدارە درا، شیرین عەلم هۆلی پێش لە سێدارەدانی لە دوو نووسراوە دا کە بڵاوی کردەوە، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی، نووسیویەتی: لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی سەرەتای  دەستبەسەرکردنیدا لە شوێنێکی نادیار، زۆرترین ئەشکەنجەی ڕوحی و جەستەیی لەسەر بووە.

دوای لە سێدارەدانی پێنج گیراوی سیاسی کورد لە بەرە بەیانی ١٩ی گوڵانی ۱۳٨۹ی هەتاوی، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی کەسایەتییە سیاسی و مافە مرۆڤەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دروست بوو و ڕەنگدانەوەی ئەم تاوانەی کۆماری ئیسلامی لە هەموو جیهاندا بەربڵاو بووە .

دەسەڵاتی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئەو پێنج گیراوە سیاسییە کوردەی بە هاوکاری لەگەڵ حیزبی پژاک تۆمەتبار کرد، تۆمەتێک کە هەرگیز لەلایەن ئەوان و پارێزەرەکانیانەوە قبوڵ نەکرا، بەڵام بەرپرسانی قەزایی و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە بڕیار و حوکمەکەیاندا, پاشەکشەیان نەکرد و داواکاری ئەوانیان ڕەتکردوە و بە پێداگری لەسەر ئەو حوکمەی بەسەری داسەپاندبوون, تۆمەتباری کردن بە شەڕ لەگەڵ خـوا! و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردن و جێبەجێی کرد.

دوای لەسێدارەدانی ئەو پێنج گیراوە سیاسییە کوردە، وەکوو پراکتیکی ئاسایی کۆماری ئیسلامی، تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرانەوە و بە وتەی بەرپرسانی گرتووخانەی اویـن، لەبەر ئەوەی بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خوا لەسێدارە دراون، لە گۆڕستانی موسڵمانان ڕێگرییان لە ناشتنیان کرد و لە شوێنێکی دوور بەخاکیان سپاردن.

لەحاڵێـکدا چواردە ساڵ بەسەر لە سێدارە دانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕیەکانی تێپەڕیوە, هەنووکەش لەسێدارەدان و سەرکوتی ئازادیخوازان و تۆمەتبارانی سیاسی لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەچاو دەگیـرێ و کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی حوکمی نامرۆڤانەی لەسێدارەدان بەسەر نەیارانی سیاسی و تۆمەتی درۆ دەخاتە پاڵ بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەم کارە نامرۆڤانەیە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، حوکمی لەسێدارەدان وەک سەرەکی ترین حوکمەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دژبەرانی ، بە مەبەستی دروستکردنی کەشێکی تۆقاندن و ترساندن بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکانی ڕەخنەگران و ئەو کەسانەی جیا لەوان بیر دەکەنەوە بە ئەنجام گەیشتووە.

سەرکوت و ئێعدامی ئازادیخوازان لە لایەن حکومەتەوە کاریگەری نەبووە لەسەر چالاکی نەیاران و دژبەرانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە بەڵکوو بە پێـچەوانەی درووست کردنی کەشێـکی ترس هێـنەر لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە, ئازادیخوازان ئێستا  لە خەباتی دژە زووڵم و ستەمکاری کۆماری ئیسلامی ئێران پاشەکشەیان نەکردووە. دوای لە سێدارەدانی ئەم پێنج گیراوە سیاسییە کوردە کە چواردە ساڵ لەمەوبەر بە ئەنجام گەیشت, رژێمی ئێران بەردەوام بووە لە کوشتن و لەسێدارەدانی نەیاران و ڕەخنەگرانی. دروستکردنی کەش و هەوای ترسناک پێـشی له ویست و داوا ڕەواکانی گەلی ئازادیـخواز نەگرتووە و نایـگرێ

ڕۆڵەی کورد لە پای سێدارەش سەر بۆ کۆماری ئیسلامی دانانەوێنێ

نووسین و ئامادەکاری : قادر سـۆهرابی

 ١ ۱۳٨۹ اعدام پنج زندانی سیاسی کُرد