Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

حوکمی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی پشتڕاست کرایەوە

لەلایەن لقی ١٧ی دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر بارانی ، حوکمی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، پشتڕاست کرایەوە. ناوبراو بە تۆمەتی کوشتنی “نادر بایرامی” بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی شاری سەحنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پارێزگای کرماشان)، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە. پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم خۆپیشاندەرە تەمەن ٣٤ ساڵە، کاردانەوەی بەربڵاوی بەکارهێنەرانی تۆڕەکان بەدواوە بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆڕتەکەی هارانا، “دانپێدانانی زۆرەملێ کە لە کاک ڕەسایی لە کاتی لێپرسینەوەدا بەدەست هاتووە”  بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ دەرکردنی ئەو حوکمە قورس و نامرۆڤانەیە.

” لە ٢٧ی خەزەڵوەر ١٤٠١ لە خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سەحنە، بە هۆی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان و پۆلیس بۆ سەر خۆپیشاندەران، گردبوونەوە ئاشتیخوازانەکە  شێوێندرا و لەو نێوەندەدا “نادر بایرامی” بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەکوژرێ.

نزیکەی هەفتەیەک دوای ئەم ڕووداوە، لە ڕۆژی سێیەمی سەرماوەزی ١٤٠١، ڕەزا ڕەسایی کە پەیڕەوی ئایینی یارسانە، لەگەڵ ١٠ هاووڵاتیی دیکە بە تاوانی بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی و هەروەها بەشداری کردن لە لێدانی نادر بەیرامی دەستگیرکران.

دەزگا ئەمنییەکان هۆکاری کوشتنی بەیرامییان بۆ ڕەزا ڕەسایی گەڕاندەوە، لە کاتێکدا بە گوتەی داواکاری گشتی، هیچ “بەڵگە، شایەتحاڵ و بەڵگەنامەیەک” نییە بۆ سەلماندنی تاوانەکەی، هەروەها ئەو تۆمەتە کە لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە دەرچووە، چەندین کەموکوڕی فەرمی و جەوهەری هەیە. لە وێنە و فیلمە بڵاوکراوەکاندا کە پەیوەستن بەو ڕووداوە، هیچ نیشانەیەک لە ڕەزا ڕەسایی نییە. ڕەزا ڕەسایی دوای کوژرانی بەیرامی لە شوێنی ڕووداوەکە دەردەکەوێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم هاووڵاتییە تەمەن 34 ساڵەیە، لەکاتی دەستگیرکردن و لێپرسینەوەدا توندترین ئەشکەنجەی بەرکەوتووە و چەندین شکان و برینداربوونی بە جەستەیەوە دیارە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەوان تووشی ئەشکەنجە و توندوتیژی جەستەیی و سێکسی بوون.

ناوەندی نەمران ئەو حوکمە نامرۆڤانەیە بە توندی شەرمەزار دەکات و داوای لە گشت لایەنەکان دەکات تا بەرانبەر ئەو حوکمە هەڵوێست بگرن و نەهێڵن ئەو لاوە کوردە بێتاوانە بە دەست جەلادانی کۆماری ئیسلامی ئێعدام بکرێ.

Reza Rasayi 1