Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

با دەنگی گیراوی سیاسی کورد زێنەب جەلالیان بین

زێنەب جەلالیان گیراوی سیاسی کورد خەڵکی شاری ماکـۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ۱۳٨٦ی هەتاوی و بە تاوانی ئەندامێتی لە پژاک “ڕێـکخراوەی پارتی ژیانەوەی ئازادی کوردستان” دەسبەسەر دەکرێ و بە تۆمەتی دژایەتی دەگەڵ خودا لە ساڵی ۱۳٨٨ هەتاوی حوکمی ئێعدامی بەسەردا دەسەپێندرێ بەڵام دواتـر لە ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی حوکمی ئێعدام بۆ زیندانی هەتا هەتایی دەگۆڕدرێ.

زێنەب جەلالیان کە وەک تاقە گیراوی سیاسی ژن حوکمی قورسی هەتاهەتایی بۆ پەسەند کراوە لەکاتی دەسبەسەر کرانی لە ساڵی ۱۳٨٦ی هەتاوی تاکوو ئێستا ئیزنی پێ نەدراوە بۆ دەرەوەی گرتووخانە بچێت و سەردانی بنەماڵەی لە نزیـکەوە بکات! تەنانەت تا ئێستا بۆ یەک ڕۆژیش ئیزنی چوونە دەرەویان بە زێنەب جەلالیان نەداوە.

Zeynab Jalaliyan

زێنەب جەلالیان

ڕێـکخراوەی لێبووردیی نێونەتەوەیی له مانگی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۹۲ی هەتاوی لە داخـوانێکدا لەسەر زێنەب جەلالیان ئاماژەی بە دۆخی نەخۆشی چاوی زێنەب کردووە و باسی لەوە کردبوو کە بە هـۆی نەخۆشی چاو, مەترسی لەدەست دانی بینایی چاوی هەیە. پێـشووتر بنەماڵەی زێنەب جەلالیان هۆکاری نەخۆشی چاوی زێنەبیان بۆ ئەشکەنجە دانی ناوبراو لەکاتی دەسبەسەر کردنی باس کردبوو.

هەروەتر ڕێکخراوەی لێبووردیی نێونەتەوەیی لە ڕێـکەوتی ۳ی خەرمانانی ۱۳۹٦ی هەتاوی داخوانێـکی دیکەی بڵاو کردەوە کە لەوی دا ئاماژەیان بە نەخۆشی زێنەب کردبوو, بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن ڕێکخراوەی لێبووردیی وشیاری درابوو بەرپرسانی گرتووخانە کە زێنەب جەلالیان پێویستی بەپەلەی هەیە بۆ گواستنەوە بۆ خەستەخانەی دەرەوەی گرتووخانە بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی بەڵام بەرپرسانی گرتووخانە بەبێ ڕەچاو گرتنی دۆخی نەخۆشی زێنەب, ئیزنی چوونە دەرەوە و گواستنەوە بۆ لای دوکتورانی پسپۆریان پێ نەدابوو.

 تاکوو ئەوڕۆ, زێنەب جەلالیان بۆ چەندین گرتووخانە گوازراوەتەوە

گرتووخانەی خۆی, اوین لە تاران, قەرچەک لە وەرامین, کرمان, گرتووخانەی دێزل ئاوا لە کرماشان و لە ئێستادا بۆ گرتووخانەی یەزد دوور خـراوتەوە!

هەروەک ئاماژەی پێ کرا, زێنەب جەلالیان لەو کاتەوەی دەسبەسەر کـراوە چەندین جار نەخۆشی بەرۆکی پێ گرتووە. یەک لەو نەخۆشیانەی کە زێنەب لە گرتووخانە تووشی بووە نەخۆشی کرۆنا بوو کە ئەو کات لە گرتووخانەی قەرچەکی وەرامین دەسبەسەریان کردبوو تووشی کرۆنا هات ئەو کات داوای لەبەرپرسانی گرتووخانەی قەرچەک کرد کە ڕایـبوگوازن بۆ گرتووخانەی خۆی یاخود اویـن بەڵام ئەو داواکارییەی زێنەب لە لایەن بەرپرسانی گرتووخانە ڕەد کرایەوە, دوا بەدوای وڵام نەدانەوەی زێنەب و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی مانی لە خـواردن گرت. مانگرتنی زێنەب و تووش بوونی بە نەخۆشی کرۆنا هەمیسان دەنگدانەوەی لێ کەوتەوە و ڕێکخراوەی لێبووردەیی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی گرتووخانەی قەرچەک کرد بۆ تیمار کردن و چارەسەر کردنی زێنەب جەلالیان و دوو کەسی سیاسی دیکە کە تووشی کرۆنا ببوون, ڕابوگوازرێن بۆ دەرەوەی گرتووخانە. بەڵام ئەو داوایەش لە لایەن بەرپرسانی گرتووخانە, وڵامی ئەرێنی پێ نەدراوە.

Zeynab Jalaliyan2

زێنەب جەلالیان

سەرەڕای وشیاری دانەوە و داواکاری ڕێـکخراوەکانی مافی مرۆڤی و لێبووردەیی نێونەتەوەیی لەسەر بارودۆخی جەستەیی بۆ جێگیر بوونی سڵامەتی زێنەب جەلالیان و هەروەتر کەم کردنەوەی ماوەی گیران و پێ داچوونەوە بەسەر حوکمی هەتا هەتایی ناوبـراو و یاخود ئیزن دان بۆ چوونە دەرەوەی گرتووخانە و سەردانی بنەماڵەکەی لە نزیـکەوە بەڵام بەرپرسانی گرتووخانە و دەسگای دادوەری کۆماری ئیسلامی تا هەنووکە هیچ وڵامێـکی ئەرێنیان نەداوەتەوە و بارودۆخی زێنەب جەلالیان ڕۆژ بە ڕۆژ خرابتـر و ناجێگیرتر دەبێ.

چەند ڕوژە هەڵمەتێـکی ئینتێرنێتی بۆ گیراوانی سیاسی وەڕێ کەوتووە. لەو هەڵمەتەدا کە لەسەر ناوی هەشتەگ” دەنگی ئێمه ببیستن” کە مەبەستی, ناساندنی گیراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیە کە زێنەب جەلالیان وەک تاقە  گیراوی سیاسی ژن کە حوکمی هەتا هەتایی بەسەر سەپێندراوە باسی لێ کراوە.

زێنەب جەلالیان کە شازدە ساڵە لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی دا ژیان بەسەر دەبات دەگەڵ زۆر نەخۆشیی بەربەرەکانی دەکات وەک نەخۆشیی زار و ددان, نەخۆشیی گورچیلە و نەخۆشیی هەرسەکی بەڵام تاکوو ئێستا تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش ئێزنی پێ نەدراوە بچێـتە دەرەوەی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ئێستاشدا بۆ گرتووخانەی شاری یەزد دوور خـراوەتەوە.

ئێمەش وەک ناوەندی نەمران دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی گشت ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانەوە و داوا دەکەین مافە سەرەتاییەکانی هەموو زیندانییانی سیاسی، بەتایبەت زەینەب جەلالیان لەبەرچاو بگیردرێت و  ڕێگە بدرێت کە گیراوان لە پارێزەر، پزیشک، پشوو و دادگایەکی عادڵانە کە مافی هەر مرۆڤێکە، کەڵک وەر بگرن.

ناوەندی نەمران

ئامادەکار: قادر سهرابی