Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

گێڕانەوەیەکی تاڵ لەسەر لەسێدارەدانی دەستکردی سترانبێژی کورد سامان یاسین

ترساندن و چێ کردنی دڵەڕاوکێ گیراوان بە تایبەت دەسبەسەر کراوانی سیاسی بۆ ئازار دان و ئەشکەنجە کردنیان, یەک لەو کـردەوە قێزەونانەیە کە بە بەردەوامی لە لایەن بەرپرسانی گرتووخانەکان لە چوارچێـوەی ڕێژیمی ئێران لەسەر بەندکراوان جێبەجێ دەکرێ.
یەک لەو کردەوانە کە بۆ ترساندن و دابەزینی ورەی گیراوان بە تایبەت بەندکراوانی سیاسی لە گرتووخانەکانی ڕێژیمی ئێران, کەڵکی لێ وەردەگیرێ, ئێعدام یا لە سێدارە دان بە شێوەی دەستکردە!

لە نووسراویەک کە لە گرتووخانەی “قزلحصار” و له زمان ئەحمەد رەزا حائیری گیراوی سیاسی هاتۆتە دەرەوە بەوردی باس لە ئازارێـکی بێ وێنە” ئێعدامی دەستکرد” لەسەر سامان یاسین, سترانبێژی کورد دەکات.
لەو نووسراوەیە, حائیری لە زمان و گێڕانەوەی سامان یاسین ئاوا دەنووسێ:
سەرەتاکانی مانگی سەرماوەز هاوکات بوو لەگەڵ محاکمە کردنمان کە قازی سەڵەواتی بەڕێـوەی دەبرد. لە بەشی گشتی گرتووخانە لە بەندی ۲٤۰ی وەزارەتی ئیتلاعات جێگیر کرابووین. کاتژمێـر سێ نیوە شەو بوو کە داوایان لێ کـردم کەلـوپەلەکانم کۆ کەمەوە لەناو گرتووخانە باوە و باسیان لەوە دەکـرد کە ئەوانەی ئێعـدام دەکرێن نزیک بانگی نوێژی بەیانی دەگەڵ خۆیان دەیانبەن. بەشێک لە هاوکووپەکانم بەو بیرۆکەیە و هەروەتر بڵاو کردنەوەی دادگایی کردنم لە  تەلەویزیۆنی کۆماری ئیسلامی وایان بیر دەکردەوە من دەبەن تاکوو ئێعـدامم بکەن و دڵداریان دەدامەوە و تاکوو ورەم بدەنێ خۆیان لە گریان و ڕشتنی فرمێسک دەپاراست.
بەدەست بەند و پێ بەند و هاوکات بە بستنی چاوەکانم دەگەڵ خۆیان بردم و سواری سەیارەیان کردم, بیرم لەوە نەدەکردەوە ئاخـۆ لە گرتووخانەی “اوین” وەدەر کەوتوین یا نا! کە لە ناکاو مەئموورێک کە لە پێشـەوە بوو گوتی :جێبەجێ کردنی حوکمەکەت هاتۆتەوە!
پێشـووتر لە هاوڕیانم بیستبوو کە ئەو وتەیە بە چ مانایەکە, دوای تێپەڕبوونی چەند خولەک ئەو مەئموورە کاغەزێکی دا بەدەستم و گوتی: هەر وەسیەتێکت هەیە بینووسە!
چەند چرکە بێدەنگ بووم و گوتـم: پێشووتر نووسیومە و لەناو کەلوپەلەکەم دایـە.
بەجورێکم لێ هاتبوو کە دەتکوت ئەوە خـۆم نیم قسان دەکەم و کەسێکی دیکەیە بەجێ من وڵامیان دەداتەوە و من تەنێ گوێ ڕایەڵی ئەو قسانەم. وەک خەونێـکی ترسناک دەچـوو, چاوەڕوانی ئەوەم دەکـرد بە دەنگی هاواری کەسێک لەخەو ڕاچڵەکێم. هاوارێـک کە نەدهات و خەونەکە هەتا دەهات ترسناکتر دەبوو.
دوای یەک کاتژمێـر سووڕانەوە, سەیارەکە ڕایـگرت و لە سەیارە هاتینە خوارەوە نەمدەزانی لە چ شوێنێـک دابەزیـوین. یەک لەو مەئمورانەی دەگەڵمان بوو به کەسێکی کە وێـدەچوو پێشووتر لەوێ چاوەڕوانی ئێمە بووبێ گوت حاجی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی هێناومانە.
حاجی کە لە دەنگی را بەتەمەنتر وێدەچوو لە وڵام دا پێ گوت زۆر باشە بیبەن!
چەند شەقاو ئەولاتـر ئەو مەئموورەی پێشووتر گوتی: قاچەکانت بەرز کەوە چونکە سەکۆیەکت لەپێشە!
پاشان کە چوومە سەر سەکۆ منی سووڕاند و بە مەئموورە بە تەمەنەکەی گوت: حاجی تەنافەکەی لە ملی هاڵێنم!؟
مەئموورە بە تەمەنەکە بە دەنگێکی دڵسۆزانە وڵامی داوە: بەڵێ, بەڵام چونکە گەنجە گوناحە! تەنافەکە خـوار لە ملی گرێ بدە کە ئەگەرکوو کەوتە خوارەوە بەزوویی ملی بشکێ تاکوو زۆر ئازار نەبینێ!
دوایی هەستم بە تەنافەکە کرد لە ناو ملمیان کرد پاشان مەئموورە بە تەمەنەکە دەستی کرد بە خوێندنی قورعان و پێ گوتم تۆبە بکەم تاکوو لە دونیای دیکـە لێت خۆش بن!
بە بیستنی ئەو قسانە, خوێنـم کە دەتکوت لە ناو جەستەمدا بەستوویەتی وەکووڵ هات بەسەریان دا گوڕاندم و بە جنێودان پێم گوتن بێشەرەفانە زوو خلاسـم کەن!
چرکە بە چرکە چاوەڕوان بووم ژێـر پێم بەتاڵ بێت و دوای تەواو بوونی ئامۆژگاری مەئمەوورە بەتەمەنەکە لەسەر باشییەکانی تۆبە بەر لەوەی کە لە سێـدارەم بدەن و لەسەر داوای دڵسـۆزانەی کە تەنافەکەیان خوار لە ملـم کردبوو ملم بشکێ و خلاسیم بێت!
پاش چەند چرکە بێـدەنگی لەپڕ دەنگی زەنگی موبایل هات. مەئمووە بەتەمەنەکە دەنگی دەهات کە دەیـگووت زۆر باشە کەوابوو لە ئێستادا دەست ڕاگریـن؟ موڵەتێکی دیکەمان داوەتێ هاوکاری بکات!؟ خودا خێرت بنووسێ حاجی! بەڵێ گەنجە!
بەسەر چاو حاجی, دووعامان بۆ بـکە!
کاتێـک مەئەموورەکەی پێشـوو کە بەیەکەوە لە سەیارە دابووین تەنافەکەی لەملـم کردەوە دەتکوت قاچم نەماوە کەوتمە سەر عەرز و ڕاکێش ڕاکێش بردیانمەوە ناو سەیارە, کاتێک کە گەڕایـنەوە بەندی ۲٤۰, هەوا ڕووناک ببوو.
ئەوەی باسی لێ کـرا, گێڕانەوەی بەسام و ترسناکی سامان یاسین, سترانبێژی کوردە لەو ئێعـدامە دەستکردەی کە لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە مانگی سەرماوەزی ساڵی پێشوو جێبەجێ کراوە.

گێـڕانەوەیەک کە دڵی هەموو مرۆڤێکی ئازادیـخواز دەلەرزێنێ…
دۆخی ڕوحی سامان یاسین باش نییە.  لێـکۆلێنەرەکانی دۆسیەی سامان بە تەمای داڕمان و ڕووخاندنی ورەی ڕوحی سامان یاسینن چونکە تاکوو ئێسـتا و سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر, وڵامی داوا و خواستەکانی ئەوانی نەداوتـەوە.
بەرپرسیارەتی هەر چەشنە ڕووداوێـک کە ببێتە هـۆی مەترسی چێ بوون لەسەر دۆخی سڵامەتی و جەستەیی سامان یاسین لەسەر بەرپرسانی باڵای دادگاکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بینەر و بیسەری ئەو کردەوە دژه یاسا و دژە مرۆڤایەتییەن کە بەسەر هونەرمەندی سترانبێژ سامان یاسین دا هاتـووە و دێت.

نووسینی : قادر سـۆهرابی