Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سێزدەی خەزەڵوەر, ساڵیادی کوشتاری بێ بەزەیانەی خەڵکی بێ تاوانی ئیندرقاش.

دوا بەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی و بەدەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی, لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک بە نا گوتن بەو دەسەڵاتە کۆنەپەرستە, بێزاری خۆیان بۆ ڕێژیم ئاشکرا کرد. هەر ئەوەش بوو بە هـۆکار کە لە لایەن دەسەڵاتی ناوەند, کوردستان و خەڵکی کورد وەک نەیار و دوژمن مامڵەی لەگەڵ بکرێ و خومەینی وەک ڕێبەری ڕێژیم لە مانگی گەلاوێژی ۱۳٥٨ی هەتاوی فەرمانی جیهادی دژ بە کوردستان دەرکرد. بیانووی هێرشی هەمەلایانەی هێزی نیزامی و سپای ڕێژیم بۆ سەر کوردستان, هەبوونی ئـەو هێـز و ڕێکخراوە کوردیانە بوو کە لە ناو دڵی خەڵکی کوردستان هەڵقولیبوون.
لە ئاکامی هێرشی هێزی نیزامی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر زۆر لە شار و گوندەکانی کوردستان ئەژمارێکی یەکجار زۆر گیانیان لێ ئەستێندرا و خەڵکێکی زۆر, تووشی ماڵوێرانی و ئاوارەیی بوون.
یەک لەو گوندانەی کە کەوتە بەر هێـرش و ڕق و کینی ڕێژیمی ئاخوندەکان, ئاوایی ئیندرقاش هەڵکەوتوو لە پێنج کیلۆمیتری نێـوان مەهاباد بۆ میاندوآو بووە

Whatsapp Image 2023 11 04 At 11.31.34

مەلا حەسەنی هاوڕێ لەگەڵ جەللاد و مرۆڤ کوژانێک وەک حاجی عەزیم مەعبوودی حەسەنلوویی بڕیاری کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی ئاوایی ئیندرقاشیان دا تاکوو لە کوژراوەکان تەپکە ساز بـکەن!
ڕۆژی سێشەممە, ڕێـکەوتی ۱۳ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳٥۹ی هەتاوی, پاسدارەکان لەژێـر حوکمی مەلا حەسەنی وەک نوێنەری وەلی فەقێ و بەسەرکردەیی حاجی عەزیم مەعبوود حەسەنلوویی بۆ کۆشتاری خەڵکی بێ گوناح, هاتنە ناو ئاوایی ئیندرقاش. بیانووی بەکرێگیراوان, کۆ کردنەوەی ئەو چەک و تەقەمەنی بوو کە لەدەست بەشێک لە خەڵکی ئاوایی دابووە داوایان لە خەڵک کرد کە چەکەکانیان ڕادەستی ئەوان بکەن!
خەڵکی ئاوایی لە وڵامدا دەیانگووت کە هەرچی چەک و تەقەمەنی بووە ڕادەستی سپای پاسدارانیان کردۆتەوە و تەنانەت قەبزی واژۆ کراویشیان پێ داون! بەڵام بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە بیانووی گەڕین و پشکنین چوونە ناو زۆرێک لە ماڵی خەڵکی ئاوایی و دەیان کەسیان لەگەڵ خۆیان برد بۆ مزگەوتی ئاوایی و لەوێ تیڕەبارانیان کردن, پاشان ئاگـریان لە ماڵی خەڵک بەردا و هەرکەس هاتبا بەرامبەریان بە فیشەک دەیانپێکا. لەو کارەساتە دژە مرۆڤـیە بە دەیان کەسی خەڵکی بێ تاوانی ئیندرقاش لە ژن و پیاو و گەنج و بەتەمەن کوژران و بریندار بوون. بەشێک لە بریندارەکانیش دوای چەند حەوتوو و مانگ و بەربەرەکانی لەگەڵ ژان و برین, گیانیان لەدەست دا.
ئەوەی جێ سرنجە ئەو خاڵەیه کە کوشتاری خەڵکی بێ تاوانی ئیندرقاش کە له ڕێـکەوتی ۱۳ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳٥۹ی هەتاوی ڕووی داوە هاوکاتە لەگەڵ بیست و پێنجی مانگی زیلحەجەی مانگی کە بە باوەڕی مەزهەبی شیعە لەو ڕێکەوتانەیه کە شەڕ و خوێـن ڕشتن تێدا حەرامە!!!
ئەوەش دەرخەری ڕووی درۆ و چەواشەی سیاسەتی ڕێژیمی ئێرانە کە خۆی بە حکومەتێـکی ئیسلامی بە مەزهەبی شیعە پێناسە دەکات.
یاد و ناوی گیانبەختکراوانی ئاوایی ئیندرقاش بەرز و بەڕێز بێت کە قوربانی سیاسەتی دژە مرۆڤی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون.

Indqash

ناوی بەشێک لە گیانبەختکراوانی ئاوایی ئیندرقاش:

ڕەحیـم ئەندەرز

ساڵە ئەندەز

محەمەد بابەکری

سەلاح بەرخانـە

ئیرەج پاکـزاد

مەحموود پیرۆتی

حوسێن حاجـی خزری

مەحموود ڕەسووڵی

حاجـی خۆسە

حوسێن خۆسە

عەلی خۆسە

حیشمەت دەشتی

عوسمان دێـوازی

سەید ڕەحمان …

عەبدوللا ڕەحیمی

ئەحمەد ڕەسووڵپوور

بیلال سۆهراب فـەر

ڕەسووڵ سەیدی

سولەیمان سەیدی

کەریـم سەیدی

عەلی شێـخی

مەحموود شێخـی

زوبێدە عەلایی

عەبدوللا عەلایی

کەریـم عەلایی

سەید عەلی قادرحوسێـنی

حەسەن قەنبەری

خـدر قەنبەری

عەلی قەنبەری

خوسـرەو مام مووسا

محەمەد مـەڕە

ڕەحمان مەولـوودی

نووسین و ئامادەکاری : قادر سـۆهرابی

Ghader Sohrabi
قادر سۆهرابی