Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە مامۆستای نەمر “کەریـم حاجی میرزایی”

  • ناو: کەریـم
  • پاشناو: حاجـی میرزایی
  • ناوی باوک: بـرایم
  • ناوی دایک: تەلعەت
  • ڕێـکەوتی لە دایک بوون: ۱/٢/١٣٢٨ هەتاوی
  • شوێنی لە دایـک بوون: ئاوایی باوەرێز
  • ئاستی خوێندن: پەیمانگەی تەواو کردبوو”سەرەوەی دیـپڵۆم”
  • پیشە: مامۆستای زمانی ئینگلیسی
کەریـم حاجی میرزایی

کەریـم حاجی میرزایی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی لە مەتەرێزی پێشـکەوتنی زانست و ئازادی و دادپەروەری ناو کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە دیـمۆکراسی ڕاستەقینە چالاکی بەر چاوی هەبوو و بۆ ئەو مەبەستە حەولی بێ وچانی دەدا. کەریـم حاجی میرزایی بۆ درێـژە دانی چالاکی و گەیشتن بە ئامانجی مرۆڤی هاتە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە. زیندوویاد کەریـم لە ڕاهێنان و پەروەردە کردنی قوتابیانی بەو پەڕی چالاکی وانەی دادپەروەری و ئازادی فـێر دەکردن. مخابـن لە کاتی وانە گوتن بە قوتابیانی لە قوتابخانە لە لایەن هێزی سەر بو سپای پاسداران دەسبەسەر دەکرێ و پاش پێنج مانگ ئەشکەنجە و ئازارێـکی زۆر لە گرتووخانەی دادگای شۆڕشی شاری سنە هاوڕێ لەگەڵ پۆلێـک گیراوی دیکە کە ئەوانیش بە ئێعدام مەحکووم کرابوون ڕادەگوازرێ بۆ گرتووخانەی قزلحیساری شاری کەرەج.

بڕیارێک بەبێ دادگایی کردن بێ ئەوەی کە تاوانێـک بسەلمێندرێ و هەروەتر بێ ئەوەی کە پارێـزەرێک بەرگریان لێ بکات و لە نەبوونی دەستەی یاریدەران”دادوەران” بە شێـوازێکی ناڕاشکاو پەسەند کرابوو و پێیان ڕاگەیاندبوون. حەوت مانگ لە گرتووخانەی قزلحیسار دەسبەسەر کران بنەماڵەکانیان لە مانگ دا تەنیا یەکجار چاوپێـکەوتنیان لەگەڵ دەکردن. شێـوەی چاوپێکەوتن لەپشت شیشە و بە تەلەفوون بوو تاکوو دەنگیان ببیستن. بنەماڵەکانیان هەر جارێ کە دەچوون بۆ چاوپێکەوتنی گیراوەکانیان، ۱٦ کاتژمێـر بە ئۆتوبووس لە سنـە تاکوو کەرەج ڕێ دەکەوتن تاکوو بۆ بیست خولەک چاویان پێیان بکەوێ و قسەیان لەگەڵ بکەن.

کەریـم حاجی میرزایی

زیندوویاد کەریـم حاجی میرزایی پێنج مناڵی هەبوو دوو کچ و سێ کوڕ کە هەر جار ئەو ڕێـگەیه زۆرەیان بۆ چاو پێکەوتنی باوکیان دەبڕی. کاتێـک لە گرتووخانە بوو یەک لە کوڕەکانی لە دایک ببوو و بە هیـوای ڕزگاری باوکی لە گرتووخانەی کۆماری ئیسلامی، ناویان لێ نا “ئازاد” بەڵام بەداخـەوە هەرگیز ئازاد، باوکی نەدیت و هەستی پێ نەکرد. کۆتا جار کە بنەماڵەی زیندوویاد کەریـم چوون بۆ چاوپێـکەوتنی، ئیزنی چاوپێـکەوتنیان پێ نەدا و پێان ڕاگەیاندن کە ڕایانگواستووە بۆ گرتووخانەی اوین . بیستنی ئەو هەواڵە شۆکێکی خستە ناو دڵیـان چونکە زۆربەی ئەو گیـراونەی دەگوازرانەوە بۆ گرتووخانە اوین، ئێـعدام دەکران. کاتێـک بنەماڵەی گیراوەکان دەچن بۆ گرتووخانەی اوین تاکوو هەواڵێـکیان لێ بزانن بە بنەماڵەی زیندوویاد کەریـم دەڵێـن کە ئێستا ،جێـگەی بۆ دیاری نەکراوە، ئێـوە بگەڕێـنەوە ماڵەکەتان و بە تەلەفوون پێـوەندیمان لەگەڵ بگرن تاکوو پێتان ڕابگەینین لە کام بەند جێـگیر بووە.کاتێـک ئەو هەواڵە بە بنەماڵە ڕادەگەینن کە بە داخەوە گیراوەکانیان لە ڕێـکەوتی ۳ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی ڕاینگواستبوونەوە گرتووخانەی اوین و لەو ڕۆژە دا ئێعدامیان کردبوون. کاتێـک بنەماڵەی زیندوویاد کەریـم ئەو هەواڵەیان بیست  ۱٨ ڕۆژ لە ئێعـدامی تێپەڕیـبوو . زیندوویاد کەریـم هاوڕێ ئەو پۆلە گیراوە بە شێـوەیەکی نائاشکرا ئێعدام کران و دواتـر لە مەزارگەی “بهشت زهرا” لە پاژی ۹۳ ئەسپاردەی خاکیان کردن. ئەو پاژە، تایبەت بە ئێعدام کراوەکان بووە. تەنیا ئەو پۆلە نەبوون کە بە شێوازێکی نائاشکرا ئێعدامیان کردن بەڵکوو بە درێـژەی ٤٤ساڵ دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت دەیەی شەستی هەتاوی ئەژمارێکی یەکجار زۆر بە تاوانی ئازادیخوازی و دادپەروەری بە کۆمـەڵ لە ئێران و بە تایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات ئێعـدام کراون و تەنانەت مەزار و گۆڕەکانیشیان دیار نییە و تا ئێستاش بنەماڵە و کەسووکاریان نازانن له کوێ بە خاک ئەسپێردراون.

لە ئاکام، مامۆستای دڵسـۆزی خەڵک ،باوکی پێنج مناڵ زیندوویاد کەریـم حاجی میرزایی به تاوانی حەقخوازی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سێـدارە درا. برای زیندوویاد کەریـم “تەیەب حاجی میرزایی” پێشـمەرگەی کۆمەڵە لە ساڵی ۱۳٥۹ی هەتاوی گیانی بەخت کرد و شەهید بوو و دوو کوڕە مامی بە ناوەکانی حەمید و کەماڵ له نزیـک شاری سـنە لە تێـکهەڵچوون لە گەڵ پاسدارەکان گیانی ئازیزیان بەخت کرد. کوڕی خوشکی زیندوویاد کەریـم بە ناوی محەیدین ڕەزایی شەهید بووە و پورزاکەشی بە ناوی جەبار حاجی میرزایی لە سـنە ئێعدام کراوە. ئەو پێـنج کەسەی بنەماڵەی زیندوو یاد کەریـم بە تاوانی ئازادیـخوازی له لایەن کۆماری ئیسلامی گیانیان لێ ئەستێندراوە. پێـوستە باس بکرێ هاوژینی زیندوو یاد کەریـم حاجی میرزایی بێ ترس و زۆر بوێـرانە بەرپرسیارەتی پێـنج مناڵەکەی لە ئەسـتۆ گرت لە کاتێـکدا لە دژوارترین دۆخی ماڵی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دا ژیانیان دەکرد و هەنووکەش بەردەوام لە ڕیـزی تێـکۆشان و چالاکی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا چالاکە.

له زۆربەی ئەو وڵاتانە کە دەسەڵات مرۆڤانی ئازادیخـواز دەچەوسێنێتەوە، هەر کاتێـک ناڕەزایەتی جەماوەری ڕوو ئەدات و به تایبەت ماڵباتی قوربانیان و ئێـعدام کراوەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن دەنگـیان نابیسترێ بەڵام بە خۆشـێوە ڕێـکخراوەی یەکگرتوویی نەتەوە یەکگرتۆکان  لەسەر بنەمای یاسایی و ئەو بەڵێن و پەیمانانە مافی مرۆڤی فریاڕەسی ماڵباتی ئێعدام کراوانە و دڵمان خۆشە ئەو ڕێـکخراوەیه به باشی وڵامدەری دادخـوازەکان دەبێت.

نووسەر: یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی زیندوویاد کەریـم حاجی میرزایی

وەرگێـڕان له فارسی بۆ کوردی: قادر سـۆهرابی

کەریـم حاجی میرزایی