پەیمان گەڵوانی خەڵکی شاری مەهاباد لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەری ١٤٠٢ هەتاوی (٢٤/٦/٢٠٢٣) لەلایەن هێزی ئەمنی سەر بە سپای پاسداران لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر دەکرێ و دەیگوازنەوە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ.
ماڵپەڕی هەنگاو لەو بارەوە ڕایگەیاند: کاتژمێر ٩ی بەیانی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ کوردی (٩ی جوڵای ٢٠٢٣)، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی پەیمان گەڵوانی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری ورمێ بەهۆی نزم بوونی ئاستی هۆشیاری و بێهۆشی گیانی لەدەست دەدات.)
بنەماڵەی ئەو نەمرە ڕایانگەیاند کە پەیمان هیچ چەشنە نەخۆشێیەکی نەبووە و لەو کاتەدا کە دەسبەسەر کراوە لەوپەڕی تەندرووستیدا بووە و هیچ چەشنە دەنگۆیەکی نەرێنی کە پەیوەست بێ بە تەندرووستی پەیمان لە ئارا دا نەبووە.
لەو ماوەیەدا کە پەیمان لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی لە ورمێ لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدا بووە بەردەوام دوو پاسداری سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات ژووری خەوتنی پەیمانیان لەژێـر چاوەدێـری گرتبوو و نەیانهێشتووە کەس پەیمان ببینێ. لەپاش حەولێکی زۆری بنەماڵەکەیان تەنیا ئیزنیان بە خوشکی پەیمان داوە کە چاوی پێ بکەوێت و ئەویش ڕادەگەیێنێ کە ئاسەواری ئەشکەنجە بە دەم و چاو و لەشیدا بە ئاشکرا دیار بووە.
هەنووکە بە هۆی سکاڵای بنەماڵەی پەیمان گەڵوانی تەرمی ناوبرا لە سەردخانەی ئەو نەخۆشخانەیە ڕاگیراوە و دیار نییە چارەنووسی ئەو تەرمە چی لێ دێتەوە.
جێی ئاماژەیە کە لە دوای شۆڕشی ژینا و بەتایبەت لەو دوو مانگەی ڕابردوو ڕێژەی کوشتنی بەندکراوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە ژێر ئەشکەنجەی ڕووی لە زیادبوون کردووە و هیچ جومگەیەکی دەستەڵاتیش نییە کە چاوەدێرییەکی ئەو جینایەتانە بکات و خەڵکی کوردستان کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی بەرچاوی کوشتن و قڕ کردن.