هەواڵنێرەکان بڵاویان کردەوە کە شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی پیرانشار (خانێ)، لە زیندانی ئیدارەی ئیتیلاعاتی شاری ورمێ، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی داوە.
ماڵپەڕی “هەنگاو” دەڵێ کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری “ورمێ”ـوە پێوەندی بە بنەماڵەی بەندکراو (موسا ئیسماعیلی) گیراوە تا بچن تەرمی کوڕەکەیان وەرگرەوە. کاتێک کە دەچنە بەر دەرگای ئیدارەی ئیتلاعات، پێیان دەگوترێ کە تەرمەکەتان نادەینەوە و تەنانەت بۆشتان نییە کە ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینیشی بۆ دابنێن. ئەوە لە کاتێک دایە کە لە ڕێکەوتی ١٧/٢/١٤٠٢ ڕا کە موسا ئیسماعیلی گیراوە هیچکات دەرفەتی چاوپێکەونیان بە پارێزەر و بنەماڵەکەیان نەداوە و لە هیچ دادگا و مەحکەمەیەکیشدا محاکەمەوە نەکراوە.
پاسدارانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئێوارەی ڕۆژی ١٧/٢/١٤٠٢ موسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی “پەسوێ” سەر بە شاری پیرانشار بەبێ ڕەچاوکردنی بەندە قانوونییەکان دەگرن و تەنانەت ماشێنەکەشی دەستبەسەردا دەگرن. بنەماڵەکەیان دڵنیان کە کوڕەکەیان لە ژێر ئەشکەنجەیەکی زۆر و دڕەندانەی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی داوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵآو کراونەتەوە لە بەڵگەی ناشتنی موسادا کە ئیمزای دوکتورێکی پێوەیە بە ناوی “دوکتور پەیمان حەسەن پوور” بە ژمارە پزشکی “٨٦٥٣٠” پێشان دەدات کە نەمر موسا یەک ڕۆژ دوای گیرانی و لە ڕێکەوتی ١٧/٢/٢٤٠٢ بە هۆی بەرکەوتنی زەبری توند و زۆر لە مێشک و خوێنڕێژی کردنی و هەروەها وێکەوتنی شتی قورس لە مێشک و جەستەی، گیانی داوە. بەو پێیە دەگەینە ئاکام کە نەمر موسا یا هەمان ڕۆژ کە گیراوە یا ڕۆژی دواتری شەهید کراوە و تەنانەت بەڵگەی ناشتنەکەیان بۆ ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنەکەی مۆر و ئیمزا کردووە بەڵام دوو مانگ دواتر بنەماڵەکەین لە مەرگی کوڕەکەیان ئاگادار کردۆتەوە.