Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ژانە و سمکۆڵان  دەکا – لە پەڕاوێزی تیرەباران کردنی ٥٩ لاوەکەی شارەکەم مەھاباد

نووسینی:کەماڵ بلوری

بنەماڵەی نادری لە گەڕەکی باغی سیسەی شاری مەھاباد دادەنیشتن. کاک کەریمی نادری و سەیزادە مەعسوم و ٦
کوڕەکانیان وەک زۆرینەی بنەماڵەکانی ئەو شارە، لە ڕاپەریندا چارەنووسیان لە بەرەی شۆڕش و مەتەرێزی پێشمەرگەدادیتەوە. کاک سمایلی برا گەورە بو بە پێشمەرگەی دیموکرات و لە یەکەم پێشمەرگەکانی حیزب لە ھێزی شاھۆ بوو. دواتر بوو بە ڕانەندەی کاک ھەژاری فەرماندە ھێزی پێشەوا. ئەوکات کە شار بە دەست پێشمەرگەوە بوو، بەداخەوە لە کاتێکدا کە کاک سمایل لە ماڵی خۆیان سیلاحەکەی خاوێن دەکردەوە فیشەک لە دەستی دەرچوو و کاک کەریمی باوکی خۆی پێکا و کاک کەریم گیانی لە دەست دا.

بەداخەوە ئەو کارەساتە یەکەمین زامی بە لەشی ئەو بنەماڵەی گەیاند، زۆری پێنەچوو کە کاک سمایل لە ناوچەی شاروێرانی مەھاباد لە شەڕیک لەگەل داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی گیانی فیدای کوردستان کرد. بەداخەوە مەرگی کاک سمایل ھیندەی دیکە ئەو بنەماڵەیەی زامدار کرد. لە ڕەشەبگیری  هێزەکانی کوماری ئیسلامی لە لاوانی مەھاباد و گەرەکی ئێمە  کاک ئیشە (ئینشائەڵڵا) و شوکرە (شوکڕوڵڵا)ی مێرمنداڵ و  نەوجەوان،  دەستبەسەر کران. زۆر بەداخەوە ئەو دوو کوڕە تازەلاوانەی سەیزادە خانم، ھاوڕێ لەگەڵ ٥٧ لاوی دیکە ئەو شارە، تیرەباران کران.

 کاک ئیشە کە ڕەنگە ١٨ ساڵی بووبا، بەلام من کە کاک شوکرەم لە نیزیکەوە دەناسی، دەمزانی تەمەنی کەمتر لە ١٥ ساڵ بوو، بە ھوی باڵای بەرزی و قەلافەتی شێرانەی تۆسقاڵێک لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی زیادتری دەنواند، دەنا لە مەدرەسەی پۆلێک لە سەرەوەی ئێمە دەرسی دەخوێند. مخابن کە لە ماوەی کورتدا ٤ ئەندامی ئەو بنەماڵە خۆشەویستە گیانی ئازیزیان لێ ھەستێندرا. لە ھەموویان زامدارتر، ئیعدام کردنی دوو کوڕی کەمتر لە ١٨ ساڵانی ئەو بنەماڵەیە بوو کە بە تاوانی سیاسی ئێعدام کران. دایە سەیزادە و براکانی دیکەی ئەو شەھیدانە ھەرگیز بۆ جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی، سەری بەرزیان شۆر نەکردەووە و ھەمیشە سەربەرز ژیان.

 یاد و ناویان ھەر جاویدان و تا هەتایە لە دڵی ئێمەدا دەمێنن

Minimalistic-Creative-Agency-Business-Banner