ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ٢٠٢٢ هەواڵی دەستبەسەرکردنی تیمێک لە ئەندامانی حیزبی کومەڵەی ئێران لە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ بە ناوەکانی “پەژمان فاتحی” تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کامیاران، “وەفا ئازەربەر” تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی بوکان، “موحسین مەزلوم” تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی مەهاباد و “محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی” تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی دێولان، لە ڕێگەی بیاننامەیەکی ئەو حیزبەوە، ڕاگەیەندرا.
دواتر میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی “وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران” لەو پێوەندەدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی تیمێک لە ئەندامانی حیزبی کۆمەڵەیان بڵاو کردەوە. سەرەتا ئەم میدیایانە هەواڵی دژبەیەکیان سەبارەت بە شوێنی دەستگیرکردنی ئەو ٤ چالاکە سیاسییە بڵاوکردەوە و بە پێی ڕۆتینی ئاسایی ئەو ڕژێمە، دەستگیرکردنی ئەو چالاکە سیاسیانەیان بە تێکدەر و تیرۆریست ناوبرد و لە هەمانکاتدا لایەنە کوردییەکانیان تۆمەتبار کرد بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل. تەنانەت لە ژێر ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەییدا، دانپێدانانی زۆرەملییان پێ کردن و تاوانە نەکردەکانیان پێ هێنانە زمان.
ئێستا پتر لە دە مانگ بەسەر بێسەروشوێنکردنی ئەو چوار کەسەدا تێپەڕ دەبێت و بنەماڵەکانیشیان هیچ هەواڵێکیان لێ نازانن. ئەوە خۆی ئاستی نیگەرانییەکان لەئاست چارەنووسی ئەو چوار کەسە دەگەیێنێتە لوتکە و مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەمان وەبیر دێنێتەوە کە گیانی ئەو چوارکەسە هەموو ڕۆژێک کە تێدەپەڕی، زیاتر لە مەترسی دایە بۆ لەسێدارەدانیان. بە تایبەت کە لە ماوی ئەو دوو مانگەی سەرەتای ساڵی ١٤٠٢ کە ڕێژەی ئێعدامییەکان لە ئێران بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادی کردووە و بێڕەحمانە کەوتوونەتە گیانی زیندانیانی نەتەوەکان لە ئێران.
ئێمە وەک ناوەدنی نەمران داوا دەکەین کە پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو چوار کەسە عادڵانە و بە پێی ستانداردەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ بێ. لەو پێوەندییەدا ناوەندی نەمران بۆ داکۆکی لە گیانی ئەو تێکۆشەرانە لە نامەگۆڕینەوەدایە دەگەڵ کۆمەڵێک لە ناوەندە جیهانییەکان کە بڕیارەکانیان دەتوانێ کاریگەرییان هەبێ لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران. هەروەها داوا لە بیڕ و ڕای گشتی دەکەین بۆ گوشارهێنانە سەر کۆماری ئیسلامی و بۆ ڕزگار کردنی گیانی ئەو ئازیزانە، لە هەر دەرفەتێک و هەلێکی بندەستیان کەڵك وەربگرن و تێکۆشان بکەن.
ناوەندی نەمران
10/05/2023