ئەمڕۆ چوارشەممۆ ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٩ (١٠/٠٦/٢٠٢٠) لەلایان ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە بنەماڵەی بەندکراوی کوردی خەڵکی شنۆ بەڕێز هیدایەت عەبدوڵاپوور ڕایانگەیەندرا کە کوڕەکەیان لە سێدارە داوە.
هیدایەت عيبدوڵاپوور لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٥ لەلایان کەرتی دووهەمی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بە تاوانی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران، لەسێدارە درانی بۆ دەرچووە. بۆ جارێکی تریش ڕۆژی پێنجشەممۆ ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ لەلایان هەمان دادگا حوکمەکەی دووپات کرایەوە. ئەمجار لەلایان “دیوانی باڵای وڵات” لە ڕێکەوتی ١٦/٠٧/١٣٩٧ حوکمەکەی بۆ پشتڕاست کرایەوە و بنەماڵە و پارێزەرەکەشی لێ ئاگادار کرایەوە.
بە داخەوە ئەمڕۆ حوکمەکەی بەڕێوەچوو و گیانی پاکی کاک هیدایەت لەسەر جیاوازی بیرکردنەوە و وەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکان گەلەکەی لێی هەستێندار.
ئێمە بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی نەمران لە لایان خۆمان و بە نوێنەرایەتی هەموو ئەو بنەماڵانەی بە دەستی ئەو ڕژێمە ئازیزیان لەدەستداوە، سەرەخۆشی لە گەلی کورد بەگشتی و لە بنەماڵەی نەمر هیدایەت عەبدوڵاپور بەتایبەتی دەکەین.
ڕحیان شاد و ڕێگەیان پڕڕێبوار