سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی (١٧/٣/٢٠٢٣) زیندانی سیاسیی کورد، محێدین ئیبڕاهیمی خەڵکی شاری شنۆ لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا. ناوبراو کە کۆڵبەرێکی کورد بوو و هاوکات بابی دوو منداڵی کەمئەندامە، لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە بە فیشەکی پاسدران دەپێکرێت و بە برینداری بەدیل دەگیرێ و وێڕای تێپەڕاندنی دژوارترین ئەشکەنجەکان، بە تاوانی هاوکاری کردن دەگەڵ حدکا، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا. لە ساڵی ١٣٩٧ ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای دادی وڵات سڕایەوە بەڵام سەرلەنوێ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پەروەندەکەی تۆکمە کرا و زیاتر بۆیان تێچاند تا حوکمەکەی بدرێتەوە. بەداخەوە لە چاوخشاندنێکی کوتوپڕدا سەرلەنوێ حوکمەکەی بۆ پەسند کرا و هاورێ دەگەڵ ٥ کەسی تر کە بە تاوانی جیاوازەوە گیرابوون، ئەمڕۆ لە سێدارە درا. لە دوێنێوە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەوە بنەماڵەی ناوبراو ئاگادار کراونەتەوە کە محێدینیان ڕاگواستووە بۆ زیندانی تاکەکەسی کە بە قەرەنتینە ناودێرە، بەو مانایەیە کە بە زووترین کات حوکمەکەی بەڕێوە دەچێ، بۆیە بنەماڵەکەی نەمر محێدین لە دوێنێوە لەبەر دەرگای زیندانی ورمێ مانیان گرتبوو. پێویستە بگوترێ کە تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ڕێژەی ئێعدام کردنەکان لە ئێران خێرا کراوە و تا ئێستا لانیکەم ١٣٨ کەس لە سێدارە دراون.