ئەم هۆنراوەیە لەلایان هونەرمەندێک لە ناوخۆی وڵاتەوە بۆ ٥٩ لاوە لەسێدارەدراوەکەی مەهاباد هۆنراوەتەوە و پێشکەش بە ماڵپەڕی نەمرانی کردوە. ئێمە وێڕای سپاس و ڕێز لەو هونەرمەندە، لەبەر هۆکاری ئەمنیەتی ناویان لای ئەم ماڵپەڕە پارێزراو دەبێت.
سی و حەوت ساڵە هەموو جارێک
لەم ڕۆژەدا
ئێوە لە دار دەدرێتەوە!
سی و حەوت ساڵە
تاوانباران بە ئازادی
لە جێی ئێوە
لە چوارچرا دەخولێنەوە.
ئێوە بوون بە بەشێک لە ئێمە
بوونە بەشێک لە ڕابردوو.
کەچی ئێمە
نە ئێستاین و نە داهاتوو.
ئێمە تەنیا ئاواتێکین بۆ تۆڵە،
ئاواتێکی بێ هومێد، ماوە بەسەرچوو.
بمانبوورن
بمانبوورن غونچە نەپشکووتووەکان.
دارە گوڵ نەگرتووەکان.
نەمانتوانی ڕێباز و ئارەزووی ئێوە،
نەمانتوانی
دەنگی بێ تاوانی ئێوە
ببەینە دەرکی ئاسمان.
سی و حەوت ساڵە
تەنیا یادتان دەکەینەوە.
هەر بەو یادەش
دڵنەوایی دڵی خۆمان دەدەینەوە!
سی و حەوت ساڵە هەموو ڕۆژێک
عارەقەی شەرم دەڕێژین
کە ئێستاش خاکێکمان نییە
ئێوەی تێیدا بنێژین.