Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر حامید محەمەدی (حامیدە سوور)

ژیاننامەی برا و هاوڕي ژیانم حامید محەمەدی ناسراو بە (حامیدە سوور) لە ئەندامان و کادری سیاسی کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئيران

حامید لە ساڵی ١٣٤١ هەتاوی (١٩٦٢ زائینی) لە ئاوایی باشبلاغ سەر بە شاری سەقز لە بنەماڵەیەکی فئۆدالی لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لەو ئاواییە تێپەڕ کردووە و دواتر بۆ درێژەپێدانی خۆێندن لە شاری سەقز نیشتەجێ دەبێ. خۆێندنی ناوەندی و دەبیرستانی لەو شارە تێپەڕ کردووە. لە ساڵی ١٣٥٨وە بە بنەماڵەوە چووین بۆ شاری مەشەد. کاک حامید لەو شارە دریژەی بە خۆێندن‌دا و ساڵی کۆتایی قوتابخانەی بە باشترین پلە کۆتایی پێهێنا.

لە کاتی دەسەڵاتی شا لە ئێران بنەماڵەی ئێمە بە هۆی خوێندنی کتيبەکانی سەمەد بێهرەنگی و بەشی زۆری ئەو نووسەرانەی بەرهەمی سیاسی‌یان دەنووسی، تامەزرۆی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان بووین. بە دوای رووخانی دەسەڵاتی شا و کرانەوەی تا ڕادەیەک جەوی سیاسی، کاک حامید پێوەندی لە گەڵ چەند رێکخراوێک گرت و لە گەڵ سازمانی پەیکار دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد. لەو ماوەیەدا کاک حامید لە کۆبونەوەکان چالاکانە ئەرکە سیاسییە‌کانی خۆی ڕادەپەڕاند.

لەو ساڵەدا دەسەڵاتی هاتووە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هێرشێکی دڕندانەی بە نێوی شۆرشی فەرهەنگی کردە سەر زانکۆکان و هاوکات هێرشی چەکداریشیان بە بەرینی کردە سەر کوردستان، لەو کاتەدا کاک حامید گەڕاوە شاری سەقز و هاوڕێ لەگەڵ خەڵکی شارەکە و هەموو خەڵکی کوردستان بەشداری بەرپەرچ‌دانەوەی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردوستانی کرد. لە کاتی بەرەنگاری و کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان کاک حامید دەورێکی چالاکی هەبوو لە رێکخستن و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو کۆچە مێژوویە.

لە دۆای کۆچی مێژووی شاری مەریوان، ئەو گەڕاوە بۆ شاری مەشەد و لەوێشڕا بەرەو تاران رۆیی و ماویەک لەو شارە دريژەی بێ‌پسانەوەی بە چالاکی سیاسی خۆیدا و خۆی زۆر بە باشی پێگەیاند.

سەردەمی نیشتەجێبوونی کاک حامید لە تاران هاوکات بوو لە گەڵ هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شارەکانی کوردوستان، ئەو لەو کاتەدا پێوەندی تەشکیلاتی لە گەڵ کۆمەڵە گرێ دەدا و دەست بەکاری رێکخراوەیی بۆ کۆمەڵە دەکا. لە ساڵی ١٣٦١ هەتاوی (1982 زائینی) تێکەڵ بە هێزی چەکداری کۆمەڵە دەبێ. لەو ماوەیەدا وەک پێشمەرگە بەشداری چالاکی سیاسی و نیزامی دەکا و دوو جاران بەشداری تیکهەڵچونەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دژی کۆماری ئیسلامی لە  شاری مهابددا دەبێ.

کاک حامید لە دوو شەڕدا بریندار دەبێ، لە یەکێک لە شەڕەکاندا بە برینداری گەماڕۆ دەدرێ و ئازایانە خۆی رزگار دەکا.

کاک حامید خۆشەویستێکی بي سنووری بۆ خەڵک هەبوو و خەڵکیش ئەویان خۆش دەویست، هەر ئەوە وایکرد کاک حامید وەک کادريکی سیاسی ناوچەی فەیزوڵابەگی دريژە بە خەباتی پێشمەرگانە بدا و لە گەڵ نەمر محەمەد خەلیلی، پەرویز شافعی و رەحمان نەجات دەورێکی بەرچاو و چالاکیان لە بواری سیاسیدا لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا هەبوو. کاری بێپسانەوەی ئەو نەمرە و باقی هاوڕێیانی کۆمەڵە لە ناوچەکەدا وای کرد کە بەشی زۆری خەڵکی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان پرس و ڕایان بەو ئازیزانە دەکرد.

لە رۆژی ٣١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی (٢٢ی سێپتەمبری ١٩٨٦ زائینی) کاتێک کاک حامید بۆ ئەرکی تەشکیلاتی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە لە ئاوایی وری‌نانی نێوان سەقز و مەریوان کاتی حەسانەوە لە ماڵێکدا لە لایەن خاوەن ماڵ کە جاش و بەکرێگیراوی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران بوو شەهید دەکرێ. رۆژی دۆاتر تەرمی نەمر حامید لە لایەن بەکرێگیراوانی دەسەڵات دەبڕیتەوە شاری سەقز و دوای حەوتوویەک ڕاگرتن لە ساردخانە و هەوڵێکی زۆری بنەماڵەمان، بەداخەوە تەرمەکەیان نەداینەوە. نەمر حامید محەمەدی بە دەستی بەکرێگیراوانی دەسەڵات لە جێیەکی نادیار بەخاک دەسپێردرێ. دایک و باوکم دۆای هەوڵێکی بێ وچان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی جگەر گۆشەکەیان بێ هیوا دەبن و تەنانەت کۆماری ئیسلامی شۆێنی بە خاکسپاردنیشیان پێ ناڵێن. کاک حامیدیش وەک هەزاران نەمری‌تر لە شووێنێکی نادیار بە خاک سپێردراون.

نەمر حامید کوڕێکی تەمەن ٢٠ رۆژەی هەبوو کە بەداخەوە نەیتوانی چاوی پێی بکەوێ. کوڕە چاوگەشەکەی کاک حامید ٣٤ ساڵە بە شوێن ناسینی باوکی نەمریدا دەگەڕێ و چارەنووسی ئەویش وەک هەزاران جگەرگۆشەی کورد ئەوە بوو بە بێ بیرەوری لە باوکی گەورە بێ. سەرەڕای ئەو ژیانە پڕ لە بۆشاییەی نەبوونی باوک، جگەرگۆشەکەی نەمر حامید بە ورەیەکی پۆڵایین ڕێگەی خوێندنی گرتە بەر و ئێستا خەریکی وەرگرتنی دوکتورایە.

کاتێک براکەمان پيشمەرگە بوو، دایکم جارێک بۆ سەردانی دەچێ و وەک هەستێکی دایکانە داوای وازهێنان لە پيشمەرگایەتی و درێژەدان بە ژیانی ئاسایی لێدەکا، بەڵام کاک حامید درێژەدانی ژیانی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەلایەوە گرینگتر دەبێ. لە کاتی گەڕانەوەی دایکم لە سەقزڕا بۆ تاران، لە تاران ئەوە ئوتوبوسەی دایکم تییدا دەبێ دەوری دەگیرێ و دایکم بۆماوەی حەوت مانگان بە بێ ویکە تەنانەت تاوانێکی کردبێ لە بەندیخانە ڕایدەگرن. باوکی نەمرم بۆ سۆراغ گرتنی دایکم بەرەو تاران دەڕۆا و ئەوێش لەوێ بەهۆی خۆلێکدانی ماشێن بریندار دەبێ و ماوەیەک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، تەنانەت بەو حاڵەشەوە نەیتۆانی چاوی بە دایکم بکەوێ. ئەو کاتە من خۆم لە بەندیخانە گیرابووم. جێ باسە لەو ساڵانەدا کۆماری ئیسلامی بە زۆر زەختی لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەکرد کە بچن کەسەکانیان بیننەوە، کاتی گەڕانەوەشیان لە لایەن دەسەڵاتەوە بەند دەکران، کارەساتی بەندکردنی حەوت مانگەی دایکم یەکێک لەو کارەساتانەیە!

لەگەڵ رێزم
سەعید محەمەدی

لە گەڵ رێزێکی زۆرم بۆ کاک وریای خۆشەویست کە ئەرکی کۆکردنەوەی ئەو بیرەورێانەی گرتۆتە ئەستۆ.

تێبینی: نووسەری ئەو بابەتە بەرپرسی ناوەرۆکی نووسراوەکەیە و ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕە هیچ بەرپرسێارەتیمان لە ناوەرۆکی ئەو نووسینەدا نییە (دەستەی بەڕێونەرانی ماڵپەڕی نەمران)