Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لاوی کورد محەممەد مێهدی کەرەمی ئێعدام کرا

Mohammad Mehdi Karam

محەممەد مێهدی کەڕەمی لاوی ٢٢ ساڵەی بە ئەسڵ خەڵکی بیجاڕی پارێزگاری کوردستان و دانیشتووی شاری کەرەج، سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممۆ ١٧ی بەفراانباری ١٤٠١ی هەتاوی (٧ی ژانویەی ٢٠٢٣ی زائینی) لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئێعدام کرا. محەممەد مێهدی کەڕەمی لە بەڕێوەبردنی چلەی حەدیس نەجەفی لە شاری کەرەج بە تاوانی کووشتنی روحوڵلا عەجەمیان دەستبەسەر دەکرێت هەر بەو تاوانەش حوکمی ئێعدامی بەسەردا دەسەپێت.


ماشەڵلا کەرەمی باوکی نەمر محەممەد مێهدی پیشەی دەستفرۆشی بووە و باس لەوە دەکات کە بنەماڵەکەیان دەسکورت بووە و بە هەزار بەدبەختی و چەرمەسەری محەممەد مێهدی پێگەیاندووە و ئاواتی ئەوە بووە کوڕەکەی لە بواری وەرزشەوە پێبگات. بێجگە لە محەممەد مێهدی منداڵێکی دیکەشیان هەیە کە کەمئەندامە.
باوکی نەمر محەممەد مێهدی دەلێت: ” کوڕی من چەندی خەڵاتی قارەمانێتی لە ڕشتەی کاڕەتدا هەیە. من بە دەسکورت و هەژاری ئەو کوڕەم پێگەیاندووە. هەموو ناسیاوەکانمان دەزانن کە من دەستفرۆشێم دەکرد بۆئەوەی کوڕەکەم شانازیی قارەمانێتی وەرگرێت. ئەو ڕۆژەی کوڕەکەم دەستبەسەر کراوە، بە پێلاوی جوان و جل و بەرگی میوانی چۆتە دەرێ، مەگەر دەکرێت کەسێک بە جل و بەرگە بچێتە ڕێپێوانی؟”

ماشەڵلا کەڕەمی باوکی نەمر دەلێ” محەممەد مێهدی لە زیندانەوە تەلەفۆنی بۆ کردین و وتی بابە حوکمەکانیان داوینێ، حوکمی من ئێعدامە. کوڕەکەم دەگریا و داوای لێکرد هیچ بە دایکی نەڵێم تا دایکی خەمبار نەبێ، ئاخر دایکی پێوەندێکی تایبەتی بە محەممەد مێهدی هەبوو.”

ئەو تاوانەی بە محەممەد مێهدی کەڕەمی‌یان لکاند:
لە ڕۆژی چلەی حەدیس نەجەفی کەسێکی بەسیجی لێدان دەخوات و پاشان دەمرێت و دەردەکەوێت کە ئەو کەسە روح اڵلە حسنلە، یان حسین عجمیان بووە. کەسانێکی زۆر سەبارەت بەو پەروەندەیە دەستبەسەر دەکرێن و لەوانە محەممەد مێهدی کەرەمی، سید محەممەد حوسەینی، حەمید قەرەحەسەنلوو، محەممەد ڕەزا ئاریا کە تا ئێستا محەممەد مێهدی کەڕەمی و سەید محەممەد حوسێنی ئێعدام کراوەن. حووکمی ئێعدامی حەمەید قرەحسنلوش لە دیوانی عالی وڵات پەسەند کراوە. وا دیارە بێکەسترین و بێپەنا ترین کەسەکانیان دۆزیوەتەوە تا تەنافی سێدارەیان لە ملی بکەن بۆ ئەوەی کەمترین دژکردەوەی ناوخۆیی و دەرەکی هەبێ.

قوەی قەزایی ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بەو پەروەندەیە ١٦ کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. ١٣ کەسیان لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگارێکی دیاریکراو چاوی پێدا دەخشێندرێت و ٣ کەسی تر بەهۆی تەمەنبوونیان لە شۆێنێکیتر چاو بە پەروەندەکانیان دەخشێندرێتەوە.

نوێنەری دادستان ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە تاوانبارانی ئەو پەروەندەیە ٥ کەسیان حوکمی ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێت و ١١ کەسیان حوکمی زیندانی درێژماوە تا ٢٥ ساڵیان بەسەردا دەسەپێت.

شاعیر و نووسەری کورد کاک حوسێن شەبەق ئەو هۆنراوەیەی بۆ نەمر محەممەد مێهدی کەڕەمی نووسیوە:

بۆ محمد مھدی کەرەمی

بە دایکی بڵین، دایکی دڵ بە سۆ
ئاگر لە جەرگی ھەموومان بەر بۆ
لە بــارتەقای رەنج تێپەری برین
دادمـــان نــادا گریە و خۆ رنین
بڵێن بــە دایکی بـــەو پــەیکەرەی ژان
دەریای سەبـری گەل کەوتـوەتە ھاژان
با لــە ئاست دوژمن، سەری بەرز بێ
 پــەیامی شــۆرش ھێندەی ئەرز بێ
خـەبــات بە کـوشتن کۆتایی نایە
ئێمە لە زیـاد بوون، ئەو لە کۆتایە
بڵێن بە دایکی تــــۆ بە تەنیا نی
ئاگر لە ناخی ھەموومان  دەژی
بڵێن بە دایکی بە ســۆمای چاوی
دەستێنین تۆڵەی رۆڵەی کوژراوی
ھـەواڵان، گەنجان،  باوکان، برایان
کچــانی ئاگـــر، دڵ بـێ ھـــەدایان
خۆتان تەیار کەن بۆ جەنگی گەورە
دڵــنیام پێــکەوە دەگــۆرین دەورە!
حوسێن شەبەق

Mohammad Mehdi Karami