Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

وەڵامی وەزاڕەتی دەرەوەی نۆڕوێژ بۆ ناوەندی نەمران سەبارەت بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرحەق بە خۆپێشاندەرانی شۆڕشی ژینا

لە دەستپێکی شۆڕشی ژینادا ناوەندی نەمران بە نامەیەکی فەرمی داوای لە وەزاڕەتی دەرەوەی وڵاتی نۆڕوێژ و چەندین وڵاتی ئەوڕووپایی تر کرد تا لەئاست دەرکردنی حوکمی ئێعدام و توندوتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێست بگرن و سنوورێک بۆ ئەو تاوانە دژی مرۆڤییان دابنێن. بە خۆشییەوە وەزاڕەتی دەرەوەی نۆڕوێژ بە نامەیەکی فەرمیی وەڵامی ناوەندی نەمرانی داوەتەوە کە دەقی نامەکە بەو چەشنەیە:

(سپاس بۆناردنی ئیمەیل کە ڕۆژی ١٢ی ئۆکتۆبر ناردبووتان

من ئێوە دڵنیا دەکەمەوە کە وەزیری دەرەوە هویتفەلدت، تووندوتیژی بێ سنووری ڕێژیمی ئێران لەو چەند مانگەی ئاخریدا مەحکووم کردووە، ئاخرین جار کاتێک یەکێک لەو کەسانەی لە ڕێپێوانەکاندا بەشداری کردبوو و حووکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا. وڵاتی نۆروێژ پشتیوانی لە ڕێپێوانەکان و داخۆازی ئەوان بۆ ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ دەکات. ئێمە چاوەڕۆانی ئەوەمان هەیە کە ئێران ڕێز لە پەسەندکراوەکانی مافی مرۆڤ بگرێت. دەسەڵاتی ئێران دەبێت گۆێ لە خەڵک بگرێت. مافی ئازادی ڕادەربڕین دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت. وەزعی ئێران زۆر جێی نیگەرانییە. وڵاتی نۆروێژ سەپاندنی حووکمی ئێعدام بۆسەر ئەو کەسانەی دەنگی خۆیان هەڵبڕیوە و لە ڕێپێوانی ئارامدا بەشدارییان کردووە مەحکووم دەکات. ئەو بابەتە بە جیددی لەگەڵ سەفیری ئێران کە ڕۆژی ١٣ی دێسامبر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرابوو باس کرا. وەزارەتی دەرەوە زۆر بە ڕاشکاوی پێ ڕاگەیاندن کە ئەوەیکە لە ئێران ڕوو دەدات پەسەند ناکرێت و دەبێت بە زووترین کات ڕابگیرێت. ئێران بە تایبەتی ئاگادار کراوە کە حووکمی ئێعدام دەبێت بەپەلە ڕابگیرێت.

وڵاتی نۆروێژ ڕەچاوی بڕیاری ئابڵووقەکانی نەتەوەیەکگرتۆکان دەکات. هاوکات ئێمە ڕەچاوی ئابڵووقەکانی ئیتحادیەی ئورووپا دژی ئێران دەکەین. ئێمە لەو کارەمان بەردەوام دەبین. تا ئەو کاتەی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران باشتر دەبێت، ئێمە هاوڕێ لەگەڵ وڵاتانی تر، چالاکانە و بە وردی چاوەدێری ئاڵوگۆڕەکان دەکەین. بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ نۆێنەرانی وڵاتان ڕاوێژ دەکەین، بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەر هەلێک کە بۆمان بڕەخسێت بۆئەوەی ڕاو و بۆچوونی خۆمان بۆ پشتیوانی لەوانەی مافیان پێشێل کراوە سڵ ناکەینەوە.

بە سڵاوی هاوڕێیانە

توور مارتین مۆللەر

بەرپرسی دێسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزاڕەتی دەرەوەی نۆڕوێژ)