Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر کامڕان چالاکی

نەمر “کامڕان چالاکی” کوڕی “ئیبراهیم”  لەدایکبووی ٢٠/٠٦/١٣٤٥ لە شاری مەهابادە. کاتێک کە خوێندکاری پۆلی سێهەمی دواناوەندی بوو، لە ڕێکەوتی ٨/١/١٣٦٢ کاتژمێر ٢ی نیوەشەو لە ماڵی خۆیان و لە شیرنخەودا، دەگیرێت و ڕەوانەی ئەشکەنجەگای سپای پاسدارن لە مەهاباد دەکرێ.

تاوانی لایەنگری حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان  خستیانە پاڵ.

باش دێتەوە یادم کە لە تلەڤیزیۆنی ناوەندی لە تارانەوە لە ڕێکەوتی ١٢ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٦٢ هەواڵی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە لە مەهاباد ٢٠ گروپی جیاواز لە دژبەرانی ئینقیلاب گیران. بەباشی دەردەکەوت کە ڕژێم لەپاش لەسێدارەدران ٥٩ لاوەکەی مەهاباد، خۆی ئامادە دەکرد تا دەست بداتە تاوانێکی دیکە. لەو پلانە تازەیەیان دا بڕیاریان دابوو تا هاوار و گوشارەکانی خەڵکی ناڕازی بە زەبری زۆر و هێز دامرکێنێتەوە یان هێرش بکاتە سەر ئەو بنەماڵانەی کە چالاکی سیاسیین و منداڵەکانیان بە شێوەی جۆراوجۆر دژ بە ڕژێم چالاک بوون. زۆر وا هەبوو کە بەئانقەست ئەندامە کەمتەمەنەکانی ئەو بنەماڵانەیان دەگرت تا بتوانن ئاسانتر لەژێر جەزرەبە و ئازاردا دانپێدانی نەکردە و درۆیان بەسەردا بقەبڵێنن و بە کۆمەڵکوژکردنی ئەو لاوە بێتاوانانە چاوترسێنی خەڵک و چالاکانی سیاسی بکەن.

یەک لەو کەسانەی لە گرتووخانەی مەهاباد ناوبانگی هەبوو بۆ ئەشکەنجەدانی ئەو گیراوانە کەسێک بوو بەناوی (حسین تبریزی). هەڵبەت ئەو ناوە خوازراو بوو و ناوە یەسڵەکەی ڕوون نییە چ بووە. چەند کەسێکی تر بە ناوەکانی (کریمی)، (غلامی) و (عرب) دەگەڵ ئەو حسین تبریزییە جگە لە ئەشکەنجەدانی گیراوەکان، کاریان ئەوە بوو کە گوشاری ڕۆحی و دەروونی زیتر بکەن لەسەر بنەماڵەکان.

لەو ماوەیەدا کە ئەو بەندییانە گیرابوون، ڕووداوێک ڕووی دا کە بەڕوونی دیاربوو داوێک بوو کە لەلایان پاسدارانی ڕژێمەوە بۆ زیاتر دەقۆلێ هاویشتنی کامڕانی برام ئامادەکرابوو. ئەویش بەوجۆرەبوو: باوکم پیشە سازکردن و فرۆشتنی باڵاخانە بوو لە مەهاباد، لە یەک لەو باڵاخانانە کە نیوەتەوا بوو، لەلایان کرێکارەکانەوە نارنجۆکێک لەو بینایەدا دەدۆزرێتەوە کە بە تۆبزی بێسەر و شوێنیان کرد. ڕێک پاشی نیو کاتژمێڕان، پاسدار وەسەر دەگەڕێن کە وسێن تەبریزیشیان دەگەڵ دەبێ. تەواوی ئەو باڵاخانەیە سەر و ژێر دەکەن بەڵام نارنجۆکەکە نادۆزنەوە، تەنانەت زۆریان هەڕەشە و بێڕێزی لە کرێکارەکان کرد بەڵام بێدرئەنجام بوون و کلکیان لەناو گەڵیان هاویشت بۆی دەرچوون.

وەک بۆمان دەرکەوتبوو لە ماوەوی ئەو پنج مانگەی کە کامڕان لە بەندیخانەدا بوو، هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیبۆوە کە نیشانی بدات کە کامڕان چالاکێکی سیاسی بووە یان هەوادارێکی ئەو حیزبانە بووبێت.

لەپاشان لە دادگای ئیقیلابی شاری ورمێ (لە زیندانی دەریا) کامرانی چالاکی دادگایی دەکرێ. یەک لەو کەسانەی کە لەو زیندانە بەرپرسی ئەشکەنجە و ئازاری ئەو بەندییە کوردانە بوو کەسێک بوو بە ناوی خوازراوی (قاسمی). کەسێکیش بە نێوی (حەسەنی حاجی ڕەحمان) کە هاوکارێکی چەکبەدەستی سوپای پاسداران بوو لە دادگا بە دژی کامران بە درۆ دەدوێ  و کامڕان بە تاوانی ئەندامێتی کۆمەڵە حوکمی ئێعدامی بەسەردا دەسەپێنن. ئەو ڕووداوە لەلایان چەند کەسێک لەو بەندییانەی زیندانی ورمێ پشتڕاست کراوەتەوە.

بەداخەوە کاک کامڕان چالاکی لە ڕێکەوتی ٢/٦/١٣٦٢ بە تاوانی لایەنگریی کۆمەڵە تیرەباران دەکرێت و تەرمەکەی بێئەوەی بە بنەماڵەکەی نیشان بدەن، لە گۆڕستانی شاری ورمێ دەشارنەوە.