Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمر (عەلی ئەکبەر مورادی)

عەلی ئەکبەر مورادی کوڕی حوسێنعەلی و مەلیحە، ساڵی ١٣٢٩ لە شاری مەریوان لە دڵی بنەماڵەیەکی ماندوویینەناسدا لەدایک بووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارەدا تەواو کردووە. لە قۆناغی دواناوەندی و سەربازیدا، تێگەییشتنی سیاسی بەرفراوانتر بووە و لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی، لە دژی نادادپەروەری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی کاردانەوەی هەبووە. لە ساڵی ١٣٥٢دا، لە بواری ئەندازیاری کارەبا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی تاران درێژە بە خوێندن دەدات و بە هۆی ئەو متمانەیەی کە لە نێو خوێندکارەکاندا هەیبوو، بوو بە ئەستێرەیەکی گەشاوەی خەباتگێڕیی دژ بە ڕژێم لەم زانکۆیەدا. چەند جاریش لە لایان “ساواک”ەوە دەستبەسەر کرا و بە توندترین شێوە ئەشکەنجە درا ، بەڵام وشیاری، ورەی بەرز و ئیرادەی پۆڵایینی عەلی ئەکبەر، “ساواک”ی بە چەشنێک بێهیوا کرد کە نەیتوانی بەڵگەی لەسەر بخاتە ڕوو و لە ئەنجامدا ئازاد کرا.

نەمر عەلی ئەکبەر مورادی

نەمر عەلی ئەکبەر، ڕۆڵێکی یەکجار گرنگی هەبوو لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان لە دژی ڕژێمی شا لە شاری سنەدا.  دوای سەرکەوتنی گەلانی ئێران و شکستی ڕژێمی شا، نووسینگەی ڕێکخراوی “فیدائییانی خەڵق”ی لەو شارەدا دامەزراند و بە بەرپرسی دووەمی ئەم نووسینگەیە ناسرا. لە درێژەی ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی کە لە ڕێکخراویی فیدائییانی خەڵقدا ڕووی دا، عەلی ئەکبەر ڕەوانەی شاری ئیسفەهان کرا. بەداخەوە لە مانگی ڕەشەمە ساڵی ١٣٦٣دا، لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستگیر کرا و بە نامرۆڤانەترین شێوە ئەشکەنجە درا. بەڵام ئەوجاریش وەک جارەکانی پێشوو، نەیانتوانی تەنانەت بچوکترین زانیاری لێ وەربگرن و بە چۆکی دابێنن. پاش ماوەیەک، مان لە خواردن دەگرێت و لەم نێوەدا بە فیشەکێک کە لە پشتی ملی دەدەن، گیانی لێدەستێنن.

بەپێی دێڕێکی وەسیەتنامەکەی کە لە ڕێکەوتی ١٦/٧/١٣٦٧ نووسیوتەی و لەدوای بەجێ ماوە، وێدەچێت ئێعدام کرانەکەی لەناکاو و بەبێ هیچ حوکم و دادگاییەک بووبێت. هەروەها کاتێک تەرمی ئەو نەمرە لە شاری سنە گەیەنرایە دەستی بنەماڵەکەی، نیشانەکانی ئەشکەنجە لەسەر جەستەی و هەروەها سکی بەتاڵی ئاماژە بوو بە مانگرتنەکەی و ئەشکەنجەدرانی. بە پێی ئەو بەڵگانە، ئەو کاتەی کە ڕژێم نەیتوانیبوو بەسەر ئیرادەی نەمردا زاڵ بێت، بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی دێنن.

نەمر عەلی ئەکبەر لە وەسیەتنامەکەیدا نووسیویەتی؛

وەسیەتنامەی نەمر عەلی ئەکبەر مورادی

(بە نێوى خوا
لە کۆتا خولەکەکانی ژیانمدا هیوادارم دایک و باوکی ئازارچێشتووم و بەتایبەت هاوسەرە میهرەبان و ئازیزەکەم، ڕوفیا خۆشەویستەکەم و برا خاسەکانم کە بوومە هۆکاری عاجزبوون و دڵمەندییان، بمبورن و لێم خۆش بن.
بەندیخانەی ئیسفەهان – کاتژمێر ١:٣٠ نیوەشەو

١٦/٧/٦٧).

هەروەها له ڕۆژنامه ی (فدایی)ی ئۆرگانی کۆمیتەی ناوه ندی ڕێکخراوی فیدائییانی خەڵقی ئێران، له سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٦، هەواڵی ئێعدامی عەلی ئەکبەڕ مورادی بەو شێوەیه بڵاو کراوەتەوە. (لێرەدا پێویستە بگووترێت کە ناوەرۆک و دەقی ئەو نووسراوەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەندی نەمرانەوە نییە و ئەو ناوەندە لە هەموو بوارێکەوە سەربەخۆ و بێلایەنە).

بە یادی هاوڕێ “عەلی ئەکبەر مورادی
هاوڕێ عەلی ئەکبەر مورادی سی و حەوت ساڵ پێش لە کوردستان و شاری مەریـوان و لە بنەماڵەیەکی رەنجکێش چاوی بـۆ دونیا هەڵێنا، پـۆلی دواناوەندی و ناوەندی هەر لە مەریـوان تەواو کرد، لە خولی دواناوەندی و لە نێـوان خزمەتی سەربازی لە گەڵ زۆر ڕووداوی کۆمەڵایەتی و سیاسی وێڕای گەندەڵی و زۆرداری نیزامی پاشایەتی ئاشنا هات، عەلی ئەکبەر لە ساڵـی ۱۳٥۲ی هەتاوی لە زانکـۆی”پلی تکنیک” لە شاری تاران بۆ لقی ئەندازیاری کارەبا درێـژەی بە خوێندن دا،عەلی ئەکبەر لە دەسپێکی زانکـۆ لە گەڵ ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر ئاشنا هات و لە پێـوەندی لە گەڵ خوێندکارەکانی شۆڕشگیری دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی پێوەست بەو تاقمانە بوو.
عەلی ئەکبەر لە ماوەیەکی کەم لە چالاکی بە هـۆی هەبوونی ورەی پتەوی شۆڕشگێری توانی متمانەی هاوڕێ و هاوپۆلەکانی لە زانکۆ بەدەست بێنێ و نەخشی ڕوون و بەرچاوی لە خەبات و چالاکی بـۆ سەرکەوتنی زیاتر لە ڕەوتی ناڕەزایەتی دژ بە ڕێژیم گێڕا،هاوڕێ عەلی ئەکبەر هاوکات لە گەڵ چالاکی خوێندکاری لە زانکۆی تاران، پێـوەندی خۆی لە گەڵ خزم و کەس و کار و هاوڕێکانی لە سنە پتەوتـر کرد و لە ڕێـگەی جۆراجۆر ئەوانی هان دەدا کە کتێبی سیاسی و کۆمەڵایەتی بخوێننەوە و تەنانەت خۆی زۆر کتێب بۆ ئاگادار کردنەوەیان و کتێبی حیماسی وەک بەرهەمەکانی “سەمەد بێهرەنگی” و “حەمید مۆمنی”پێشکەش دەکردن.
عەلی ئەکبەر لە ساڵی ۱۳٥٤ هەتاوی بە هـۆی پەرە دانی چالاکی زانـکۆیی و بۆ وێـنە جوڵانەوەی ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆ پاش تیرەبارانی ناجوامێـرانەی”بیـژەن جزیی”و هاوڕیان وێـڕای پۆلێک لە خوێندکارانی زانکۆ دەس بەسەر دەکـرێ و لە هەمان کات بە دڕەندانەترین شێواز لە لایان میـرغەزەبەکانی ساواک ئەشکەنجە کرا بەڵام بەکرێگیراوانی ساواک نەیانتوانی بەڵگەیەک کە سەلمێنەری چالاکی و پێـوەندی ئەو بوو وەدەستی بێنن.
عەلی ئەکبەر پاش تێپەرکردنی ساڵێک کە لە گرتووخانە دەس بەسەر کرابوو لە حاڵێک کە ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجە لە سەر جەستە و لەشی دیار بوو و ڕق و تۆڵەی زیاتری لە ناو دڵی دا مابوو لە گرتووخانە ڕزگاری هات و چالاکی لە پێـوەندی خوێـندکارانی تێکۆشەری زانکۆ و جوڵانەوەی ناڕەزایەتی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی درێـژە پێ دا. هاوکات لە گەڵ پەرە سەندنی جوڵانەوەی گەل دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی و له مانگەکانی پێش شۆڕشی گەلانی ئێـران،هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە سەر پێشنیاری ڕێکخراوەیی بۆ بەشداری لە چالاکی و جوڵانەوەی گەلی و کـۆ کردنەوەی چالاکی هـێزەکانی لایەنگری ڕێـکخراوە چوو بۆ سنە
ئامادە بوونی هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە سنە،هاوکات لە گەڵ تەشەنە سەندنی چالاکی “مبارزین خلق” بوو کە لە لایان هاوڕێ شەهید “بێهروز سولەیمانی” لە چوارچێـوەی شـێوەی چەکدارانە و لایەنگری لە ڕێـکخراوەی “چریک فدایی خلق” لە سنە پێکهات و چالاکی دەکـرد.
هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە ڕێکخستنی خەباتی خەڵکی سنە دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی لە خۆپێشاندان و ڕێ پێوان تا مان گرتن و تاکوو هەولی چەکدارانە، بەشداری بەرچاوی هەبوو، عەلی ئەکبەر لە قۆناغی ڕابوون لە گەڵ یەک لە هاوڕێکانی لە چەند هەنگاوی چەکدارانەی سەرکەوتوو بەشداری کرد و لە پێوەندی لە گەڵ”مبارزین خلق” بەشداری ئازایەنەی هەبوو.
 دوا بە دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ڕێکەوتی ۲۲ی ڕێبەندانی ۱۳٥۷ی هەتاوی،ژوورێکی بەڕێـوبەری بۆ ڕێـکخراوە لە سنە بە هاوبەشی ” بێهروز سولەیمانی” و “عەلی ئەکبەر مورادی” پێک هات و عەلی ئەکبەر وەک بەرپرسی دووهەمی ڕێکخراوە لە شاری سـنە لە چالاکێکانی رێکخراوە و تێکۆشانی گەل، لە ڕاونانی ئەشکەنجەگەرانی ساواک، لە شۆڕشی چینی کرێکار و جووتیارەکان دژ بە خاوەن مولکە دەسەڵات دارەکان بۆ وەرگرتنی مافی زەوت کراویان به تایبەت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەخشی بەرچاوی هەبوو.
عەلی ئەکبەر لە کـۆی ئەو جوڵانەوە و چالاکی خـۆی لە کوردستان وەک یەک لە شوێن دانەرترین فەرماندەی هێـزی نیزامی پێشمەرگانە، هژمە و گیان لە سەر دەستان لە خۆ بردوویانە خەباتی دەکرد.عەلی ئەکبەر لە تێـکۆشانی خۆی بە وریایی و کارامەیی و سەبری بێ وێنە هەڵس و کەوتی دەکرد. ئەو تایبەت مەندی بەرچاوانەی عەلی ئەکبەر کاریگەری دانابوو لە خۆشەویستی ئەو لە گەڵ هاوڕیان و تەنانەت هەر کەس کە پێوەندی لە گەڵ دەگرت و هەر کەس ئەوی ناسیبا خۆشی دەویست و بە چاوی ڕێـز هەڵس و کەوتی لە گەڵ دەکرد. عەلی ئەکبەر لە قوناغی سوورانەوەی بۆ لای راستی ڕێکخراوە وێـڕای هاوڕێ “ٚبێهروز سولەیمانی” لە ڕێبەری لقی کوردستان ئەو بەشە بوو کە دژایەتی دەکرد لە هەمبەر بە جێ هێشتنی کوردستان.
عەلی ئەکبەر لە ڕێـکەوتی ۱٦ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی بە ورەیەکی تەژی لە هـیوا بۆ داهاتوو لە تێکۆشانی ئایدۆلوژیکی دژ بە ڕوانگەی توانەوە و تێـکەڵایەتی لە حزبی “تودە” بەشداری کرد و هەر لەو قوناغە هەستیارە دا یەک لە پێکهێنەرانی سەرەکی دامەزراوی “تاران” دوا بە دوای لێک هەڵبڕانی ۱٦ی سەرماوەز و یەک لە ئەندامانی لێهاتووی ناوەندی تاران بوو. چالاکی بێ وێنەی هاوڕێ عەلی ئەکبەر لەو هەل و مەرجە و پێکهێنانی ڕێکخراوەی بەهێـز لە کاتێک دا کە حزبی تودە ڕێکڵامی بەربڵاوی دژ بەوان دەکرد دەنگدانەوەی بەهێـزی لێ کەوتەوە.  هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە کاتی گۆڕانکاری و جم و جۆڵەکان دا هەناردەی “ئیسفەهان” کرا و لە ڕێـبەری ناوەندی ئیسفەهان ئەرکی ڕێکخراوەی جێ به جێ دەکرد، عەلی ئەکبەر لە ساڵی ۱۳٦۳ی هەتاوی لە هێرشی سەرانسەری بۆ ڕێکـخراوە وێـڕای هاوژینەکەی دەس بەسەر کرا، هاوڕێ بە زوویی لە ژێـر بێ بەزەیانەترین ئازار و ئەشکەنجەکان بەرەوڕوو بوو. میرغەزەبەکانی ڕێژیم زۆریان حەول دا عەلی ئەکبەر بە چۆک دا بێنن بەڵام نەیانتوانی بەسەر ورەی بەرزی عەلی ئەکبەر دا زاڵ بن و تا سەرە مەرگ چوو بەڵام بەو بەڵێنانەی کە بە گەلەکەی و ڕێـکخراوەی دابوو وەفادار ما، هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە ڕێـکەوتی ۱٥ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی بە دەست خوێن ڕژانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا،لە سەر جەستەی عەلی ئەکبەر ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجە بە ڕوونی دیار بوو، ئاسەواری قامچـی لە سەر دەست و لاق و سوور و شین بوونی ناوچاوانی ئەوەی دەسلماند کە هاوڕێ عەلی ئەکبەر پێش شەهید بوونی ڕووبەڕوی زۆر ئەشکنجە بووە،بۆشایی گەدەی نیشان دەری مانگرتنی لە خواردن بۆ ماوەی حەوتوویەک بوو، لە ڕووی ئەوەی کە تەنیا گوللەیەک لە پشت ملی را وێ کەوتبوو ئەو ڕاستیە ڕوون دەکات کە لە ژێـر ئەشکەنجە گیانی دابێت و پاشان تیری خەلاسیان لێ داوە، هاوڕیەکی دیکەش کە لەو ڕێکەوتە ئێعدام کرابوو و جەستەی بێ گیانی لە مردووشۆرخانەی ئیسفەهان بوو ئاسەواری تەنێ گوللەیەکی بە سەر دڵـی دا دیار بوو .
لە ڕێـکەوتی ۲۱ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی جەستەی هاوڕێ عەلی ئەکبەر بە کاتی شەو بۆ سنە دەگوازنەوە و ڕۆژێک دواتر لە لایان بنەماڵەکەی لە قەبرستانی گشتی شاری سنە “بهشت محمدی” بە خاکی دەسپێرن، ڕێورەسمی ڕۆژی سێهەمینی هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە ماڵە باوکی لە ڕێکەوتی ۲۳ی ڕەزبەر بەڕێوەچوو کە حەشیمەتێکی زۆر کە هاتبوون بۆ ماڵی باوکی هاوڕێ، هەمووی چوون بۆ مەزارگەی شار و سەر گۆڕی عەلی ئەکبەر و لەوێش خەڵکی دیکە بەوان پێـوەست بوون، پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئیعدامی هاوڕێ عەلی ئەکبەر بۆ ماوەی دە ڕۆژ ماڵە باوکی هاوڕێ عەلی ئەکبەر ببوو جێگەی کۆ بونەوەی خەڵکانێکی زۆر لە شارەکانی سنە،دیواندەڕە،تاران، بروجێرد و ئاواێیکانی نزیک سنە و دیواندەڕە کە بۆ هاوخەمی دەربڕین و پرسە هاتبوون، لە دیواندەڕەش به یادی هاوڕێ ڕێوەرەسمێک لە ماڵە خاڵـۆی عەلی ئەکبەر پێک هات و ئەو خەڵکانەی بـۆ ماوەی چەند ڕۆژ هاتووچۆی ماڵی باوکی عەلی ئەکبەریان دەکرد بە هەرەوەز کە یەک لە کردوەی باشەکانی ئەو ناوچەیانەیە بۆ دابین کردنی خواردن و کەل و پەلی ڕۆژانی پرسە و سەرەخۆشی هاوخەمی خۆیان لە گەڵ ئەندامانی بنەماڵەی عەلی ئەکبەر دەردەبڕی، لەو چەند ڕۆژە دا لە پێنج تا شەش هەزار کەس کە بەشداری ڕێورەسمی ماتەمینی عەلی ئەکبەریان کردبوو خزمەت کرا و پێیان ڕاگەیشتنیان بۆ کرا.
لە ڕێورەسمی پرسە و سەرەخۆشی هاوڕێ عەلی ئەکبەر زۆرێک لە بنەماڵەی شەهیدەکان و بە تایبەت دایکان بە بەرز کردنەوەی وێـنەی مناڵەکانیان کە لە لایان ڕێژیمی ڕەش پەرستی کۆماری ئیسلامی ئیعدام کرابوون بەشداری بەرچاویان هەبوو و بە خوێندنەوەی شێعری حیماسی و شین گریان یادی ئازیزانی بەخت کردوویان بەرز ڕادەگـرت و بۆ جارێکی دیکە نیفرەت و بێـزاری خۆیان بۆ ڕێژیم نیشان دەدا ئەگەر چی ڕێژیم بە تەما بوو ڕێگری بکات لە ڕێوڕەسمی پرسە بۆ هاوڕێ عەلی ئەکبەر بەڵام ئاپۆڕای حەشیمەت بە چەشنێک بوو کە ئەو چەند پاسدارەی کە هاتبوون بۆ بەر دەرگای ماڵی باوکی هاوڕێ عەلی ئەکبەر بە سەر شۆڕی گەرابوونەوە.. هاوڕێ عەلی ئەکبەر مورادی کە وەک نەریتی”فداییان خلق” جوامێـرانە دژ بە جەلادانی ڕێـژیم بەرگری کرد و بۆ وەدی هاتنی یەکسانی و بەختەوەری گەلەکەی گیانی خۆی بەختی نەتەوەکەی کرد.
“پێ ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی ملتـا ئەژین”
یادی ڕۆڵەی ئازای گەلی کورد، عەلی ئەکبەر مورادی بەرز بێت. بەکرێگیراوانی خوێن مژی خومەینی یەک لە ئەندامانی بەوەج و ئازای ڕێـکخراوەی ئێـمەی لە گرتووخانەی ئیسفەهان شەهید کرد، دەوترێ لە گرتووخانەی ئیسفەهان مانی لە خواردن گرت. شێوازی تیرەباران و شەهید بوونی هاوڕێ ئەوە دەسلمێنێ کە هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە کاتی مان گرتن شەهید بووە.
بڵاوبوویەک بە بۆنەی چلەمین ڕوژی شەهید بوونی عەلی ئەکبەر لە لایان لایەنگـرانی ڕێـکخراوە لە ناو شار بڵاو کرایەوە.
نوسراوە لە مانگنامەی فیدایی (بڵاوکراوەی کۆمیتەی ناوەندی ڕێـکخراوەی فیداییانی گەلی ئێران)” خولی دووهەمساڵی چوارەمژومارە ۳۲ سەرماوەزی ۶۶_لاپەڕەی ٤”
وەرگێـڕان لە فارسی بۆ کوردی: قادر سۆهرابـی

Ali-Akbar-Moradi-5

(یادی ڕۆڵەی بەغیرتی کورد عەلی ئەکبەر مورادی بەرز بێت
بەکرێـگیراوانی جەنایەتکاری خومەینی یەک لە کادرەکانی بێ وێنە و نایابی ئێمەی بە ناوی عەلی ئەکبەر مورادی لە گرتووخانەی ئیسفەهان شەهید کرد. دەگوترێ لە گرتووخانەی ئیسفەهان مانگـرتنە،چۆنێتی تیرەباران و شەهید کردنی هاوڕێ عەلی ئەکبەر شایەتی لەوە دەدات لە کاتی مانگرتن، شەهید کراوە. بەکرێگیراوان تەنیا یەک فیشەک ئەویش لە پشت سەری هاوڕێ دەدەن. هۆکاری ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە تەنیا ئەوە بووە کە گیـراوانی تر چاوترسێن بکەن. تەرمی هاوڕێ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوه. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوکات هیچ جاڕنامەیەک بڵاو نەکـرابۆوە، خەڵکی شۆڕشگێری سنە بەو پەڕی ڕێـز و بەرپرسیارەتی، ڕێـزیان لە مناڵی خۆیان گرت. ڕاگەیەنراوێک به بۆنەی چلەی گیانبەخت کرانی هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە لایەن لایەنگرانی ڕێـکخراوە لە کـۆی شار بڵاو کرایەوە.
خەڵکی شۆڕشگێر و قارەمانی کوردستان ڕێژیمی خوێنڕێژ و جەنایەتکاری خومەینی لە درێژەی جەنایەتی نامرۆڤانەی دژ بە مناڵانی وریا و گیانبازی گەل جارێکی تر یەک لە مناڵانی ئەو گەلەی قوربانی بیری چەوت و دژە مرۆڤی خۆی کرد تاکوو لە ژێـر سێبەری تاسان و کوشتار و جەنایەت درێـژە به تەمەنی نیگریس و دزێـوی خۆی بدات.
فیشەکی بەکرێـگیراونی خومەینی ئەم جارەیان دڵی ئەوینداری, هاوڕێ گیانباز عەلی ئەکبەر مورادی کردە ئامانجی ڕق و کینەی بێ بەزەیانەی خۆی. دڵێکی تەژی لە خرۆش و ئەوین کە بۆ ڕزگاری و بختەوەری ڕەنجدەران لە سینگی دا لێـدەدا. بە هـۆی ئەو جنایەتە بێ بەزەیانە ڕێـکخراوەی فیداییانی گەلی ئێران کادرێکی لێهاتوو و باشی چینی کرێکاری نیشتیمان ،پێشەنگێکی ژیر و خزمەتکاری گەلی کوردستانی و کوڕێکی چاونەترس و بەغیرەتی لە دەست دا . باوەڕ بە بەرابەری و یەکسانی مرۆڤەکان و هەر وەتر ڕق و کین لە ئاست زوڵمی زۆردارەکان و دوژمنانی گەل،کەسایەتێکی بێ وێنەی لە هاوڕێ عەلی ئەکبەر درووست کردبوو. هاوڕێ عەلی ئەکبەر هێمای ویژدانی شۆڕشگێری و کۆمۆنیستی بوو. خەبات و چالاکی هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە زەمانی شا و پێش شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو کاتی که سێبەری نیگریسی تاسان لەسەر هاو نیشتیمانیان قورسایی دەکرد دەستی پێ کرد. ڕێژیمی شاهەنشاهی،هاوڕێ عەلی ئەکبەری بە هۆی پارێزگاری لە مافی کرێکاران و ڕەنجدەران ڕاپێچی گرتووخانە کرد و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕوحی زۆری لەسەر عەلی ئەکبەر بەتاقی کردەوە تا هێـزی پۆڵایینی لێ بستێنێ بەڵام هاوڕێ عەلی ئەکبەر بە خۆڕاگری تەواو بە بەکرێگراوانی ساواک و شای سەلماند کە دڵی فیداییانی گەل بۆخۆشەیستی بۆ ڕزگاری ڕەنجدەران لێدەدا و سەر بۆ بەکرێگراوان دانانوێنێ. دوای ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی هاوڕێ عەلی ئەکبەر لەگەڵ هاوڕیانی دژ بە ڕێژیمی ناڕاستی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی گرت و لە بەرامبەر خومەینی کە وەک ئیسلامەکەی پەیام هێنەری ژان و ئازار بوو ڕاوەستا.
هاوڕێ عەلی ئەکبەر لە گەڵ گیانبەختکردوو، بێهروز سولەیمانی یەک لەو کەسانە بوون کە ڕێـکخەری ئەو چالاکی و بزووتنەوانە بوون کە بۆ پێکهێنانی خۆبەڕێـوەبری لە کوردستان و ماندوونەناسانە،خەباتیان دژ بە ڕێژیمی خومەینی دەکرد.
لەو ڕووە کە بەو پەڕی ڕاستی و باوەڕ بە خۆ بوونەوە باوەڕی بە ڕزگاری چینی ڕەنجدەر لە ژێـر دەسەڵاتی زاڵم هەبوو و هەر وەتر وەک مرۆڤێکی خۆ نەویست لە خزمەت گەلەکەی دابوو کەوتبوو بەر ڕقی بەکرێگیراوانی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران. ڕێژیمی جەللادی کۆماری ئیسلامی هەموو توانای خۆی وەگەڕ خستبوو بۆ کە هێـزی دژبەری سەرکوت بکات تاکوو خۆی لە دەسەڵات دا بمێنێتەوە و هەروەتر دژبەرانی بەو پەڕی ڕق و کینەوە سەرکوت دەکرد. ماوەیەک بوو بە دوای هاوڕێ عەلی ئەکبەر بوو تاکوو لە ڕێـکەوتی ۱۳ی خەزڵوەری ساڵی ۱۳٦۳ی هەتاوی بەو ئاواتە نیگریسەی خۆی گەیشت.
بە هـۆی ڕقی زۆری ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئاست ڕێکخراوەی فیداییانی گەل و کۆمۆنیست و شۆڕشگێرانی دیکە لە کاتی دەسبەسەر کردنی هاوڕێ عەلی ئەکبەر بە شێـوازێکی نامرۆڤانە ئازار و ئەشکەنجەیان دا. هاوڕێ عەلی ئەکبەر تا ئەو کاتەی کە لە ژێـر دەستی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی خومەینی دابوو، هێـمای شەڕەف و بەرخۆدان بوو و وێـنەی ڕاستەقینەی فیداێکی گەلی لە خۆی نیشان دەدا. ناوبراو بڕیاری دابوو بەو پەڕی غیرەتەوە ئاشتەوایی لە گەڵ دەسەڵاتی چەپەڵ و دژە مرۆڤی زاڵ بەسەر ئێـران دا ناکات و ئەو بڕیارەشی بە ئەنجام گەیاند.
بەکرێگیراوانی ئەشکەنجەگەر کاتێک تێگەیشتن زۆر لەوە چووکترن کە هاوڕێ عەلی ئەکبەر بە چۆک دابێنن و دەرقەتی ورەی پۆڵایینی نایەن لە ڕێکەوتی ۱٥ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی لە گرتووخانە ئیسفەهان بڕیاریان دا کە ئێعدامی بکەن. هاوڕێ عەلی ئەکبەر مەرگی بەشەڕفی بەسەر ژیانی داماوی و کڵۆڵی هەڵبژارد و به مەرگی خۆی وەک کەسێکی فیدایی موژدەی ڕوخانی ڕێژیمی ئیسلامی ڕاگەیاند. خەڵکی بەشەڕەف .گەنجانی وریا و نەترسی کورد:
چۆنێتی هەڵس و کەوتی ڕێژیمی دژە گەلی خومەینی لە بارودۆخی ئێستا دا کە تاسان و گوشار بۆ سەر خەڵک و کوشتار و لە ناو بردنی شۆڕشگێرانی کۆمۆنیستی لە ڕێزی پلانە نیـگرەسەکانی خۆی خستووە، دەرخەری داماوی ئەو ڕێژیمەیە لە ئاست جووڵانەوەی کرێکاری و شۆڕشی گەلە.
ڕێژیمی خومەینی بە خەیاڵی خاوی خۆی بەتەمایه بە توندوتیژی زۆر و بێ بەزەیانە پێش بە لەناو چونی خۆی بگرێ. خەیالێکی خاو! ئەو کات کە شای نیاوەران نەیتوانی پێش لە ناوچونی خۆی بگرێ چۆنە کە خەلیفەی جەماران دەتوانی پێش لە ناوچونی خۆی بگــرێ؟! ئەوە حوکمی مێژوویە: ئەوەی کە ڕوو دەدا و ڕوو دەدات سەرکەوتنی گەلانی مافخوراو و یەک دەنگە ئەو گەلەیە کە شۆڕش دەکات بۆ وەدی هاتنی بەرابەری و یەکسانی،کەوابوو ڕێژێمی خومەینی وەک زۆربەی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆڕ و سەرەڕۆ بۆی نییە کە تا سەر لە دەسەڵات بمێنێتەوە و دەبێ لەناو بچێ.
ڕێـکخراوەی فیداییانی گەلی ئێران بە درێـژەی ئەو ساڵانەی کە شۆڕش دەکات و بەو پەڕی لەخۆبردوویی و خۆنەویستانە ئەژمارێکی زۆری شەهید پێشکەش بە جووڵانەوەی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕی ئێران کردووە. خەڵکی کوردستان لە گەڵ ئەو ناوە بەرزانە ئاشنا هاتوون کە لە ڕێزی فیداییانی گەل گیانی پیرۆزی خۆیان فیدای بیر و باوڕیان کردووە وەک : بێهروز سولەیمانی،ئیسماعیل حوسێنی، برایانی ناهیـد،غولامحوسێن خاکباز،نادر ئەیازی،عەلی ئەکبەر مورادی و…
ڕێکخراوەی فیداییانی گەل ئەمڕۆش سەر لە نوێ و بەو پەڕی هێـزەوە وەکوو پێشوو، هاوڕێ لەگەڵ گەلی بەڕێزی ئێران دەمێنێتەوە و لە سەر بڕیاری خۆی کە ڕووخانی ڕێژیمی زاڵمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە سوورە و بۆی پێکهێنانی کۆمارێکی دێموکراتیک خەبات دەکات. یارمەتی و هاوکاری گەیاندن بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزەی ڕێکخراوەی فیداییانی گەل ئەرکی هەر تاکێکی وڵات پارێزی ئێرانیە. بە هیـوای ڕووخانی حکومەتی جەنایتکاری خومەینی بۆ جارێکی تر یادی هاوڕێ تێـکۆشەر عەلی ئەکبەر مورادی و هەموو ئەو گیانبختکراوانەی جووڵانەوەی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێری ئێران بەرز رادەگرین و بەڵین بەو شەهیدانە دەدەین کە وەک ئەستێـرەیەکی گەشاوە لە ئاسمانی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی ئێران دەدرەوشێنەوە کە درێژە دەری  ڕێگەی ئەوان دەبین.
مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی جەنایتکاری خومەینی
لایەنگرانی ڕێکخراوەی فیداییانی گەلی ئێران_ سـنە
نوسراوە لە مانگنامەی فیدایی (بڵاوکراوەی کۆمیتەی ناوەندی ڕێـکخراوەی فیداییانی گەلی ئێران)” خولی دووهەمساڵی چوارەمژومارە ۳۲ سەرماوەزی ۶۶_لاپەڕەی ٥”
وەرگێـڕان لە فارسی بۆ کوردی: قادر سۆهرابـی

Ali-Akbar-Moradi-4
نەمر عەلی ئەکبەر مورادی

 لێرەدا نالێکییەک لە ڕێکەوتی وەسیەتنامەی نەمردا، لەگەڵ ئەو ڕێکەوتەی کە لە گۆڤاری فەداییدا تۆمار کراوە، هەیە کە شایەنی بیرکردنەوەیە.  

زۆرجار دیتراوە کە بەندکراوەکان لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا وەسیەتنامەیان نووسیوە و ئەو وەسیەتنامانە لە لایان پاسدارەکانەوە دەستکاریی و سانسۆر کراون. ئەگینا بە گەشبینترین بۆچوونەوە دەکرێ بڵێین کە ئەگەری ئەوەی هەیە ڕێکەوت و وشەکان لەو وەسیەتنامەیەی لە لایەن عەلی ئەکبەرەوە  و بە دەستنووسی خۆی نووسراوە، لە کۆتا خولەکەکانی ژیانیدا و لەو کات و ساتە سەخت و دژوارانەدا، بە هەڵە نووسرابێت.

هەرچەند ئەو هەڵەیە هیچ لە حەقیقەتی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە ناگۆڕێت و لە سیستەمێکی جەنایەتکار و خوێنڕێژی لەو چەشنە، چاوەڕوانییەکی زیاتر ناکرێت.

ناو و یادی نەمر عەلی ئەکبەر مورادی هەردەم هەرمان

وەرگێڕ: سارا شەرارە شەمامی