Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئومێد حەسەنی لە ژێر ئەشکەجەدا گیانی لە دەست دا

ئومێد حەسەنی، کوڕی حەیدەر خەڵکی گوندی پایگلانی ناوچەی سنە و تەمەن ٢٢ ساڵ، تەنیا چەند کاتژمێر پاش دەستبەسەرکرانی، لەژێر ئەشکەنجەی قورسی هێزەکانی ئەمنیەتی گیانی لەدەست دا.

ناوبراو پاش دەسبەسەر کردنی لە شاری سنە ڕادەگوێزرێتە زیندانی هێزە ئینتزامییەکان لە مەیدانی ١٢ی “فروردین”. پاش چەند کاتژمێران، لەشی ئەشکەنجەکراو و بێگیانی دەنێردرێتە نەخۆشخانەی “توحید”ی شاری سنە. کاتی گەیاندنی ئومید حەسەنی بۆ نەخۆشخانە هیچ ئاسەوارێکی ژیانی پێوە دیار نابێت و باسی ئەوە دەکرێت کە شۆێنەواری ئەشکەنجەی قورس بەسەر بەشی سەرەوەی ئەندامی ئومید حەسەنێوە دیاربووە.

هێزە ئیتنزامییەکان هەڕەشەیان لە کارگێڕانی نەخۆشخانە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە وێنە لە تەرمی ناوبراو بگرن. کاتێک گێانبەختکردنی پشتڕاست دەکرێتەوە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر تەرمەکە لە نەخۆشخانە دەڕفێندرێت و تەنیا ئیزن بە دوو کەسی بنەماڵەی حەسەنی دەدەن تا تەرمەکەی بە خاک بسپێرن.

ناوەندی نەمران تاوانی کوشتنی ئومید حەسەنی بە دڕێژەپێدانی تاوانەکانی پتر لە چل و سێ ساڵ تاوانی ئێعدام، دەسبەسەرکردن، بزرکردن و قڕکردنی نەتەوەی کورد دەزانێ کە ئەمڕۆ ئەو تاوانانە دەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکانی ئێران و کوردستانی ئەنجام دەدات و بەردەوامە. هەروەها ئەو تاوانانە بە کۆتا پەلەقاژەکانی دەسەڵاتی لەرزۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران دێنە ئەژماردن.

داوا لە خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە هەموو تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵگەمەند بکەن بۆئەوەی بکەرانی ئەو تاوانە قێزەونانە لە دادگای عادڵانەی خەڵکدا باجی ئەو تاوانانە وەربگرن. ناوەندی نەمران لە ناخی دڵەوە هاوخەمی ماڵباتی نەمر ئومید حەسەنێ.