نەمر عەبدوڵا ئوستادی کوڕی میرزا شکور لە ساڵی ١٣١١ لە ئاوایی “قۆزلوێی سەرێ” لە ناوچەی هەوشار و لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی و وەرزێڕ لە دایک دەبێ. لەبەر نەبوونی خوێندنگە لە ئاوایی نەیتوانێ بخوێنێ. ئەوکاتی کە تەمەنی ئەو نەمرە دەگاتە مێرمنداڵی و فام دەکاتەوە کە زوڵم و بێدادی حکومەت دەبینێت ئیتر بۆی قەبوڵ ناکرێ و بە هاتنە سەرکاری کۆماری کوردستان تێکەڵ بە تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی کوردستان دەبێ و چەکی پێشمەرگایەتی لە شان دەکات و تا کۆتایی تەمەنی ئەو کۆماە وەک پێشمەرگە ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند.
لەپاش تێکچوونی کۆمار بۆ ماوەی ساڵێک خۆی حەشاردەدات و کە وڵات کەمێک ئەهوەن دەبێتەوە دەگەڕێتەوە نێو بنەماڵەکەی. لەو بەینەش دا هیچکات پێوەندی خۆی بە ئەندامان و چالاکانی کۆمار نەپساند و بەردەوام دەگەڵیان لە پێوەندی دابووە.
زۆرجار باسی بیرەوەرییەکانی خۆی و سەردەمە زێڕینەکەی کۆماری کوردستانی بۆبنەماڵەکەی دەگێڕایەوە. کاک عەبدوڵا دوای ڕوخانی ڕێژیمی شایەتی وەک کوردێکی نیشتمانپەروەر مایەوە و بوو بە هێزی بەرگری. دوای هێرشی دەوڵەت و گرتنەوەی ناوچەی هەوشار لە ساڵی ١٣٦٢ کاک عەبدوڵا چەند جار بۆماوەی کورت گیرا. ئاخر جار سالی ١٣٦٢ له مانگی رەمەزان دا بەسەفەر چووبۆ بۆکان. له هاتنەوە دا له ساینقەڵا جاشێکی خەڵکی قۆزلوێ پێی دەڵیت کە اطلاعات بەدوای دایە ودەبێ بچێ بو اطلاعات.
دوای خۆناساندن بە اطلاعات دەگیرێ و له ژورێکی تەک سلولی دەکەن و دەست به ئەشکنجه دانی دەکەن. بەهۆی ئەشکەنجەی قورس ریخۆڵەکانی دەپسێ. دوای حەوتویەک بەبێ هیچ چارەکردنێک ئازاد دەکرێ. اطلاعات هەڕەشەی لێدەکا کە ئەوشتانە لەلای بنەماڵەی نەدرکێنێ. بۆ چارەسەری کردنی خۆی دەچێتە لای دوکتور لە ورمێ. دوکتوربە دیتنی بارودۆخی بەبنەماڵەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە چارەی ناکرێ و بیبەنەوە ماڵێ. لەماڵێ بۆ بنەماڵەکەی ئاشکرا دەکا کە لەژێر ئەشکەنجە وای بەسەرهاتووە. کاک عەبدوڵا ڕۆژێک دواترئەو دنیایە جێدەهێڵێ و خەم و پەژارەی بەسەرهاتی بۆبنەماڵەی جێدەمێنێ.