Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سامان یاسین ئێعدام مەکەن

سامان “صیدی” ناسراوا بە سامان یاسین، کوڕی تەیمورە و لە ساڵی ١٣٧٢ لە کرماشان لەدایکبووە. هونەرمەندی سترانبێژ، ئاهەنگسازە و گرافیستە کە نیشتەجێ تارانە و باوەڕمەندێکی ئایینی یارسانە. زۆربەی بەرهەمەکانی سامان  ناڕەزایەتی بە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەخۆی گرتووە.  پشتیوانی لە ناڕەزایەتی گشتی ساڵی۱٤۰۱ یەک لە هەڵوێستە ڕوونەکانێتی کە هاوتەریبن دەگەڵ بیر و باوەڕی هونەری و تاکەکەسییان.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ۱۰ی ڕەزبەری ۱٤۰۱ی هەتاوی لە ناو ماڵی خۆی لە لایەن هێزی پۆلیس و سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر دەکرێ و دوابەدوای چەند ڕۆژ گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی ئێوین. پاش ئەوەی کە چەند ڕۆژ لە دەس بەسەرکرانی سامان تێدەپەڕی، کەسوکاری ناوبراو هیچ هەواڵێکیان لە دۆخی یاسین لە ناو زینداندا نەبوو و سەرەڕای پێداگری بنەماڵەی سامان بۆ چاوپێـکەوتنی، پێانڕاگەیاندن کە ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێ نادەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سامان کاتێک لەو چەند ڕۆژەی دەسبەسەر کرابوو، مافی ئەوەی پێنەدرابوو کە پارێزەری بۆ خۆی دابین بکات و وەک زۆربەی دەسبەسەرکراوەکان لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕووحی یەکجار زۆر دابوو.

قازی ئەبوولقاسم سەڵەواتی لە لقی ۱٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران، محاکەمەی سامانی لە ئەستـۆدا بوو و بە پێی ڕاکەیەندراوی ماڵپەڕی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لەو دادگایە چەند گیراوی دیکەشی لێ بوو لە ژێر ناوەکانی: “سۆهەیل خۆشدڵ، مەنووچێهر میهمان نەواز، محەمەد قوبادلوو، موحسین ڕەزازادە قەراقلوو، سەعیـد شیرازی، محەمەد برووغنی، ئەبوولفەزل مێهری و حوسێن حاجیلوو.

ئەو دادگایە کە پتر وەک شانۆ دەچوو بە تۆمەت گەلی وەک پشتیوانی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، گوتنەوەی سروودی شۆڕشگێری، هەروەتر کۆکردنەوە و پێکهێنان دژ بە ئارامی و هێمنایەتی وڵات، “شەڕکردن لەگەڵ خودا!” حوکمی ئیعدامی بۆ پەسەند کرا.

جێ وەبیر هێنانەوەیە دادگای سامان بە شێـوەی نەهێنی بەرێـوە چوو و جگە لە هەواڵنێری تایبەتی سەر بە ڕژێم، ئیـزن بە هیچ هەواڵنێـرێک تەنانەت کەسوکاری ئەو گیراوە نەدرا تا لە شوێنی دادگایی بەشدار بێت.

گیانی ئەو هونەرمەندە کوردە لە مەترسی دایە و هەر سات و ئانێک ئەگەری ئەوە هەیە لە سێدارە بدرێت. پێویستە هەموو چالاکڤانان و تێکۆشەرانی ماڤی مرۆڤ و ئازادیخوازان دەنگی سامان یاسین بن و نەهێڵن بەبێتاوان گیانی لێ بستێنن.