وەک ئاگادارن لە ڕێـکەوتی ٦ی ڕەزبەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە درۆن و مووشەک بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردە ئامانج و بێبەزەییانە شوێنی سڤیل و قوتابخانەی مناڵانی بۆمباران کرد. بە داخەوە لەو کارەساتە دڵتەزێنەدا پۆلێک لە پێشمەرگە و ژن و مناڵ بوون بە قوربانی ئەو هێرشە و بە دەیان کەس بریندار بوون و خەسارێکی زۆری لە ژێرخانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوت و دڵەڕاوکەیەکی زۆری بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چێ کرد. ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی ڕێژیمی ئێران دژایەتی تەواوی لەگەڵ یاساکانی نێونەتەوەیی هەیە و بەزاندنی سنووری وڵاتی دراوسێ ئەویش بە بیانووی بێبنەما هیچ چەشنە پاساوێک هەڵناگرێ. ڕێژیمی ئێران کە لەگەڵ خرۆشانی جەماوەری ناوخۆ بەرەوڕوویە بۆ بە لاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی، ئەو کردەوە نامرۆڤانەی ئەنجام داوە بەڵام خەڵکی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، ئاگاداری هەڵسوکەوتی تەژی لە درۆ و فێڵ و خاپانی ئەو ڕێژیمەن و هەروەک ئاگادارین هەنووکەش جەماوەری ناڕازی لە سەر شەقامەکانی کوردستان و ئێران درووشمی ژن ژیان ئازادی دەدەنەوە .
ئێـمە لە ناوەندی نەمران ئیدانەی هێرشی درۆنی و مووشەکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەکەین و پشتیوانی خۆمان لەو بانگەوازەی کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکوردەکان و باقی حیزبەکانی دەرەوەی ئەو ناوەندە، دەردەبڕین و داوا لە خەڵکی وریا و ئەمەکناسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە بۆ ئیدانە کردنی ئەو هێرشە دڕەندانەیه ڕۆژی شەممۆ ڕێکەوتی ۹ی ڕەزبەر بۆ جارێکی دیکە ناڕەزایەتی خۆتان لەمەڕ ئەو کارەساتە دڵتەزێنە بە مانگرتنی گشتی دەرببڕن و بە مانەوە لە ماڵەکانتان ڕق و نەفرەتی خۆتان سەبارەت بەو ڕووداوە بە کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان بدەن.
هەر بژین
ناوەندی نەمران
٢٩/٠٩/٢٠٢٢