سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممۆ ٢٨/٠٩/٢٠٢٢ لە لایەن هێزی نیزامی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە درۆن و مووشەک بنەکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هێرش کرا سەریان و تەنانەت خەڵکی سڤیل و قوتابخانەیەکی مناڵان پێککران. زۆر بەداخەوە شەهید و بریندار هەیە و ڕێژەی شەهیدەکان تا دێت زیاد دەبێ.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە ناوخۆ لەگەڵ ناڕازایەتی و خرۆشی جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرەوڕوویە بۆ بە لاڕێدابردنی خرۆشانی سەر شەقامەکانی کوردستان و ئێران، ئەو کردەوە تێرۆریستیە ئەنجام داوە کە تەواو لەگەڵ یاساکانی نێونەتەوەیی و ئێتیکی ئینسانی، دژایەتی دەکات. بەداخەوە ئەو کردەوانەی پێناسە و خوو و خدەی بەرچاوی ئەو ڕژێمەیە و ئەو کردەوەیە تێڕۆڕیستییانە نە هەوەڵ جار و نە دوایین جارێتی.
ئێمە لە ناوەندی نەمران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان، خۆمان بە هاوبەشی خەم و ئازارەکانیان دەزانین و بە توندترین شێوە سەرکۆنە و مەحکوم کردنی ئەو پەلامارە هۆڤانەیە دەکەین. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەکانمان هەیە.
ناوەندی نەمران
٢٩/٠٩/٢٠٢٢
وێنە: فاڕوق قوبادی