Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شەرمەزار کردنی کوشتنی ژینا ئەمینی و پشتیوانی کردنی ناوەندی نەمران لە مانگرتنی ٢٨ خەرمانان

هەر وەک ئاگادارن ماشێنی تێڕۆڕ و کوشتاری کۆماری ئیسلامی ئێران بە خێراترین شێوەی خۆی لە گەڕە و لە هەموو بوارەکاندا  بە تایبەت لە ئاست مافی ژناندا بێبەزەییانە دەستی دەداتە تاوان و ڕۆژ نییە گوشارەکان لەسەر دایکان و خوشکان و کچەکانمان زیاتر نەکات و مەودای هەناسەدانیان لێ بەرتەسک نەکات. ئەمجارەشیان کێژێکی ٢٢ ساڵانەی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی خەڵکی سەقز ، بوو بە قوربانی دەستی ڕەشپەرستانی کۆماری ئیسلامی. ئێمە لە ناوەندی نەمران وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵەی تاسەباری نەمر ژینا و سەرجەم گەلی کورد، ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. هاوکات پشتیوانی لە مانگرتنێکی سەرتاسەری دەکەین کە گەل بڕیاری داوە تا لە ڕۆژی دووشەممۆ ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان (٢٨ شهریور) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە بچێت. داواکارین گشت کوردستانان بە گڕ و تینێکی کوردانەوە بەشداری ئەو مانگرتنە مەدەنییانە بن تا تاریکپەرستان بزانن کە گەل بە تێڕۆڕیست و مرۆڤکووژ و تاوانبار دەیانناسێ و هیچ جێگە و پێگەیەکیان لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێراندا نییە. هەروەها ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە کە گشت گەلانی پێکهاتەی ئێران پشتیوانی ئەو مانگرتنە بکەن. ژینا نەمرە